سەرۆک وەزیرانی فینلەندا: رادەستکردنەوەی داواکراوە بیانییەکان ئەرکی دامەرزاوە دادوەرییەکانە نەک حکوومەت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

له‌میانی کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمانی ئەورووپا و وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو داواکاریانەی کە ئەنقەرە بۆ دیپۆرتکردنەوەی داواکراوانی تورک پێشکەشی فینلاندای کردووە، سەرۆک وەزیرانی فینلەندا رایگەیاندووە، کە لە وڵاتەکەیدا بڕیاردان لە رادەستکردنەوەی داواکراوە بیانییەکان ئەرکی دامەرزاوە دادوەرییەکانە و ئەو پرسە لە دەسەڵاتی حکوومەتدا نییە.

 ساننا مارین  سه‌رۆک وه‌زیرانی فینله‌ندا وتیشی سەروەری یاسا بۆ فینلاند زۆر گرنگە و ئەم پڕەنسیپە لای ئەوان زۆر بەبەهایە.

مارین هەروەک وتوویەتی: "رادەست کردنی داواکراوان بەبڕیاری سیاسیی نابێت، ئێمە لە حکوومەت قسە لەسەر ئەوە ناکەین کە ئایا کەسێک دیپۆرت بکەینەوە یان نا. ئەو بڕیارانە سیاسییەکان نایدەن، بەڵکوو ئەو پرسانە لەدەسەڵاتی دامەزراوە دادوەرییەکانە".

سەرۆک وەزیرانی فینلەندا ئاماژەی بەوەکرد کە پڕۆسەی رەزامەندیدانی پەڕلەمانی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ سەبارەت بە داواکاریی ئەندامبوونی ئەوان بەردەوامە، جەختیشی کردەوە کە ئەوان دەیانەوێت لەزووترین کاتدا ببنە ئەندامی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی.

لەسەرەتادا تورکیا ڤیتۆی دژ بە ئەندامبوونی هەریەک لە سوید و فینلەندا لە ناتۆ بەکارهێنا، بەوپێیەی ئەو دوو وڵاتەی بە پەناگەی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان و بزووتنەوەی خزمەت هەژمار دەکرد، بەڵام لە دوایین لوتکەی ناتۆ لە مەدرید یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی سێقۆڵیان واژۆ کرد کە بەپێی ئەوە لەبەرانبەر رازی بوونی تورکیا بە بەئەندامبوونیان لە ناتۆ، دەبێت ئەو دوو وڵاتە ئەسکەندەناڤییە ئەندامانی پەکەکە و بزووتنەوەی خزمەت رادەستی تورکیا بکەنەوە.

تورکیا چەندین جار لەسەر زاری گەورە بەرپرسانییەوە هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە ئەگەر بێت و سوید و فینلاند بۆ ڕادەستکردنەوەی ئەو کەسانە کە لەلایەن تورکیاوە داواکراون پەشیمان بووبێتنەوە، ئەوا ئەنکەرەش پرۆسەی بەئەندامبوونیان لە ناتۆ ڕادەگرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار