وردەکاری شەڕی ئەمجارەی ئازەربایجان و ئەرمینیا ئاشکرا کرا
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان ڕایگەیاند لە سنووری ئازەربایجان-ئەرمینیا، شەڕ و پێکدادانی چڕ لەنێوان یەکە سەربازییەکانی هەردوو وڵاتدا سەریهەڵداو کوژراو برینداری لێکەوتۆتەوە.
لەڕاگەیەندراوێکداوەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان رایگەیاند کە سوپای ئەرمینیا کاتەکانی ئێوارە لە سنووری داشکەسەن، کەلبەجەر و لاچین بەشێوەیەکی فراوان کاری ئیستیفزازی کردووە و هێرشی ئەنجامداوە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە گرووپە تێکدەرەکانی سوپای ئەرمینیا بە ئاڕاستەی جیاواز مینیان لە زەوی و رێگاکانی نێوان پێگەکانی سوپای ئازەربایجان داناوە. لە ئەنجامی ئەو رێوشوێنانەی یەکە سەربازییەکانی ئازەربایجان گرتوویانەتەبەر شەڕ و پێکدادان هەڵگیرساوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە سوپای ئەرمینیا لە پێگەکانی خۆیەوە لە پارێزگاکانی باسارگەچەر، ئیستیسو، کاراکلیسە و گۆرسو-ەوە بە هاوەن و چەکی جۆراو جۆرە پێگەکانی سوپای ئازەربایجانی لە پارێزگاکانی داشکەسەن، کەلبەجەر و لاچین بۆردومان کردووە. لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا، زیانی گیانی لەنێو سەربازان و زیانی ماددیش لە ژێرخانی سەربازییدا روویداوە.
هاوکات ئەوەیش باس کراوە کە سوپای ئازەربایجان رێوشوێنی پێویستی گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی ئەو شوێنانەی سوپای ئەرمینیا لێیانەوە تەقە دەکات بێ دەنگ بکات و رێگری بکات لە فراوانبوونی زیاتری شەڕ و پێکدادانەکان. ئەوەش خراوەتەڕوو کە لەنێو سوپای ئەرمینیادا زیانی گیانی و ماددییش کەوتووەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، باس لەوە کراوە کە حکوومەتی یەریڤان تەواو بەرپرسیارە لە پێکدادان و ئەو زیانانەی بەو هۆیەوە دروست بووە، رای گشتیش لە زانیاری زیاتر ئاگادار دەکرێتەوە.
جێگای ئاماژەیە هەردوو وڵاتە دراوسێکە تاوەکو ئێستا دوو جەنگیان لە دژی یەکدی بەرپا کردووە؛ یەکەمجار لە ساڵی 1988 کە شەش ساڵ بەردەوام بوو، دووەمیش لە ساڵی 2020 بوو. هەردوو جارەکەش لەسەر هەرێمی کێشەلەسەری قەرەباخ بوو.
جەنگەکەی پاییزی ساڵی 2020 کە شەش هەفتە بەردەوام بوو، بووە هۆی کوژرانی شەش هەزار و 500 سەرباز. دواجار بە نێوەندگیریی رووسیا ئاگربەست راگەیێندرا.
بەگوێرەی رێککەوتنی ئاگربەستەکە، ئەرمینیا دەستبەرداری بەشێکی خاکەکەی بوو، کە پێش چەندین دەیە لە قەرەباخ کۆنترۆڵی کردبوون و مۆسکۆ نزیکەی دوو هەزار سەربازی ئاشتیپارێزی ناردە ئەو ناوچەیە بۆئەوەی چاودێریی ئاگربەستە لەرزۆکەکە بکات.
هۆکاری جەنگەکانیش ئەوەیە هێزە جوداخوازە نەتەوەییە ئەرمەنییەکانی ناگۆرنۆ قەرەباخ لەدوای دابەشبوونی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی 1991 لە ئازەربایجان جیابوونەوە. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا، نزیکەی 30 هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون.
نزیکەی 2 ساڵ لەمەوبەریش سوپای ئازەربایجان بە هاوکاری سوپای تورکیا هەرێمی قەرەباخی لەژێر دەستی سوپای ئەرمینیا دەرهێنا و خستیە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە.