ئازادی و سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەت
2 ساڵ لەمەوپێش
کارۆخ خۆشناو
ئازادی و سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەت پڕۆسەیەکی درێژخایەن و دوورمەودان، پێویستی بە قوربانی و پلانی پێشوەختە و زەمینەسازیی هەیە، کوردیش ئەم پڕۆسەیەی دەست پێکردووە و یەکەم هەنگاویشی ناوە کە بریتی بوو لە (رێفراندۆم) ، هەر کاتێک بارودۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەبار بوو، دەکرێت کورد هەنگاوی تر بهاوێژێت و پڕۆسەکە تەواو بکات. لە ئێستادا بارودۆخی ناوچەکە ناسەقامگیرە و کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە ئارادان لە ژێر چەتری ڕێکەوتنەکانی (ئیبڕاهیمی و شامی نوێ و نیۆم و گرێبەستی سەدە) بۆیە پێویستە سەرکردایەتی کوردستان هەوڵبدات بەرژەوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و زلهێزەکان پاراڵێڵ و هاوتەریب بکات تاکو نەبنە ڕێگر لەبەردەم سەربەخۆیی کوردستاندا، لە سەرووی هەموو ئەو وڵاتانەش ئەمریکا دێت، کە پێویستە کورد بەرژەوەندیەکانی خۆی لەگەڵی هاوتەریب بکات، تاکو پشتگیری ناوەندەکانی بڕیاری ئەمریکا بەدەست بهێنێت، ئەم هەنگاوەش لە ڕێگای پڕۆسەی لۆبیکردن دەکرێت، بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەیەش پێویستیمان بە میکانیزمی دیبلۆماسی نەرم و سەردەمیانە هەیە لە پێناو بە مەنزڵ گەیاندنی پەیامی پیرۆزی ڕیفراندۆم و بەدیهێنانی خەونی سەربەخۆیی کودستان