سەرکۆماری ئێران: "بڕیاری بوونە ئەندام لە رێکخراوی هەماهەنگی شەنگەهای یەکلایی دەکەینەوە"
2 ساڵ لەمەوپێش
میدیاکانی ئێران لهزاری سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی رایانگەیاند، بڕیاری بوونە ئەندامی ئێران لە رێکخراوی هەماهەنگی شەنگەهای یەکلایی دەکەنەوە.
ئاژانسی هەواڵیی خوێندکارانی ئێران بڵاوی کردەوە کە رەئیسی بەر لەوەی بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی رێکخراوی هەماهەنگی شەنگەهای بەرەو ئۆزبەکستان بەڕێ بکەوێت لە فڕۆکەخانەی میهرئاباد بۆ میدیاکاران دواوە.
رەئیسی وتیشی: "واژوو لەسەر ئەو بەڵگانە دەکەین کە بڕیاری بوونە ئەندامی ئێران لە رێکخراوی هەماهەنگی شەنگەهای یەکلایی دەکاتەوە".
رەئیسی بە ئاماژەدان بەوەی کە لە کۆبوونەوەی پێشووی رێکخراوەکە سەرنج خراوەتە سەر پرۆسەی بوونە ئەندامی ئێران لەو رێکخراوە، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە بەڵگەکان لەلایەن بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە واژوویان لەسەر دەکرێت و پرۆسەی یاسایی تەواو دەکرێت.
ناوبراو سەرنجیشی خستە سەر ئەوەی کە لە میانی سەردانەکەیدا لەگەڵ هاوتا ئۆزبەکستانییەکەی کۆدەبێتەوە و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ دەکەن.