وه‌زیره‌كه‌ی سه‌در گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارانیان بۆ په‌رله‌مان حه‌رام ده‌كات

2 ساڵ لەمەوپێش



ساڵح محه‌ممه‌د عێراقی، وه‌زیری سه‌در له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارانی سه‌در به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌یه‌، هه‌روه‌ها له‌باره‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌ڵێت، به‌ كشانه‌وه‌ی لایه‌نه‌ كورد و سوننه‌كان په‌رله‌مانی عێراق هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌.

ساڵح محه‌مه‌د عێراقی ناسراو به‌ وه‌زیره‌كه‌ی سه‌در له‌ په‌یامه‌ نوێیه‌كه‌یدا رایگه‌یاندووه‌، هه‌ندێك له‌ لایه‌نگرانی سه‌در به‌ رێگای یاسایی هه‌وڵی گێڕانه‌وه‌ی ره‌وتی سه‌در بۆ په‌رله‌مان ده‌ده‌ن و یه‌كه‌م ئه‌نجامی كشانه‌وه‌ی ره‌وتی سه‌در له‌ په‌رله‌مان دانانی به‌ربه‌ست بوو له‌ رێگه‌ی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كه‌ له‌ هیچ پرسێكدا له‌گه‌ڵیان رێككنه‌ده‌كه‌وتن.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، گه‌ڕانه‌وه‌ی ره‌وتی سه‌در بۆ په‌رله‌مانی عێراق ئه‌گه‌رێكی لاواز بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێككه‌وتن دیاریی ده‌كات، به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان لای ئه‌وان حه‌رامه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی ره‌وتی سه‌در ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی قه‌یرانی سیاسی و وتیشی، "ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان هه‌ڵنه‌وه‌شێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێك رێككناكه‌وین."

باسی له‌وه‌شكرد، ئه‌گه‌ر بشگه‌ڕێنه‌وه‌ ده‌بێت هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان جێگای ره‌زامه‌ندی هاوپه‌یمانه‌كانیان بێت له‌ كورد و سونه‌، به‌ڵام پێیان وانییه‌ رازی ده‌بن و وتیشی، "پێویست ناكات بگه‌ڕێینه‌وه‌ ته‌نها به‌ كشانه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كان په‌رله‌مان خۆی هه‌ڵده‌وه‌شیه‌ته‌وه‌."

ساڵح محه‌مه‌د ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، فشاری زۆر ده‌كه‌ینه‌ سه‌ر هاوپه‌یمانه‌كانمان به‌ڵام قوربانیدان بۆ چاره‌سه‌ركردنی نه‌هامه‌تییه‌كانی خه‌ڵكی عێراق گرنگه‌، ره‌وتی سه‌در دووڕوویی و پێكهێنانه‌وه‌ی حكومه‌تێكی گه‌نده‌ڵی دیكه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌.

ئاشكراشی كرد، گه‌ڕانه‌وه‌ی ره‌وتی سه‌در بۆ په‌رله‌مان مه‌حاڵه‌ و ئه‌ركی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی له‌ ئه‌ستۆی هاوپه‌یمانه‌كانیان و په‌رله‌مانتاره‌ سه‌ربه‌خۆكانه‌.

ده‌شڵێت، "هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان به‌ دادگا سیاسیكراوه‌كان و ترسنۆكه‌كان نییه‌ و به‌ده‌ست ره‌وتی سه‌دریش نییه‌." 

ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌دێت نزیكه‌ی ١١ مانگه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق كراوه‌ به‌ڵام لایه‌نه‌كان نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق و سه‌درییه‌كان دوای كشانه‌وه‌ی فراكسیۆنی ره‌وتی سه‌در له‌ په‌رله‌مان داوایان له‌ دادگای فیدراڵی عێراق كرد په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌، به‌ڵام دادگا ره‌تی كرده‌وه‌ كارێكی له‌و جۆره‌ له‌ ده‌ستی ئه‌واندا بێت.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار