زاواکەی ترەمپ: عەبادی ئامادە بوو پارەی نەوتی عێراق بدات بە ئەمەریکا
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ڕاوێژکاری پێشوی دۆناڵد ترەمپ لە نوێترین پەرتووکیدا باس لە سەردانێکی دەکات بۆ عێراق کاتێک لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشوی عێراق کۆبوونەتەوەو دەڵێت ، کە عەبادی ئامادە بوو بڕێک پارە بدات بە ئەمەریکا بۆ ئەوەی بییان پارێزن.
جارید کوشنەر، راوێژکاری باڵای پێشووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کە هاوکات هاوژینی ئیڤانکا ترەمپ و زاوای دۆناڵد ترەمپە، لە نوێترین پەرتووکیدا بەناوی ''شکاندنی مێژوو، بیروەرییەکی کۆشکی سپی'' کە لە کۆتاییەکانی ئابی 2022 بڵاوکراوەتەوە، نووسیویەتی ''دەمانتوانی لەبەرامبەر پشتیوانیی سەربازیی بۆ عێراق، %20ی داهاتی نەوتی عێراق وەربگرین''، بەڵام وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئەمریکا بەوە ڕازی نەبوون .
زاواکەی ترەمپ لە پەرتوکەکەیدا باس لە سەردانەکەی دەکات بۆ عێراق دەڵێت، "بەدڵنیاییەوە هیچ پلانێکم نەبوو لە چەند مانگی سەرەتای ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا سەردانی عێراق بکەم، بەڵام چەند هەفتەیەک پێشتر لە ئێوارەخوانێکدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و ژمارەیەک سەرکردە سەربازییەکانی، ژەنەڕاڵ دەنفۆڕد رایکێشامە لایەک و داوای لێکردم بەشداری بکەم لە گەشتەکەیدا بۆ عێراق و پێی گوتم، ئەم گەشتە وێنەیەکی راستەقینەم لە نزیکەوە لەبارەی تواناو پێکهاتەی هێزەکانمان پێدەدات و دەتوانم ئەم زانیارییانە بۆ سەرۆک بهێنمەوە".
هەروەها باس لەوەش دەکات لە کاتی سەردان کردنیان بۆ موسڵ بۆ بەسەرکردنەوەی هێزەکانیان سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق داوای لێکردووە دوو بە دوو کۆببنەوە " سەرۆکوەزیران قسەئاشکراکەی ترەمپی بە جددی وەرگرتبوو کە دەیویست وڵاتان پارەیەکی زیاتر بدەن بۆ خەرجییە سەربازییەکانیان.''
جارید کوشنەر، راوێژکاری پێشووی دۆناڵد ترەمپ، باس لەوەش دەکات کە عەبادی وتوێتی "ئامادەم بڕێک پارە لەبەرامبەر پارێزگاریکردنمان لە لایەن ئەمریکاوە بدەم"، بەڵام سەرەتا بەهیوای هەرزانترین نرخ بووە.
باسی لەوەش کردوە "ئێمە دەمانتووانی %20ی داهاتی نەوتی عێراق لەبەرامبەر پشتیوانیی سەربازی بەدەستبهێنین، بەڵام دواتر رێکس تیلەرسن، وەزیری دەرەوە و جیم ماتیس، وەزیری بەرگری پێیان وابوو ترەمپ بەم پێشنیازکردنی ئەم پڕۆپۆزەڵە تووڕە دەبێت و باسەکەیان بۆ کاتێکی نادیار دواخست".