سامانی شاژنە ئێلیزابێزی دووەم چەند بوو؟

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوای کۆچی دوایی شاژنە ئێلیزابێز، یەکێک لەو بابەتانەی سەرنجی خرایەسەر سامانەکەی بوو. شاژنە ئێلیزابێز بە بەهای نزیکەی سێ ملیار دۆلار خشڵ و زێڕی هەبوو، هەروەها موڵکەکانی بە 370 ملیۆن پاوەند مەزەندە دەکرێت.

موڵکەکانی شاژنی کۆچکردوو بە 370 ملیۆن پاوەند مەزەندە دەکرێت، کە دەکاتە زیاتر لە 420 ملیۆن دۆلار، ئەوەش بەس نەبوو بۆ ئەوەی جێگەی خۆی لە "لیستی دەوڵەمەندان"ـی گۆڤاری سەندەی تایمز بکاتەوە، کە تایبەتە بە دەوڵەمەندترین 250 کەسی بەریتانیا.

سامانەکەی شاژنە ئێلیزابێزی دووەم، کە رۆژی پێنجشەممە لە تەمەنی 96 ساڵیدا کۆچی دواییکرد، بەراورد بە سامانی پاشاکانی دیکە کەمتر بوو؛ سامانی بنەماڵەی شاهانەی تایلەند بە 50 بۆ 70 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، لە کاتێکدا سامانی شا سەلمانی پاشای سعودیەش 18 ملیار دۆلارە.

کەواتە؛ شاژنە ئەلیزابێسی دووەم چۆن پارەکەی پەیدا کردووە و چۆن خەرجی کردووە؟

 

خەرجییە فەرمییەکان

بەشێک لە باجەکان دەچنە خزمەتی خێزانی شاهانەوە، جگە لە داهاتی موڵکە تایبەتە زەبەلاحەکان، کە هێشتا وردەکارییەکانیان بە تەواوەتی نازانرێت.

خەرجییەکانی شاژنە ئێلیزابێزی دووەم و ئەو کەسانەشی نوێنەرایەتیی دەکەن لەڕێی مینحەیەکی ساڵانەوە دابیندەکرێت کە حکومەت دابینی دەکات و پێی دەگوترێت بەخششی سەروەری.

لە ساڵی 2020 بۆ 2021، بڕی ئەو بەخششە سەروەرییەی بۆ شاژنە ئێلیزابێزی دووەم خەرجکرا گەیشتە نزیکەی 86 ملیۆن پاوەند، لەنێویشیدا 34 ملیۆن و 400 هەزار دۆلار بۆ نۆژەنکردنەوەی بەردەوامی کۆشکی بەکینگهام لە شاری لەندەن.

بەخششی سەروەری هاوتای 15٪ـی کۆی قازانجەکانی کۆمپانیای خانووبەرەی شاهانەیە کە زەوی، موڵک و سەروەتەکانی دیکەی وەک کێڵگە دەگرێتەوە و لەلایەن خێزانی شاهانەوە خاوەندارێتیی دەکرێن، بەڵام بەشێوەیەکی سەربەخۆ بەڕێوەدەبرێن. بەپێی رێککەوتنێک کە لە ساڵی 1970 مۆرکراوە، پوختەی داهاتی خانووبەرەی خێزانی شاهانە رادەستی گەنجینە دەکرێت.

 

داهاتی تایبەت 

داهاتی تایبەتی خێزانی شاهانە پێی دەگوترێت 'جزدانی نهێنی'، کە بەشی زۆری لە خانووبەرەی لانکاستارەوە سەرچاوە دەگرێت و لە سەردەمی ناوەڕاستەوە لەلایەن خێزانی شاهانەوە خاوەندارێتیی دەکرێت؛ موڵکەکانی خانووبەرەکە بریتین لە زەوی، وەبەرهێنانی دارایی و چەند موڵکێکی دیکە کە بەهاکەیان زیاتر لە 500 ملیۆن پاوەندە.

موڵکەکان لە 315 موڵکی نیشتەجێبوون و موڵکی بازرگانی لە نێوەڕاستی لەندەن و هەزاران هێکتار زەویی کشتوکاڵی پێکدێن.

لە ساڵی 2020 بۆ 2021، داهاتی پوختەی موڵکەکانی شاژنە ئێلیزابێزی دووەم زیاتر لە 20 ملیۆن پاوەند بووە. لەو ساڵەدا شاژن بەشێکی ئەو داهاتەی بەخشییە کەسە نزیکەکانی و باجی ئەو بڕەی پێ دابینکرد، کە لە ئەرکە فەرمییەکاندا خەرجنەکرابوو.

دێڤد ماکلێر، نووسەری کتێبی 'بەهای راستەقینەی شاژن' کە باس لە خەرجیی دارایی شاژنە ئێلیزابێزی دووەم دەکات، دەڵێت: "شاژن ئەو پارەیە بەکاردەهێنێت بۆ پێدانی شایستەکانی بەڕێوەبردنی کۆشکەکانی بالمۆراڵ و ساندرینگهام کە زۆر گرانبەهان." 

هەردوو کۆشکی بالمۆراڵ و ساندرینگهام راستەوخۆ لەلایەن خودی شاژنە ئێلیزابێزی دووەمەوە خاوەندارێتیی دەکران. 

ماکلێر دەشڵێت، "شاژن ئەو پارەیە وەک پاڵپشتیی داراییش بۆ ئەو ئەندامانەی خێزانی شاهانە بەکاردەهێنێت کە پارەیان لە بەخششی سەروەری بۆ دابین ناکرێت." ئەو کەسانەی پارەکەیان پێدەدرێت پێکدێن لە؛ شازادە ئاننێ، شازادە ئێدوارد و سۆفیێی هاوژینی و شازادە ئاندرێو، کە کوڕی دووەمی شاژنە ئێلیزابێسە.

 

موڵکی تایبەت

لەکاتێکدا زۆربەی کۆشکەکانی شاهانە لەلایەن دامەزراوەی خانووبەرەی شاهانەوە خاوەندارێتیی دەکرێن، بەڵام خودی شاژنە ئێلیزابێزی دووەم خاوەن دوو موڵکی تایبەتە؛ کۆشکی بالمۆراڵ و سکۆتلاند، کە بەهاکەیان بە 100 ملیۆن پاوەند دەخەمڵێنرێت، بەهای کۆشکی ساندرینگهامیش بە نزیکەی 50 ملیۆن پاوەند دەخەمڵێنرێت. 

هاوکات، شاژنە ئێلیزابێزی دووەم خاوەندارێتیی تایبەتی بەشێک لە موڵکەکانی 'سەرمایەی شاهانە'ـش دەکات، لەوانە موڵکەکانی پاشا جۆرجی چوارەم، کە بەهاکەیان دەگاتە 100 ملیۆن پاوەند. 

بەپێی ماڵپەڕی مای رەیسینگ، کە تایبەتە بە ئەسپسواری، داهاتی شاژنە ئێلیزابێزی دووەم لە پێشبڕکێکانی ئەسپسواریدا زیاتر لە 7 ملیۆن پاوەند بووە.

جگە لەوانە، شاژن بە بەهای زیاتر لە 3 ملیار پاوەند خاوەنی خشڵ و زێڕە، کە دوای مردنی، خاوەندارێتییەکەیان راستەوخۆ بۆ شوێنگرەوەکەی دەگوازرێتەوە.

سەرچاوە/ ڕووداو

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار