کێ گوناھبارە
2 ساڵ لەمەوپێش
واباوە لەگەڵ هەر ڕووداو و گۆڕانکارییەکی نەخوازراو، لەگەڵ هەر شکست و نشوستێکا بۆ پاکردنەوەی ئەستۆو ڕاکردن لەبەرپرسیارییەتی، دەست بۆ هێزی دەرەکی و دوژمنی وەهمی درێژ بکرێت، بەبێ ئەوەی لایەنی تاونبار شانباتە بەری و بەهەستێکی بەرپرسیاریانەوە خاڵی لاوازی کارو کردای پرۆسەکە دیاربکات، هەتا لەداهاتووا هەمان هەڵە چەنبارە نەکرێتەوە، کە ئەمە ئەبێتە ڕێگایەکی ڕۆشن بۆ نەوەکانی داهاتوو کە دووجار لە هەمان شوێنا نەیانگەزێ مار. نەریتی نەشیاو: کلتور یان نەریتەکان کۆمەڵێک شتن کە دوژمن بۆت ناهێنێ، بەڵکو بوونی هەیە لەناوتاو دوژمن درکی پێئەکات و لەسودی خۆی بەکارئەهێنێ، بۆ نمونە دووبەرەکی، یەکتر قبوڵ نەکردن، خۆبەزلزانین بەرامبەر یەکتر، ڕیزگرتن و چەمینەوە بۆ بێگانە، نەخوێنەوەی هاوخاک، دژایەتی و دوژمنایەتی ناوخۆ....هتد کلتور یان نەریتی کورد دیاری دەستی کەس نیە، بەواتایەکی تر بابەتێکی هاوردەکراو نییە، بەڵکو ئەوەی هەیە هەڵێنجراوی ناو خودی تاک، خێزان، خێڵ و کۆمەڵگەی کورد خۆیەتی. ئەگەر نمونەیەکی سادە وەرگرین کە زۆربەی خەڵکی بەدیاردەیەکی نەشیاوی ئەزانن و گلەی لێئەکەن، کەچی بەپێچەوانەوە لەبری نەمان تابێت زیاتر و زیاتر ئەبێت، ئەویش دیاردەی قێزەونی گرانکردنی کاڵاو شمەکە لەکاتی بۆنە و جەژنەکانا، ئەم دیاردەیە هیچ پەیوەست نیە بەوەی کە کوردستان خاکێکی بەش بەش کراوە و هێزی داگیرکەر بوونی هەیە لەسەری، هێندەی ئەمە خواستێکی ناوەکی و بەرژەوەندیخوازانەی تاکی کوردە بەسود وەرگرتن لەکاتێکی دیارکراو تا گیرفانەکانی پڕترببن، واتا چەوسانەوە و دادۆشینی یەکتر بەبێ گوێیانە بەهاکانی هاوڵاتی، هاوشاری، هاوگوند و هاوسێ بوون. بۆ چارەسەر ناکرێ: هۆکاری چارەسەرنەکردن و بنەڕنەکردنی ئەم دیاردەیە زۆر سانایە، ئەویش ئەوەیە هەر خودی گلەیکەر هەمان کار ئەنجام ئەیات و ئەیکات، بەواتایەکیتر کاتێک تۆ ڕەخنەت لەسەر شتێک هەیە ئەبێ خۆت باوەڕت بەو ڕەخنەیە هەبێ و نەیکەیت، چونکە ناکرێ داوای ئەوە بکەی کە نرخی خۆراک لە بۆنە و جەژنەکانا بەرزنەکرێتەوە بەڵام خودی خۆت نزخی کەلو پەلی ناوماڵ یان پۆشاک و جوانکاری دوو هێندە و سێ هێندە بەرزکەیتەوە، چونکە ئەوەی ئەیکەی پێی ئەوترێ "دوو ڕووی"، بێگومان کۆمەڵگەیەکی دوو ڕوو هەمیشە کێشەلانی زیا ئەکات نەک بەپێچەوانەوە. چارەسەر: تەنها ویژدانێکی زیندووی پێویستە، لەپاڵ ئەوەشا گرنگە تاکی کورد بەگشتی بازرگانەکان بەتایبەتی هۆشیاری زانستی بازرگانی و ئابوریان هەبێ. کێشەی خاک و داگیرکاری: ئەوەی نیشتمان داگیرەکا خودی خۆتی، ئەگەر تۆ لێگەڕێی نیشتمان ئازادبێ ئەوا هەرگیز کەس ناتوانێ داگیرکا و بەئازادی ئەمێنێتەوە. کاتێک دوو حیزب لە سێ شارا دوو هەرێم دروست ئەکەن، ئیتر ناکرێ ڕەخنە لە دوو هێزی هەرێمی بگری کە بۆ بنکەو بارەگا لە هەموو سوچ و کۆڵانێکا دائەنێنن و سیخوڕ لە هەموو شوێنێکا ئەچێنن، کار لەسەر ئەو دوو بەرەکەی و یەکتر قبوڵ نەکردنە بکەن کە خودی کورد باوەڕی پێیەتی و بەکردار جێبەجێی ئەکا. کاتێک دوو هۆز، دوو بنەماڵە، دوو خێزان و دوو کەس پێکەوە دانویان نەکوڵێ ئەوە کاری دوژمن نیە، بەڵکو ئەوە کلتور و نەریتی بۆماوەییە، کە هەر لە بنچینەوە مرۆڤی کورد یەکتری قبوڵ نەبووە، بگرە هەمیشە ملکەچ و پشت چەماوەی فەرمانی بێگانەبووە. چارەسەر: سەربەخۆیی و ئازادی تەنها خیانەت نەکردنی پێویستە. یەکتر قبوڵ کردن و کۆک و کۆبوەوە لە دەوری تەنها یەک سەرکردەی نیشتمانی. تراژیدیای کوردبوون: کوردبوون خۆی تراژیدیایە، تەنانەت کۆچ کردن بۆ تاراوگە و لەدایک بوون لەسەر زەویەکیتر وەک مناڵانی کوردی تاراوگە تراژیدیای کورد بوون ناگۆڕێ، چونکە تراژیدیا لەناومانایە، بەواتایەکیتر هەبوونی کورد خۆی تراژیدیایە، کەچی تاکی کورد لێی ڕاناکا، بگرە بەپێچەوانەوە هەمیشە لەگەڵیا ئەژی و داکۆکی لەبوونیشی ئەکا. ئەمە ئەفسانە نییە کە مرۆڤی کورد زیاتر لە چوار هەزار ساڵە خاوەنی دەوڵەت نییە و ماوەتەوە بەڵکو ئەمە تراژیدیایە، تراژیدیایەک کە بوونی تۆ وەک کورد سەپانوویەتی بەسەرتا، ئەگەر ڕقیش لێیبێ ڕاناکەی لێی، بەپێچەوانەوە هەموو ڕێگایەک تاقی ئەکرێتەوە تاکو کورد بمێنێ، سەرەڕای تراژیدیای کوردبوون کە ئەمە جێگای شانازییە، هەر بۆ زانیاری چەندین نەتەوە زۆر کەمتر لە کورد چەوسێنراونەتەوە و نەماون و فەوتاون. ڕاکردن لە تراژیدیا: کورد بوون هێندە سەختە تەنانەت ڕاکردنیش لێی ئاستەمە، ئازارێکە ڕوو لەهەر شوێنێک بکەی بەردرگات پێئەگرێ، تەنانەت کاتێ خاکی ولاتیش بۆ ترۆپکی دیموکراسی و گەشەسەندووترین ولاتانی جیهان بەجێئەهێڵی تراژیدیای کوردبوون هەر هاوەڵ و هاوڕێتە. کە کوردبی واتە بێ وڵاتی، ڕوو لە وڵاتێکی ڕۆژئاوا ئەکەیت و وڵاتی نامەی ئەو وڵاتە وەرەگری، خێزان پێکئەهێنی و مناڵەکان لەسەر خاکی ئەو ولاتە یەنە بوون کەچی تراژیدیای کورد بوون هەر لەگەڵتایە. لەگەڵتایە کاتێک کە لێتئەپرسن "خەڵکی کام وڵاتی"؟ بەشانازییەوە ئەڵێی کوردستان، پێت ئەڵێن ئاخر کام وڵات، هەڵبەتە مەبەستیان چوار وڵاتی داگیرکاری کوردستانە، ئیتر بێ چەن و چوون تراژیدیای برینی کورد بوون، بێ وڵاتی، خاکی بەش بەشکراوی کوردساتن بەبێ خواستی خۆت سەر لەنوێ ئەکولێتەوە. تراژیدیای مناڵی کورد لە تاراوگە: کاتێک مناڵەکان فێرئەکەی کە خەڵکی کوردستانن، مناڵیش بە دڵپاکی خۆی لەوانەی جوگرافیایا لەوەڵامی پرسیاری "ئایا لە بنچینەوە لە کوێوە هاتووی"؟ مناڵ ئەڵێ خەڵکی کوردستانم. مامۆستا پێی ئەڵێ کام پارچە؟ مناڵ تێناگا! مامۆستا ئاسانکاری بۆئەکا "کوردستانی کام وڵات"؟ مناڵ هەر تێناگا، ئیتر هەندێ لە مامۆستاکان "بەمیهرەبانی"خۆیان کۆتای بەپرسیارەکە ئەهێنن و رووی پرسیار لە مانڵێکی تر ئەکەن. سروشتی مناڵ: سروشتی مناڵ وایە ئەوەی فێری ئەبێ پێی خۆشە بەکردار بیکات. لەدوای وانە و لەکاتی پشووا منالان بەرەو نەخشەی ناو پۆلەکەیان ڕائەکەن و هەرکەسەو پەنجە خنجیلە و بچکۆلانەکەی خۆی ئەخاتە سەر نەخشەی ولاتەکەی خۆی، بەڵام هیچ شوێنێک نییە بۆ پەنجە ناسکەکەی کچ و کوڕی کورد تا پەنجە وورد و بچوکەکانی لەسەر دانێنن "سەرەتای ددەستپێکی دڵشکان و تراژیدیای کورد بوون" . مناڵان ئەیکەنە گاڵتە و گەپ و هاوارەکەن تۆ وڵات نییە، تۆ ئاڵات نییە، ئەو شوێنەی تۆ ئەیڵێی تەنانەت لەسەر نەخشەش بوونی نییە، ئییتر مناڵی کوردی مافخوراو بەڕاکردن یەتەوە ماڵێ و پرسیارەکا... دایە، بابە ڕاستە ئێمە خەڵکی کوردستانین؟ دایک و باوک، بەڵی ڕۆڵە ئێمە کوردین و خەڵکی کوردستانین. مناڵ لەخۆشیا شاگەشکەئەبێ کە درۆی نەکردوەو ئەتوانێ لەگەڵ هەڵهاتنی ڕۆژێکی نوێیا لەناو پۆلەکەیا ڕاستی بوونی کوردستان بسەلمێنێ. مناڵ، بەخێرایی پەرتووکەکەی دەرئەهێنێ، نەخشەی جیهان ئەکاتەوە و ئەڵێ دایکە، باوکە ئەتوانن وڵاتی کوردستانم لەسەر نەخشە پێ پشانبەن؟ "ئەو پرسیارەی کوشندەیەی کە هیچ دایک و باوکێکی کورد ڕزگاری نابێ لێی و هێندەی ئەهریمەن لێی ئەترسن". دایک و باوک، ئاخر ڕۆڵە کوردستان لەسەر نەخشە بوونی نیە بەڵام هەیە. " واتە هەیە بەڵام نیشە. مناڵ، کەواتە ئێوە ڕاستان لەگەڵ نەکردووم کوردستان وڵات نیە، ئەی ئێمە خەڵکی کوێین؟ دایک و باوک، نا ڕۆڵە گیان ئێمە ڕاستما لەگەڵ کردووی کوردستان وڵاتە بەڵام ولاتێکی داگیرکراوە و لەنێوان چوار وڵاتا دابەشکراوە، هەمیشە لەهەوڵی پێکەوە گرێیان و دروستکردنەوەیین....هتد "بەناچاری ئەبێ بگەرێی بەدوای پاساوێکا تا بتوانی تێیبگەیەنی کە کوردستان هەشە و نیشە." مناڵ، کز و بێدەنگ، ملکەچ و مەنگ، بێ هیوا و دڵشکاو هەوڵەیا تێبگا، بێئاگا لەوەی کە ئەمە سەرەتای توانەوەی تراژیدیای کوردبوونە لەناخیا کەئەبێ تا کۆتای لەگەڵیا بژی. مناڵ، ئەی بۆ ناینێنەوە بەیەکەوە تا وڵاتەکەی ئێمەش لەسەر نەخشەی جیهان هەبێ و منیش پشانی هاوڕێکانمی بەم تا بزانن کوردستان وڵاتە و منیش خاک و ولات و ئاڵام هەیە. دایک و باوک، دەستکردن بەگێڕانەوەی مێژوو پاساوهێنانەوە لەگەڵ هاتنەخوارەوەی دڵۆپی فرمێسکی پەنگخواردووی غەریبی و بێ وڵاتی ... درێژە بە چیرۆکە ڕاستیەکەی خێزانی کوردی تاراوگە نایەم و لێرەیا ڕائەوەستم. پرسیار لە ناسنامە: سروشتی خۆناساندن و سەرەتای گفتوگۆی نێوان مرۆڤ بەپرسیاری ناوی یەکتر دەستپێئەکا تا سەرەکێشێ بۆ پرسیارکردنی ناسنامە و ڕەچەڵەک، بەلام ئەم پرسیارە هەمیشە بەو ساناییە نییە کە لێیتێگەشتووین، بەتایبەتی کاتێک لە کەسێک ئەکری لە تاراوگە یان لە دوورە وڵات. کاتێک پرسیار لە ناسنامە ئەکرێ پرسیارێکی هەر لەخۆوە نییە، بەڵکو نیشاندانی یاری هێزە، وە ئەو پرسیارە هەر ئەمێنێ تاو ئەوکاتەی ڕەنگی پێست لەو ئەچێ، هەر ئەمێنێ تاو ئەو ڕۆژەی نەدەنگ ئەمێنێ نەڕەنگ، ئەمێنێ تا ئەو ڕۆژەی دانیشتووی خاکێکی کە خاکی خۆت نییە. لەم پرسیارەیا نهێنییەک هەیە بەواتای تۆ کێت؟ ئەی بۆ لێرەیت؟ تاکەی ئەمێنیتەوە؟ واتا تۆ بێگانەی، کاتێک کەسێکی ڕۆژئاوایی پرسیارەکا، تۆ لەکوێوە هاتووی؟ ئەو مەبەستێتی پێش وەڵامەکەی تۆ، پێت بڵێ من ڕۆژئاواییم، خاوەنی ئەم خاکەم، خاوەنی سامانێکی زۆرم، وڵاتێکی سەربەخۆ، ئازادی دەربڕین و جەستە و هزر….هتد لەبەرامبەریشا کاتێ کەسی بەرامبەر ئەڵی من ئەفگانیم، سوریم، ئێراقیم، سۆماڵیم، هاتیم….هتد وتا دانپێانانێکی ناراستەوخۆی پێچەوانەی وەڵامی کەسی ولاتی خانەخوێ. بەڵام لەمەش گرانتر ئەوەیە کاتێک ئەڵیی خەڵکی کوردستانم، چونکە هەندێ پێناسە بۆ کورد کراوە وەک، بێ وڵات، بێ ناسنامە، پەرت و بڵاو...هتد کە سەرباری ئەو سیستمە دواکەتوو و دیکتاتۆرییە ئەبێ کە لە ولاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین باوە، ئەویش تۆ خەڵکی ولاتێکی لای خۆت هەیە و لای کەسی تر بوونی نییە، تۆ خەلکی یەک کوردستانی و لای ئەوان چوار.