قایمقامی دەربەندیخان: بڕوام وایە لەم قۆناغەدا دوو تونێل دروستناكرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سلێمان محەمەد سەعید قایمقامی قەزای دەربەندیخان كە لەپشكی بزوتنەوەی گۆڕان ئەو پۆستەی وەرگرتووە، لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ هاوڵاتی باس لەكێشەو  گرفتەكانی شارەكە دەكات و دەڵێت:  ئەو كێشەو گرفتانەی لەشارەكەدا هەیە بەشێكی زۆری لەدەسەڵاتی مندا نیە چارەسەری بكەم، گەورەترین گەڕەك لەدەربەندیخان ئاوی خواردنەوەی نییەو بەتانكەر ئاوی بۆ دەڕوات»، وتیشی: «دوای نۆ ساڵ پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان تەواو نەبووە، لەدوای ساڵی ٢٠١٧ەوە بەهۆی روودانی بومەلەرزەكەوە كەرتی تەندروستی لەدەربەندیخان تووشی داڕمان بوو».

هاوڵاتی: ساڵانێكە رێگای دەربەندیخان-زەڕایەن خراپە، سەدان كەس لەو رێگایەدا بوونەتە قوربانی، چەندین جار سكاڵا كراوە لەدەست ئەو رێگایە، لەئێستادا كۆمپانیاكە بەنیوە ناچڵی كارەكانی جێهێشتووە، وەك ئاگاداربیت كارەكانی بەدووسایدكردنی ئەو رێگایە بەكوێ گەیشت؟ ئایا دروستكردنی دوو توونێلەكە چیلێهات؟ 
قایمقامی دەربەندیخان: «سەبارەت بەڕێگای دەربەندیخان - زەڕایەن و سەبارەت بەو كۆمپانیایەی كە تیایدا كاری كردووەو ئێستا بەجێیهێشتووە، دیارە كۆمپانیاكە ئێرانی بوو، ئەوكاتەی كەدەستی كردووە بەكاركردن پارەیەكی زۆر هەبووە، پێش ئەوەی دەستبەكاربێت پارەیەكی زۆری وەرگرتووە كەدواتر هێندەی ئەوە نەبووە كەكاری كردووە، بۆ نموونە ئەگەر دوو ملیاری وەرگرتبێت بایی یەک ملیار كاریكردووە، دواتر بەهۆی قەیرانی داراییەوە كارەكان وەستاو كۆمپانیاكە داوای پارەیەكی زۆرتری دەكرد، كاتێك خەمڵاندن بۆ ئیشەكانی كرا تەماشادەكرێت كاری كەمتر كردووە، بەڵام پارەی زیاتر وەرگرتووە، هۆكاری كەمتەرخەمی لەتەواونەكردنی ئەو رێگایە كۆمپانیاكەو خراپی ئەو گرێبەستە بووە كە بۆ ئەو كارە كراوە، ئێستاش وەك ئەوەی من بزانم ئەوەیە كۆمپانیاكە داوای قەرەبووی ئەو ساڵانە دەكات كەكاری نەكردووەو كارەكانی راگرتووە، حكومەتیش قەرەبوی ناكاتەوەو دەڵێت تۆ كەمتەرخەمیت نواندووەو هێندەی ئەو پارەیەی وەرتگرتووە كارت نەكردووە وەرە كاركەت تەواوبكە، بۆ مەسەلەی تەواوكردنی دوو سایدەكەش ئەوەندەی من لەجەنابی وەزیری ئاوەدانكردنەوەوە بیستوومە ئەوەیە هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی رێگاكە لەو كۆمپانیایە وەربگرێتەوەو بدرێتە كۆمپانیایەكی تر.
سەبارەت بەمەسەلەی دوو تونێلەكەش كە بۆ دەربەندیخان درووستبكرێت، ئەوەندەی جەنابی وەزیر بەمنی وتبێت ئەوەیە حكومەت دەیەوێت لەگەڵ كۆمپانیایەكی توركیدا گرێبەست بكات بەقەرزی درێژخایەن پرۆژەكە دەستپێبكات و بڕواتە بواری جێبەجێكردنەوە.
دانیشتنێك لەگەڵ كۆمپانیاكەدا كراوە بەئامادەبوونی وەزارەتی پلاندانان و نوێنەرایەتی ئەنجومەنی وەزیران لەدیوانی ئەنجومەنی وەزیران، كاتێك دەستنیشانكراوە بۆ كۆمپانیاكە تاكۆمپانیاكە بتوانێت وەڵامبداتەوە لەڕووی ئەوەی كە كەشف و دیزاینی شوێنەكە بكەن، لەچەندڕۆژی رابردووشدا ئێمە ئاسانكاریمان بۆ كۆمپانیاكە كرد تا بێن و (درۆن) هەڵبدەن و بەدواداچوون بكەن بۆ دیزاینی تونێلەكە، چاوەڕەواندەكرێت لەئایندەیەكی نزیكدا كۆمپانیاكە وەڵامی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بداتەوە.
من خۆم باوەڕم بەوە هەیە حكومەت بتوانێت ئەو دوو تونێلە درووستبكات، بەڵام باوەڕم بەوە نییە لەم قۆناغەو بۆ ئەم قۆناغە درووستبكرێت، چونكە ئەوەتا پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان لە ٢٠١٣ەوە دەستبەكاربوون تیایدا كراوە تائێستا كە كۆتاییەكانی ٢٠٢٢ تەواو نەبووە. هەر دەستبەكاربوون گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە كارەكە نەوەستێت».

هاوڵاتی: كێشەی ئاوی دەربەندیخان كێشەیەكی كۆنەو تائێستا نەتوانراوە چارەسەربكرێت، سەرەڕای ئەو هەموو ناڕەزایی و درووستكردنی كەمپینە كەچی هێشتا كۆمپانیا توركییەكە كارەكانی ناكات و حكومەت لێی ناپرسێتەوە، دوایین زانیاری لەو بارەیەوە چیە؟ ئایا بڕوات وایە ئەو پرۆژەیە لەئایندەیەكی نزیكدا تەواوبكرێت؟ هەوڵەكانی ئێوە چیبووە لەو بارەیەوە؟
قایمقامی دەربەندیخان: «ئێمە هەر لەگەڵ دەستبەكاربوونمان یەكەم ئەولەویەتی خۆمان كەڕامانگەیاندووە كاركردن بووە لەسەر مەسەلەی ئاوی خواردنەوە، چی لەڕووی بەرزكردنەوەی داواكارییەوە بۆ لایەنە پەیوەندییدارەكان، چی فشاركردن لەڕێگای راگەیاندنەكانەوە بۆ ئەوەی پرۆژەكە تەواوبكرێت، ئێمە هەموو كات هەوڵی خۆمان داوە، من دووجار میوانداری ئەو كۆمپانیایەم كردووە هەم لەدەربەندیخان، هەم لەهەولێریش، كۆمپانیاكە كەناوی (ئۆهیتان)ی توركییە، لەساڵی ٢٠١٣ەوە دەستبەكاربووە، كۆی پارەی پرۆژەكە ١٩ ملیۆن دۆلارە،  بەیەك گوژمە چوار ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلاری وەرگرتووە، بەڵام گوژمەی دووەمی كە سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلارە بڕیاری خەرجكردنی دراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارەوە پێی نەدراوە، نوێترین زانیاری ئەو پرۆژەیەش ئەوەیە كۆمپانیاكە وتوویەتی ئایا قایمقامی دەربەندیخان گرەنتی خەرجكردنی پارەكەمان دەكات تا دەستبكەینەوە بەكار، منیش پێموتوون نەخێر من ناتوانم گرەنتی بكەم، چونكە هەموومان دەزانین دۆخی دارایی چۆنەو تەنیا بۆ موچە پارە هەیە».
هاوڵاتی: پێشووتر دەوترا دەربەندیخان سزای سیاسی دەدرێت ئەویش بەهۆی ئەوەی لەهەڵبژاردنەكانی رابردوودا دەنگی بەلایەنێكی سیاسی داوە، ئایا تۆ باوەڕت بەو قسەیە هەیە؟ 
قایمقامی دەربەندیخان: من لەماوەی دەستبەكاربوونی خۆمدا تێبینی ئەوەم كردووە ئەوە ئێمەی دەربەندیخانین كە سزای خۆمان دەدەین نەك شوێنی تر، ئەوە لایەنی سیاسی دیاریكراو نییە، ئەوە عەقڵیەتییەكە كە ئێستاش لەدەربەندیخاندا هەیە، دەكرێت بڵێین عەقڵیەتییەكی لایەنی بەرژەوەندیخوازانە كەڕێگرن لەپێشكەوتنەكانی ئەم شارە بەوەی ئەگەر لەسەر دەستی ئەوان نەبێت یاخود ئیمتیازو قازانجی ئەوانی تیانەبێت، بەمانایەكی تر چەند كەسێكی دیاریكراوە لەناو لایەنێكی دیاریكراو هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ پەكخستنی گەشەسەندنی ئەم شارە، دەكرێت بڵێین بەڵێ سزای سیاسی هەیە، بەڵام بەو مانایەی كەئێمە خۆمانین، بەداخەوە ئەو كەسانە كە هەموو ژیانیان بەتەكەتولات و ململانێ بردۆتەسەر دەیانەوێ وا پیشانبدەن بۆ لایەنەكانی خۆیان كەدژایەتی ئەم بەرپرس یان ئەو بەرپرس دەكەن لەلایەنێكی سیاسی بۆ ئەوەی ئیمتیاز وەرگرن و تیكەیەكی چەورتر وەربگرن، ئەگینا هیچ شتێكی تر نییە، وەك ئاستێكی باڵا شتێكی لەو شێوەیە نیە كەگوایە سزای دەربەندیخان دەدرێت.
هاوڵاتی: كەرتی شارەوانی و كەرتی تەندروستی لەم شارەدا لەقەیرانی قوڵدا دەژین، تائێستاش نزیكەی نیوەی دەربەندیخان قیرتاو نەكراوە، هەندێ گەڕەك هیچ خزمەتگوزارییەكی نیە، زۆربەی شەقام و كۆڵانەكانی خراپن، ئەمە بۆچی وایە؟ لەڕووی تەندروستیشەوە لەساڵی 2017ەوە كە بومەلەرزەكە روویدا لەدەربەندیخان نەشتەرگەری نەكراوەو تائێستا هۆڵی نەشتەرگەری شارەكە نۆژەن نەكراوەتەوە، هۆكاری ئەمە چییە؟
قایمقامی دەربەندیخان: »راستە لەدوای ساڵی ٢٠١٧ەوە بەهۆی روودانی بومەلەرزەكەوە كەرتی تەندروستی لەدەربەندیخان تووشی داڕمان بوو، بەڵام بەداخەوە لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا هیچ بەرەوپێشەوەچوونێك  لەكەرتی تەندروستیدا نەبووە جگە لەنۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانەی شەهید تۆفیق نەبێت كەئەویش نۆژەنكردنەوەكە بەبێ هۆڵی نەشتەرگەرییەكە بووە، گرنگی نەخۆشخانەكەش بەهۆڵی نەشتەرگەرییەكەوەیە. لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢١ وەزیری دارایی پێی راگەیاندم كەزیاتر لە ٥٠٠ ملیۆن دینار بۆ نۆژەنكردنەوەی هۆڵی نەشتەرگەرییەكە تەرخانكراوە، بەڵام بەداخەوە سودی لێ نەبینرا. ئێمە هەر لەگەڵ دەستبەكاربوونمان جەختمان لەوە كردەوەو لەڕێگای جێگری هونەری پارێزگای سلێمانییەوە كە ئەو هۆڵی نەشتەرگەرییە بەزووترین كات نۆژەن بكرێتەوە، لەماوەی دوو مانگدا خستمانە تەندەرینەوە بەڵام بەداخەوە ئەو دەرخستەیەی كە ئامادەكرابوو كۆمەڵێك كێشەی هەبوو بەتایبەتی بەهۆی دابەزینی نرخی دینارو بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارو چەند گرفتێكی دیكەش، بۆیە دووبارە جەختمانكردەوە كە دەرخستەیەكی تر بۆ هۆڵی نەشتەرگەری بكرێت كە پارەكەی لەخوار ٥٠٠ ملیۆن دینارەوە بێت تا سەرفكردنی لەدەسەڵاتی وەزیردا بێت، هاوكات هۆڵی نەشتەرگەرییەكە لەپێداویستییەكانی تری تەندروستی جیابكرێتەوە، بەڵام بەداخەوە وا دەرنەچوو، بەڵكو دەرخستەیەكی تری بۆ كرا كەكۆی پارەكەی زیاتر لە ٨٠٠ ملیۆن دینارە، ئەمە بۆ چییە؟ ئەمە بۆ ئەوەیە جارێكی تر دەربەندیخان دوابكەوێت و هۆڵی نەشتەرگەرییەكە نۆژەن نەكرێـتەوە، ئەو بڕە پارەیە رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی پێویستە، خۆشتان دەزانن رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران چەندە قورسەو ئاسان نییە، بۆیە ئێمە ئێستا هەوڵێكی ترمان دەستپێكردووە كەجارێكی تر هۆڵی نەشتەرگەرییەكە جیابكەینەوە لەكۆی پێداویستییە تەندروستییەكانی تر بۆ ئەوەی بەئاسانی رەزامەندی لەسەر پارەكەی بدرێت.
بەنیسبەت دۆخی خزمەتگوزاری شارەوانیشەوە، بەداخەوە دەیگەڕێنمەوە بۆ ئەوەی ئەو بەرپرسانەی لەڕابردوودا لەدەربەندیخان پۆستی شارەوانییان بەدەستەوەبووە یاخود كاتی بوون یاخود خەڵكی شارەكە نەبوون، هەربۆیە ئەو خەمخۆری و دڵسۆزییەیان نەبووەو وەك خەمخۆرێكی ئەم شارە خەم بخۆن، بەداخەوە هەموو كارێكی شارەوانی لەئێستادا هەموو شتێكی خراوەتە سەر داهاتی خۆی، دەربەندیخانیش ئەو داهاتەی نییە، گەورەترین گەڕەك لەدەربەندیخان ئاوی خواردنەوەی نییەو بەتانكەر ئاوی بۆ دەڕوات، ناكرێت تۆ زەویت دابەشكردبێت كرابێت بەخانووش كەچی ئاوی خواردنەوەو ئاوەڕۆو قیرتاو نەكرابێت، من خۆم بۆ خۆم لەڕووی خزمەتگوزاری شارەوانییەوە بەم دۆخە هیچ ئومێدێك نابینم.
هاوڵاتی: وەك قایمقامێك كە لەپشكی بزوتنەوەی گۆڕان ئەم پۆستەت وەرگرتووە دەسەڵاتەكانت چەندە، خۆت لێیان رازیت، كێشەو گرفتەكانت چین؟
قایمقامی دەربەندیخان: «وەك خۆم قەناعەتم بەوەیە زیاد لەئەركی خۆمم راپەڕاندووە، خۆت دەزانی ئێستا كەدوای یانزەی شەوە من لەدیوانی قایمقامیەتم، چەندەها شەوی تریش هاتوومەتەوەو لەدوای دەوام لێرە كاردەكەم، وەك قەناعەتی خۆم بەقەدەر ماندووبونەكانی خۆم لێی رازیم، بەڵام هێشتا ئەم شارە زیاد لەوەی پێویستە كە كردوومانەو حەقی ئەوەی هەیە بەسەرمانەوە كە زیاد لەمەش خۆمان ماندووبكەین و هێندەی ئومێدی خەڵك هەوڵبدەین».
هاوڵاتی: تا چەندێك نزیكی لەخەڵكەوە؟ بەبڕوای خۆت خەڵك چیان هەیە بۆت؟
قایمقامی دەربەندیخان:»من سوپاسی خەڵكی دەربەندیخان دەكەم كە بۆ بچووكترین شت پەیوەندیم پێوەدەكەن، یەك شت هەیە حەزدەكەم بیڵێم ئەویش ئەوەیە كۆی ئەو كێشەو گرفتانەی لەشارەكەدا هەیە بەشێكی زۆری پەیوەندی بەدەسەڵاتی من و لەدەسەڵاتی مندا نیە چارەسەری بكەم، خەڵك بۆ ئاو، بۆ ئاوەڕۆ، بۆ قیرتاوكردن، لەبچووكترین داواكارییەوە بۆ گەورەترین داواكاری بۆ لای من دێت، پەیوەندی بەمنەوە دەكەن، هەر ئەمەشە وایكردووە ئاگام لەبچووكترین گرفتی ئەم شارە بێت.
ئێمە درێغی ناكەین و هەوڵی ئەوە دەدەین بۆ چارەسەركردنی گرفتی سەرجەم سێكتەرەكان، هیوادارین پشتیوان و پشتگیری خەڵك بەردەوام بێت بۆمان، ئێمە بەپشتیوانی خەڵك هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی خواست و پێداویستی خەڵك بەدیبهێنین».

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار