كۆچی پزیشكان هەڕەشە لەكەرتی تەندروستی ئێران دەكات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
كەرتی تەندروستی ئێران بەهۆی كۆچی پزیشك و پەرستارانەوە رووبەڕووی كێشە بووەتەوەو بەوتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە ساڵانە چوار بۆ پێنج هەزار پزیشك و كارمەندی تەندروستیی وڵاتەكە جێدەهێڵن و لەئێستاشدا نزیكەی 20 هەزار پزیشك وازیان لەپسپۆڕیی و كارەكانیان هێناوە.
وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاندووە وڵاتەكەیان پێویستی بە 18 هەزار پزیشك و 100 هەزار پەرستار هەیە و جگە
لەپزیشكەكانیش رۆژانە نزیكەی 100 پەرەستار وڵاتەكە جێدەهێڵن بەرەو وڵاتانی جیهان كۆچ دەكەن.
بەپێی ئامارەكان هەر 10 بۆ 20 هەزار كەسی دانیشتوی ئێران تەنها یەك پزیشكی گشتییان بۆ دابینكراوە، ئەوەش پێنج هێندە لەپێوەرە پزیشكییەكانی جیهان كەمترە واتە كەمترین پزیشك بۆ دانیشتوانی ئێران هەیە كە بەمەترسییەكی گەورەی سەر تەندروستیی كۆمەڵگەی ئەو وڵاتە ئەژمار دەكرێت چونكە بەشێكی بەرچاو لەپزیشكان بەهۆی دۆخی ئابورییانەوە بەرەو وڵاتانی دیكە كۆچ دەكەن و ژمارەیەكی زۆریشیان لەشارە گەورەكانی ناوخۆی وڵاتەكە جێگیر دەبن.
تەندروستی ئێران ئاشكرایكردوە 42%ی پزیشكانی پسپۆر لەو وڵاتە لەپێنج شاری (تاران، تەبرێز، شیراز، ئەسفەهان، مەشهەد) جێگیر بوون ئەوەش بەواتای لاوازبوونی سیستمی تەندروستییە لەناوچەكانی دیكە سەرەڕای ئەوەش ئەو ژمارە لەپسپۆڕە بەراورد بەدانیشتوانی ئەو پێنج شارە هەر كەمە.
بۆچی پزیشك و كارمەندانی تەندورستی ئێران جێدەهێڵن؟
محەمەد عەلی موحسینی، ئەندامی دەستەی پزیشكی و دەرمان لەپەرلەمانی ئێران رایگەیاندووە: كۆچی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستیی وڵاتەكە بووەتە مەترسییەكی گەورەو وڵاتانی رۆژئاواو بەتایبەت ئەوروپا بەبانگەشەی ژیانی باشترو موچەی زیاتر هانی پزیشكانی وڵاتانی دیكەی جیهان دەدەن لەوڵاتەكانیانەوە بەرەو رۆژئاوا كۆچ بكەن.
موحسینی ئاماژەی بەوەكردووە: ئەگەر كۆچی پزیشكان و كارمەندانی تەندورستیی ئێران بۆ وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكاو تەنانەت قەتەرو ئیمارات و عەممان بەردەوام بێت ئەوە كارەسات لەكەرتی تەندورستیی وڵاتەكە روودەدات، بۆیە دەبێت حكومەت هانی پزیشكان و پەرستاران بدات كە لەوڵاتەكەی خۆیاندا خزمەت بكەن و رێی كۆچ نەگرنەبەر.
روونیشیكردەوە: هەر پزیشكێكی پسپۆر لەئێران نزیكەی یەك لەسەر سێی تەمەنی خۆی بۆ بەدەستهێنانی زانستی پزیشكی لەئاستی باڵادا تەرخان دەكات، بۆیە ناكرێت حكومەت بێباك بێت لەوەی ئەو پزیشكانە وڵاتەكەیان جێدەهێڵن ئەوەش ئاماژەیە كەپێویستە گوێ بۆ داواكارییەكانی ئەو چینە لەكۆمەڵگە بگیرێت و داواكارییەكانیان جێبەجێ بكرێت بۆ ئەوەی پێگەی ئێران لەئاستی ناوخۆو نێودەڵەتیدا لەبواری پزیشكی دابەزین بەخۆیەوە نەبینێت.
محەمەد رەئیسی زادە، سەرۆكی گشتی رێكخراوی پزیشكی ئێران بەمیدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاندووە؛ ئەگەر بێتو سیاسەتی پزیشكیی ئێستای ئێران بەو شێوەی ئێستا بەردەوام بێت ئەوا وڵاتەكە ناچاردەبێت پزیشك و كارمەندی تەندروستی لەوڵاتانی بەنگلادش و پاكستان و هندستان-ەوە بێنێت.
رەئیسی زادە ئاشكرایكردووە: كە لەساڵی 2020 زیاتر لەچوار هەزار پزیشك لەئێران داوای بەڵگەنامەی ئەستۆپاكییان كردووە كەئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو پزیشكانە دەیانەوێت وڵاتەكەیان جیبهێنڵن، چونكە بەڵگەنامەی ئەستۆپاكی بۆ ئەو پزیشكانەیە كە دەیانەوێت لەوڵاتانی دەرەوە كاربكەن.
لەماوەی یەك ساڵی رابردودا تەنها لەشاری ئەهواز لەباشوری ئێران 300 بەڵگەنامەی ئەستۆپاكیی یان (Good standing) دراوەتە پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی كەئەوەش بەئامارێكی مەترسیدار بۆ سەر كەرتی تەندروستی شارەكە و ئێرانیش وەسف دەكرێت، چونكە ئەو ئامارە تەنها بۆ یەك شارە لەوڵاتێكی 84 ملیۆن كەسیدا.
رەئیسی زادە هۆشداریی داوە ئەگەر ئێران ناچار بێت پزیشكی پسپۆر لەهەندێك بواردا لەوڵاتانی بیانییەوە بهێنێت ئەوا دەبێت موچەكانیان بەپێوەرە جیهانییەكان 10 هێندەی پزیشكانی پسپۆڕی ناوخۆی ئێران بێت، ئەوەش بەو واتایەیە كە بەشێكی بەرچاو لەبودجەی تەندروستیی بۆ هێنانی پزیشك دەڕوات لەكاتێكدا وڵاتەكە گیرۆدەی قەیرانی ئابووریشە.
لەبەیاننامەیەكی رێكخراوی پزیشكی ئێراندا ئاماژە بەوە كراوە لەساڵانی پێش 1979 واتە پێش رووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی زیاتر لەچوار هەزارو 500 پزیشكی پسپۆڕی وڵاتانی رۆژئاواو جیهان لەئێران جیگیربوون، بەڵام لەئێستادا كۆچی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستیی ئێران بۆ رۆژئاوا وایكردووە مەترسیی پاشەكشێی لەكەرتی تەندورستیی وڵاتەكە رووبدات كەزیاتر لە 30 ساڵە كاری بۆدەكرێت.
لەڕاپۆرتی ناوەندی چاودێریی كۆچ لەئێران دەركەوتووە 73%ی پزیشكان و پەرستارانی ئەو وڵاتە خواستی كۆچیان هەیە و هاوشانی ئەوانیش زیاتر لە 60%ی مامۆستایانی زانكۆ دەیانەوێت كۆچ بكەن بەرەو وڵاتانی رۆژئاوا.
لەزانیارییەكانی ناوەندی كۆچدا دەركەوتووە 59%ی خوێندكارانی زانكۆ، 69%ی مامۆستایانی زانكۆ تەنها بەهۆی دۆخی ئابورییەوە دەیانەوێت ئێران جێبهێڵن و بەرەو وڵاتانی دیكە كۆچ بكەن.
بەرزی موچەی مامۆستای زانكۆ هاندەرە بۆ كۆچ
بەپێی راپۆرتی دەستەی پزیشكی و تەندروستی ئێران ئەو دكتۆرایانەی لەزانكۆكاندا لەبواری پزیشكی وانە دەڵێنەوە تەنها
37 ملیۆن تمەنی ئێرانیان هەیە كەدەكاتە هەزارو 100 دۆلار لەكاتێكدا هەر ئەو پسپۆڕییە لەبواری زانستیی لەزانكۆكانی جیهان نزیكەی 10 هەزار دۆلار وەردەگرێت كەئەوەش وای لەپسپۆران و مامۆستایانی زانستی پزیشكیی ئێران كردووە كە هەوڵی جێهێشتنی وڵاتەكەیان بدەن بەهیوای موچەو مافی زیاتر.
كۆچی پزیشكانی ئێران
ئامارەكانی ناوخۆی ئێران دەریانخستووە زۆرترین پزیشكی گشتی و هەناوی وڵاتەكە مەیلی كۆچیان هەیەو زۆرترین پزیشكیش روو لەوڵاتانی (كەنەدا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئوسترالیا، نیوزلەندا، دانیمارك، سویدو نەرویج) دەكەن سەرەڕای ئەوانەش وڵاتانی كەنداو هاندرێكی باشن بۆ كۆچی پزیشكانی ئێران.
رۆژنامەی (هەمشەهری) ئێران بڵاویكردووەتەوە لانیكەم رۆژانە دوو بۆ 10 پزیشكی وڵاتەكە ئەو بەڵگەنامانە دەردەهێنن كە پێویستیانە بەئامانجی كۆچكردن بۆیە بەپێی ئەو ئامارانەی كە بڵاوكراوەتەوە تەنها لەساڵی رابردوودا چوار هەزارو 500 پزیشكی ئێران كۆچیانكردووەو وڵاتەكەیان بەئامانجی دەستبەكاربون لەوڵاتیكی دیكەو باشتربوونی دۆخی ژیانیان جێهێشتووە.
تووێژەرانی كۆمەڵایەتیی لەئێران بڕوایان وایە بەهۆی ئەوەی ئاستی زانستی پزیشكی لەوڵاتەكەدا لەئاستێكی باڵادایە و لەجیهانیشدا خاوەنی پێگەیەكی باشە چاوەڕواندەكرێت ئاستی بژێویی و مافەكانی ئەو پزیشك و پسپۆرانە لەئاستی لانیكەمی جیهاندا بێت، بەڵام بەو شێویە نییەو تەنانەت مافەكانی پزیشكێك لەئێران لەپزیشكێكی هاوتا لەبەنگلادیش زۆر كەمترە لەكاتێكدا ئاستی پێگەو متمانەی كۆمەڵایەتیی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی لەكۆمەڵگەی ئێران دوای مامۆستایان دووەم چینن كەزۆرترین رێزیان لەئاستی جەماوەردا هەیە، بەڵام لە لایەن حكومەت و میدیاكانی دەسەڵاتەوە بەبەردەوامی تۆمەتبار دەكرێن بەوەرگرتنی پارەی زۆرو نابەرپرسیاریەتی لەئاستی پیشەكەیان.