وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: داوا لە ئێران دەکەین کۆتایی بە سەرکوتکردنی ژنان بهێنێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

تادێت کاردانەوەکانی مەرگی ژینا ئەمینی لەجیهاندا زیاتر دەبێت و وڵاتان و سەرکردە سیاسییەکانی دنیا ئیدانەی ڕەفتارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن. لەتازەترین کاردانەوەشدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانی خۆی لەبەرامبەر گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دەردەبڕێت و داوا لە حکومەتی ئێران دەکات کۆتایی بە سەرکوتکردنی سیستیماتیکی ژنان بهێنێت. 
 
لەوبارەیەوە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تویتەر لەبارەی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی نووسیویەتی "ئەمریکا و خەڵکی ئێران خەمبارن بۆ گیانلەدەستدانی مەهسا [ژینا]. داوا لە حکومەتی ئێران دەکەین کۆتایی بە سەرکوتکردنی سیستماتیکیی ژنان بهێنێت و رێگە بە خۆپێشاندانی ئاشتییانە بدات." دەشڵێت:  دەبوو ئێستا ژینا ئەمینی لەژیاندا بمایە، بەڵام لەبری ئەوە ئەمریکا و گەلی ئێران ماتەمین و دڵتەنگن بەو رووداوە

 پێشوتریش ئەدریان وەتسن، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی لە راگەیه‌ندراوێکدا لە بارەی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمین دەڵێت، پێشێلکاریی ئاشکرای ئازادییەکانه‌ و ده‌بێت لێپرسینەوە لەو کەسانە بكرێت کە بەرپرسیار بون لەو کارە.

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی دەڵێت: روداوەکە ناخ هەژێنە و بیرمان لای کەسوکاریەتی و گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی سوکایەتییه‌ بەمافەکانی مرۆڤ.

جێگای ئاماژەیە ژینا ئەمینی ئێوارەی رۆژی 13-09-2022 لە وێستگەی حەقانیی میترۆی تاران لە لایەن پۆلیسی تارانەوە بە تۆمەتی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی دەستبەسەرکرا و دواتر بۆ گرتووخانەی پۆلیس لە شەقامی وەزیرانی تاران گوێزرایەوە. ئەو کەسانەی لەگەڵ ژینا دەستبەسەرکرابوون بە میدیاکانیان راگەیاندووە، لە کاتی گواستنەوەی بۆ گرتووخانە، هێزەکانی پۆلیس لە ژینایان داوە و لە گرتووخانە دۆخی تەندروستی تێکچووە و بەو هۆیەوە جەڵتەی دڵ و مێشک لێی داوە و  دوای سێ رۆژ گیانی لەدەستداوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار