دراوی ئەلیكترۆنی ... رێگایەك بۆ بردنەدەرەوەی پارە

2 ساڵ لەمەوپێش



هەژار ئەنوەر

بەسەدان هاووڵاتی لەهەرێمی كوردستان بەمامەڵەكردن بەدراوی ئەلكترۆنی بەتایبەتی (بیتكۆین و كریپتۆ) زیانمەندبوون، دراوی ئەلكترۆنی نزیكەی (11) هەزار جۆری هەیە، حكومەتی هەرێم قەدەغەی كردووە، بەڵام هەر مامەڵەی پێوەدەكرێت، شارەزایانی ئابووری ئەم جۆرە دراوە بەمەترسی گەورە دەزانن لەسەر تاك بە گشتی و رێگەیەكی ئاسانە بۆ بردنە دەرەوەی پارە لەهەرێمی كوردستان، سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستانیش دەڵێت: مامەڵەكردن بەدراوی ئەلیكترۆنی لەڕووی شەرعەوە بەهیچ جۆرێك ڕێگەپێدراو نییە، هاوڵاتی ئەو كەسانەی دوواندوە كەمامەڵە بەم دراوەوە دەكەن و زیانمەند بوون.

لەساڵی 2009 لەلایەن هاووڵاتیەكی چینی بەناوی (ساتووشی) سایتێكی دراوی ئەلیكترۆنی دامەزرا كە دیارترینیان بیتكۆین و كریپتۆیە، ئێستا مامەڵەكردن بەم دراوە لەهەرێمی كوردستان كاری پێدەكرێت، بەڵام ئەم مامەڵەكردنە مەترسی لەسەر ئابووری تاك دروستكردووە.

بانكی ناوەندی عێراقی بڕیاری قەدەغەكردنی مامەڵەكردنی بەم دراوە دەركردووەو لەهەرێمی كوردستانیش لەڕێگەی وەزارەتی ناوخۆوە وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن راسپێردراوە قەدەغە بكرێت و بڕیارەكەش چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، چونكە بەسەدان هاووڵاتی تووشی زیانی ماددی زۆر بوون.

نەجات فارس كە هاووڵاتیەكی شاری هەولێرە باسی سەرەتای مامەڵەكردنی بەدراوی ئەلیكترۆنی بۆ هاوڵاتی دەكات و دەڵێت: "سەرەتای بەشداریكردنم لەبازاڕی كریپتۆ دەگەڕێتەوە بۆ دوو ساڵ پێش ئێستا، لەڕێگەی چەند هاوڕێیەكی نزیكی خۆمەوە هاتمە ناو ئەم بازاڕەو دەستمكرد بەكڕینی دراوی ئەلیكترۆنی، كە هیچ شارەزایم لەسەری نەبوو، تەنها ئەوەم دەزانی هاوڕێكانم بەبڕە پارەیەكی كەم دراویان كڕیبوو قازانجێكی باشیان كردبوو، منیش بەو شیوەیە هاتمە نێو ئەم بازاڕە، بەو مەبەستەی بتوانم قازاجێكی باش بكەم".

وتیشی:" تاكو ئێستا زیاتر لە (40) هەزار دۆلارم خۆستووەتە نێو ئەم مامەڵەیە بەشێوەكی رێژەیی هەر جارەو بەبڕێك  بەشداریم كردووە، و  زۆرێك لەنزیكەكانی خۆم لەڕێگەی منەوە هاتوونەتە نێو ئەم  بازاڕە كە هەریەكەیان بەزیاتر لە  (100) هەزار دۆلار هاتوونەتە ناو ئەم بازاڕەوە.

"ئەگەر شارەزاییت هەبێ دەتوانی قازانج بكەی، بۆ نموونە دراوێك دەكڕی  لە (500) دۆلار (50) دۆلارت خێربێ، بەكاتێكی كەم، ئەمە وادەكات تەماح بتگرێت و پارەیەكی زیاتر بخەیتە نێو مامەڵەكە بۆ ئەوەی قازانجی زیاتر بەدەست بێنی، ئینجا ناشزانی لەكوێ بەرز دەبێتەوە یان دادەبەزێت، بۆیە لەناكاو دابەزینێكی زۆر خێرا دێت و  تووشی زیانێكی زۆر دەبی، من تائێستا (3) هەزارو (700) دۆلار زیانم كردووە، چونكە شارەزاییم لەم بازاڕەدا نەبووە، ئیشكردن لەم بازاڕە زانستە ئەگەر شارەزاییت لەو زانستە نەبێت كاری تێدانەكەی باشترە، خەڵكانێك هەیە قەرزی بۆ دەكات یاخود ئۆتۆمبێلەكەی دەفرۆشت لەپێناو بەدەستهێنانی قازانجێك، لەكاتێكدا شارەزایشی نیەو تووشی زەرەری زۆر دەبێت، زۆرجارێش كێشەی كۆمەڵایەتی لێ دروستبووە، تا حاڵەتی  جیابوونەوەش روویداوە لەنێو هاوسەرەكاندا"، نەجات فارس وای وت.

شارەزایانی ئابووری ئەم جۆرە دراوە بەمەترسی گەورە دەزانن لەسەر تاك بۆ گشتی، چونكە رێگەیەكی ئاسانە بۆ بردنە دەرەوەی پارە لەهەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە، بەجۆرێك كاریگەی لەسەر ئابووری دروستدەكات.

بەپێچەوانەی ئەو هاووڵاتیانەی زیانمەند بوون، رێباز حەسەن شارەزای دراوی ئەلیكترۆنی، بۆ هاوڵاتی دواو و دەڵێت: "ئەم مامەڵەیە جیهانییەو تایبەت نییە بەوڵاتێك و تائێستاش هیچ وڵاتێك نەیتوانیوە رێگری لێبكات و لەهەرێمی كوردستان ئەو مامەڵەیە دەكرێت و رێگریكردن لێی ئەستەمە".

وتیشی: "هۆكاری زیانی ماددی نەشارەزاییەو دەبێ دراوی ئەلكترۆنی و ئەو كۆمپانیایانەی كار بەدراوی ئەلیكترۆنی دەكەن جیاكەینەوە، ئەوانەی زەرەریان زۆر كردووە پارەكانیان داوەتە ئەو كۆمپانیایانە، بۆیە زەرەرمەند بوونە، ئەوەی تر مامەڵەكە لە دەستە خۆتە، كڕین و فرۆشتن دەكەی".

ئەو شارەزاییەی دراوی ئەلیكترۆنی ئاشكرایدەكات:"تائێستا هیچ شوێنێكی فەرمی نییە لەهەرێمی كوردستان بۆ ئەم كارە ئەوەی هەیە بەئۆنلاین ئاڵوگۆڕی پێدەكرێت".

لای خۆشیەوە ئابووریناس و مامۆستای زانكۆ نەوزاد هەمەوەندی بە هاوڵاتی راگەیاند:" مەترسیەكانی دراوی ئەلیكترۆنی باڵی بەسەر جیهان و عێراق و هەرێمی كوردستانیش كێشاوە، ئەم دراوە گریمانەییانە ئیفلاسی هێناوەو هیچ پاڵپشتیەكی یاسایی و نێودەوڵەتی نییە، مەترسیەكەی بەجۆرێكە ئێستا نزیكەی (11) هەزار جۆری هەیە".

"هیچ نێوەندگیرییەك نییە بۆ نموونە وەك بانك، راستەوخۆ كڕیار مامەڵەكە دەكات، جگە لەمانەش كارە تیرۆریستیەكانیش لەڕێگەی دراوی ئەلیكترۆنی دەكرێن چونكە لەكاتی حەواڵەكردن و ئاڵوگۆڕكردن هیچ جۆرە دەموچاوێك و ناونیشانێك دیارنییە، بەمەش ئاسانكاری دەكرێت بۆ كاری نایاسایی، لەماوەی چەند مانگی رابردوو دراوێك بەناوی لونە چەندین ملیۆن دۆلاری خەڵكی بردوو سایتەكەش داخرا بەم هۆیەوەش خەڵكێكی زۆر مایەپووچ بوون، دراوی پای یارییەكی مەترسیدارەو پێویستە هاووڵاتیان زۆر بەوردی ئاگاداربن، لەبەرئەوەی سوودمەندبوون ئاسان نییە، رەنگە بۆ هەندێ كەس وابێت، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی قازانجكردنی زەحمەتە"، نەوزاد هەمەوەندی وای وت.

محەمەد شوانی یەكێكی ترە لەكڕیارو فرۆشیاری دراوی ئەلیكترۆنی، ئەو دەڵێت:"لەرێگەی هاوڕێیەكمەوە زانیارییە سەرەتاییەكانم وەرگرت و بەشداری ئەم مامەڵەیەم كردو حەزم كرد زوو دەوڵەمەندبم، تاوەكو ئێستاش نزیكەی (10) هەزار دۆلارم زەرەر كردووە، لەم مامەڵەیە 90%ی قازانج ناكەیت".

عەبدوڵا وەیسی سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی لە كوردستان بە هاوڵاتی ڕاگەیاند:" لێژنەی باڵای فەتوا لەهەرێمی كوردستان لەساڵی 2020 و 2021، دوو فەتوای دەركردووە لەسەر مامەڵەكردن بەدراوی ئەلیكترۆنی، كە لەڕووی شەرعەوە بەهیچ جۆرێك ڕێگەپێدراونییە، لەبەر ئەوەی هیچ پاڵپشتی یاسایی و داراییان نییە بۆیە ناكرێ وەك دراویش مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت".

وتیی:" ئەنجومەنی باڵای فەتوا بڕیاریداوە كە مامەڵەكردن بەدراوی ئەلیكترۆنی دەچێتە چوارچێوەی بەهەدەردانی ماڵی خۆت بە ناحەق، چونكە پاراستنی سەروەت و ماڵ لەئاینی ئیسلامدا بەهایەك و رێزێكی زۆر گەورەی هەیە، بۆیە داوا لە هاووڵاتیانیش دەكەین خۆیان بەدووربگرن لەم جۆرە مامەڵەكردنانە".

هاووڵاتیەكی دیكە بەناوی یاسر محەمەد باسلەوە دەكات كە بەشداریكردنی  لە دراوی ئەلیكترۆنی بۆ هاورێكانی دەگەڕێتەوە، كە بۆیان باسكردووە، قازانجی زۆرە، كە ئەگەر بەبڕی چەند سەد دۆڵارێك بكرێت، دواتر دەبێتە سێ هێندەو پارەیەكی باشی دەستدەكەوێت.

یاسر محەمەد وتیشی:  هەركاتێك نرخەكەی دادەبەزی پارەی كاشم تێدەكرد بەو نیەتەی كەڕۆژێك هەر بەرز دەبێتەوەو قازانجی لێدەكەم، نزیكەی (20) هەزار دۆلارم تێكردووە، ئێستا نەك قازانجم نەكردووە بەڵكو رۆژ بەڕۆژ چاوەڕێ دەكەم نرخەكەی بەرزبێتەوەو ئەو پارەیەی خستوومەتە نێو ئەم مامەڵەیە بێتەوە دەستم، ئینجا  ناتوانین سكاڵا لەهیچ كەسێك بكەین، چونكە نازانین ئەم پارەیە دەچێتە گیرفانی كێ".

بیتكۆین دراوێكی ئەلیكترۆنەو ژمارەیان (12) ملیۆن بیتكۆینە، لەسەر سیستەمی بلۆك چەین كار دەكات و لە ساڵی 2009 دروستكراوە، هەر بیتكۆینێك دابەش دەبێت بۆ (100) ملیۆن ساتۆش، ساتۆشیش ناوی داهێنەری بیتكۆینە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار