لاڤرۆڤ: وڵاتانی خۆرئاوا لایەنێکن لە پێكدادانه‌كانی ئۆکراینا

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتانی خۆرئاوا بۆ ئەوەی رووسیا لاواز بکەن ئامانجیان ئەوەیە تا له‌توانایاندایه‌ پێکدادانەکانی ئۆکراینا درێژبکەنەوە و رایگه‌یاند: "هێڵێکی لەو شێوەیە مانای ئەوە دەدات کە وڵاتانی رۆژئاوا راستەوخۆ دەستیان لە پێكدادانه‌كانی ئۆکراینادا هەیە و ئەوانیش ده‌بنه‌ لایەنێک".

سێرگی لاڤرۆڤ لەو گوتارەی کە لە ئەنجوومەنی ئاسایش پێشکەشی کرد ئاشكرایكرد، سوپای ئۆکراینا و پێکهاتە نەژادپەرستەکان ماوەی هەشت ساڵە دانیشتووانی دۆنباس دەکوژن و بەردەوامن لە کوشتنیان.

لاڤرۆڤ ئەوەشی خستەڕوو کە خەڵکی دۆنباس بڕیاریانداوە بەرگری لە مافەکانیان لە ئازادیی بەکارهێنانی زمانی رووسی وەک زمان دایک کە بەپێی دەستووری ئۆکراینی دەستەبەر کراوە، بکەن.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا باسی لەوەش کرد، ئەوەیان دەستنیشان کردووە کە باڵادەستترین فەرماندەی نێو سوپای ئۆکراینا، ئەفسەرەکان و سەربازە بەکرێگیراوەکانی وڵاتانی دیکەش لە ئۆکراینا تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە و جەختی لەوە کردەوە کە لێپرسینەوە لەگەڵ ٢٢٠ کەس دەکەن.

سێرگی لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوە کرد کە سوپای رووسیا تەنها رووبەڕووی هێزە سەربازییەکانی کیێڤ نەبووەتەوە بەڵکو لە هەمان کاتدا رووبەڕووی بزوینەری سەربازیی خۆرئاوا بووەتەوە و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد چیتر وڵاتانی خۆرئاوا نیازەکانیان ناشارنەوە.

لاڤرۆڤ رایگه‌یاند: "سەرەڕای زیان و کاولکارییەکان ئامانجیان ئەوەیە تا له‌ توانایاندایه‌ ململانێکان درێژبکەنەوە بۆ ئەوەی رووسیا ماندوو و لاواز بکەن. هێڵێکی لەو شێوەیە مانای ئەوە دەدات کە وڵاتانی رۆژئاوا راستەوخۆ دەستیان لە ململانێکانی ئۆکراینادا هەیە و ئەوانیش ده‌بنه‌ لایەنێک. هەروەها هاندانی بە ئەنقەستی خۆرئاوا بۆ ئەم ململانێیە بەبێ سزادان دەڕوات".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار