٤٢ ساڵە تورکیا کار بە دەستووری کودەتای ١٢ی ئەیلول دەکات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

٤٢ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کودەتا سەربازییەکەی ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ لە تورکیا، کە هەوڵێکی سەربازیی بوو دژی سەرجەم جوڵانەوە ئازادیخواز و چەپەکان، لەو ڕۆژەدا تورکیا کرایە سەربازگەیەکی گەورە.

لەو کودەتایەتدا نزیکەی ٦٥٠ هەزار کەس دەستگیرکران، کە نزیکەی ٣٠٠ هەزار کەسیان کورد بوون، ناوی ملیۆنێک و ٦٨٣ کەسیان وەک مەترسیدار تۆمارکرد، سزای سێدارەیان بەسەر حەوت هەزار کەسدا سەپاند، ٥٠ کەس لەسێدارەدران، مافی هاوڵاتیبوون لە ١٤ هەزار کەس سەندرایەوە.

٣٠ هەزار کەس بەهۆی ئەو ڕووداوانەوە تورکیایان جێهێشت و لە وڵاتانی دیکە بوونه‌ پەنابەر، ٨٥٦ کەس بە هۆی شەڕ و ئەشکەنجەوە گیانیان لەدەستدا، ٩٣٧ فیلم قەدەغەکران، دەرگای ٢٣ هەزار و ٦٧٧ کۆمەڵە و ڕێکخراو و پارتی سیاسیی داخران، نزیکەی ٣٠٠ ڕۆژنامە قەدەغەکران و هەورێکی ڕەش و تاریک باڵی بەسەر تورکیادا کێشا.

پارتە چەپەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەکران، چەپبوون وەک مەترسییەکی گەورە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا لەقەڵەمدرا و تا ئێستاش ئەو دۆخە بەردەوامە.

دۆخی کورد لە کودەتای ١٢ی ئەیلولدا

لەنێوان ٢٤ بۆ ٢٧ی ئەیلولی ساڵی ١٩٧٨دا دەوڵەتی تورک بەھاوکاری ھێزە فاشیستەکانی ئەوکاتە کۆمەڵکوژییەکی مەزن لەشاری “مەرەش” ئەنجام دەدات، ئەم کۆمەڵکوژییە وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر پەرەسەندنی تەڤگەری ئاپۆچێتی ئەنجامدرا و ئامادەکاریی بوو بۆ بەرپاکردنی کودەتایەکی سەربازیی، لەو کۆمەڵکوژییەدا بەسەدان کەس کوژران، ھەروەھا شانبەشانی ئەو کۆمەڵکوژییەش “باری لەناکاو”ی لە ١٣ پارێزگا ڕاگەیاند، کە ١٠یان لە باکووری کوردستان بوون.

بەڵام ئاپۆچییەکان ھەر زوو دەرکیان بەوە کردبوو، کە وەڵامی ھەرە ڕاست و شۆڕشگێڕانە بۆ ئەو کۆمەڵکوژییە تۆکمەکردنی باوەڕ و ئیرادەی تێکۆشانەی ئازادیخوازانەیە، تەنانەت ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەر لە بەرپابوونی کودەتاکە بەماوەیەک، پێشبینییەکانی خۆی بۆ ئەگەری بەرپابوونی کودەتایەک باس دەکات و بەپێویستی دەبینێت کە ئامادەکاریی پێویست بکرێت.

ھەر لەساڵی ١٩٧٩یشدا، لە ھەڵبژاردنی شارەوانیدا لە شارەکانی حیلوان و باتمان لایەنگرانی پەکەکە لە ھەڵبژاردنەکاندا سەردەکەون، بەڵام دوای سێ مانگ سەرۆکی ھەڵبژێردراوی شارەوانی باتمان “ئەدیب سۆڵماز” لەلایەن دەوڵەتەوە تیرۆر دەکرێت، ئەو ئەزموونەی شارەکانی حیلوان و باتمان بەنموونەیەکی دیموکراتیانەی دەسەڵاتی گەل دادەنرێت.

هاوشێوەی مەزەندەکەی ڕێبەر ئۆجەلان، لە ڕۆژی ١٢ی ئەیلولی ساڵی ١٩٨٠دا کودەتایەکی سەربازیی لە تورکیا ئەنجام درا و بەھەزاران کەسی مەدەنی کوژران و بەدەیان ھەزار کەسی دیکەش خرانە زیندانەکانەوە و بڕیاری داخستنی سەرجەم پارتە سیاسییەکان و رێکخراوە مەدەنییەکان و تەواوی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان دەرکرا.

هێزی سەربازیی لە تورکیا دەسەڵاتی گرتەدەست، ھەروەھا باری لەناکاو لە ھەموو تورکیا و باکووری کوردستاندا ڕاگەیەندرا، لەو ھەڵمەتەدا بەسەدان کادیر و ھەزاران لایەنگری پەکەکە و کەسانی وڵاتپارێزیش دەستگیرکران، بەگشتی نزیکەی چوار ھەزار کادیر و ئەندام و لایەنگری پەکەکە خرانە زیندانەکانەوە.

کودەتای سەربازی وڵاتی کردبووە ئۆردوگایەکی سەربازیی و دۆخی سەربازیی باڵی بەسەر ھەموو بوارێکدا کێشابوو، لەبنچینەدا سەرەکیترین ئامانجی کودەتاکە لەناوبردنی تەڤگەری ئازادیی پەکەکە بوو، چونکە لەو ساڵانەدا و لەناو سەرجەم گروپە ئۆپۆسزیۆنەکاندا، پەکەکە بەهێزترین و دیارترین جوڵانەوە بوو.

یەک گەل، یەک زمان، یەک ئاڵا

یەک گەل، یەک زمان، یەک ئاڵا، لەپاش کودەتاکە کەنعان ئەڤرەن دەستووری تورکیایان بەتەواوی گۆڕی و دەستوورێکی سەربازییان نووسییەوە، بە پێی دەستووری نوێ “هاوڵاتی موڵکی دەوڵەتە”، هەروەها هەر جوڵانەوەیەکی ئۆپۆزسیۆن دەبێتە دوژمنێکی سەرسەختی دەوڵەت و بە هیچ شێوەیەک مافی نییە، بێجگە لە دەوڵەتی تورکیا، ئاڵای تورکیا، گەلی تورک و زمانی تورکی، هیچ گەل و نەتەوەیەکی دیکە لە تورکیا بوونی نییە، سەندیکا و ڕێکخراوی مەدەنی بوونی نییە و بە هیچ شێوەیەک ڕەخنە لە دەوڵەت قبوڵناکرێت، بەو شێوەیە ئازادیی تاک و ڕای جیاواز و ئازاد بە هەموو شێوەیەک قەدەغەکرا.

دۆخی کورد لە دوای کودەتا

گەلی کورد لە باکووری کوردستان ڕووبەڕووی زوڵم و فشارێکی زۆر بووه‌وه، لەوکاتەوە هیچ کەسێک ناتوانێت بە ناوی کوردبوونەوە سیاسەت بکات، ئەو فشار و هێرشانەی دەوڵەتی تورک بەرامبەر گەلی کورد، هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ دەستپێکردنی خەباتی چەکداری پەکەکە لە ١٥ی ئابی ١٩٨٤.

پەکەکە لەو دۆخەدا شەڕی دژی ڕژێمی کودەتا دەستپێکرد و تا ساڵی ١٩٨٧ کودەتاچییەکان له‌ دەسەڵاتدا بوون، لە ئەنجامی ڕیفراندۆمێکدا، یاسای پارتە سیاسییەکان لە تورکیا گۆڕا و پارتە سیاسییە تورکەکان جارێکی تر توانییان بێنەوە گۆڕەپانی سیاسەتەوە، هەڵبژاردنی گشتی کرا و پارتی سۆسیالیست بە سەرۆکایەتی بوڵەنت ئەجەوید توانی دەسەڵات بگرێتە دەست، هەرچەندە کودەتاچییەکان لەسەر دەسەڵات نەماون، بەڵام هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستی حکومەت بەرامبەر گەلی کورد بەدینەکراوە، سیستمی فاشیست بەرامبەر کورد بەردەوامی هەیە و لەناوخۆی تورکیاشدا بەشێوەیەکی دیکە ئامادەیی هەیە.

لەدوای گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن (ئاکەپە) لە ساڵی ٢٠٠٢، کە بانگەشەی چارەسەری پرسی کورد و گۆڕینی دەستووری ١٢ی ئەیلولی دەکرد، لەگەڵ گۆڕینی زۆربەی مادەکانی دەستووری ١٢ی ئەیلولی ساڵی ١٩٨٠، بەڵام ئەو مادانەی پەیوەستە بە گەلی کورد و نەتەوەکانی دیکە وەک خۆیان ماونەتەوە و هەمان دەستووری کودەتاکەیە، تا ئەمڕۆش دەسەڵاتی دەوڵەتی تورک بانگەشەی یەک زمان، یەک ئاڵا، یەک دەوڵەت و یەک گەل (گەلی تورک) دەکات و مافی گەلی کورد و نەته‌وەکانی دیکەی تورکیا ناناسێت.

سه‌رچاوه‌: ئاژانسی ڕۆژنیوز

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار