لەگەڵ زیادبوونی ناکۆکییەکان لەگەڵ تورکیادا یۆنان یەکەم گروپى فڕۆکەى جەنگى ئێف-١٦ى لە ئەمریکا وەرگرت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەپێی هەواڵی میدیاکانی یۆنان هێزى ئاسمانى وڵاتى یۆنان یەکەم گروپى فڕۆکەى جەنگى هێزى ئێف-١٦ى لە ئەمریکا وەرگرت و لە هەمانکاتیشدا دەیەوێت بەبڕى یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار کەشتى جەنگی لە ئەمریکا بکڕێت.

میدیاکانى یۆنان بڵاویانکردەوە، بەپێى ئەو ڕێککەوتنەى لە پێشتردا لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و وڵاتەکەمان کرابوو لەبارەى فرۆشتنى فڕۆکەى جەنگى جۆرى ئێف-١٦ بە یۆنان، ئەمڕۆ دوو لەو فڕۆکانە وەک یەکەم گروپ گەشتنە بنکەى هێزى ئاسمانى تانگارا لە باکورى ڕۆژئاواى ئەسینا.

لە بەشێکى دیکەى هەواڵى میدیاکانى یۆناندا ئاماژەبەوەشکراوە، لە هەمانکاتدا وڵاتەکەمان دەیەوێت بەبڕى یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار کەشتى جەنگی لە ئەمریکا بکڕێت.

لەنێوان ساڵانى ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٨، یۆنان دەستی کردووە بە تەرخانکردنى ملیارەها دۆلار بە مەبەستى بەهێزکردنی هێزە سەربازییەکانى وڵاتەکەى و لەو چوارچێوەشدا چەنیدن فڕۆکەی جەنگی جۆرى ڕافالی فەرەنسی و فریگەیت و ئێف-١٦ى کڕیووە و لە پلانیشدایە فڕۆکەى جۆرى ئێف-٣٥ لە ئەمریکا بکڕێت.

ڕۆژى ٧ ى ئەم مانگە یۆنان نامەیەکی بۆ ناتۆ و نەتەوە یەکگرتووەکان نارد و تێیدا گلەیی لە لێدوانەکانی ئەردۆغان کرد، کە هەڕەشەی هێرشکردن بۆسەر خاکی ئەو وڵاتە دەکات و ئەسینا داوای کرد، ناتۆ و نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەفتارەکانی ئەنقەرە شەرمەزار بکەن.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووش، یەکێتی ئەوروپا نیگەرانیی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە لێدوانەکانی ئەردۆغان، کە یۆنانی تۆمەتبار کردبوو بە داگیرکردنی دوورگە داماڵراوەکانی ئیجە و هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئەسینای کردبوو.

تورکیا و یۆنان هەردووکیان ئەندامی ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی-ناتۆن، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەردۆغان چەند جارێک هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئەسینای کرد، چونکە تورکیا دەڵێت: یۆنان فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک لە ئاسمانی دەریای ئیجە هەراسان دەکات، ئەوەش لەڕێگەی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێس ٣٠٠ی ڕووسییەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار