ئەوروپا بۆ مەرگی ژینا سزا بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەهۆی مەرگی ژینا ئەمینی و سەرکوتی خۆپیشاندەران، پەلەرمانی ئەوروپا پڕۆژەبڕیارێکی دژی دەسەڵاتی ئێران پەسەند کرد.
پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا لە دانیشتی رۆژی پێنجشەممەدا بەکۆی دەنگ پڕۆژە بڕیارێکی دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران پەسەند کردو بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ئەوروپاش رایگەیاند؛ خۆیان بۆ کاردانەوەکانی تاران و چۆنیەتیی جێبەجێکردنی سزاکان ئامادە دەکەن.
لە پرۆژەبڕیارەکەی پەرلەمانی ئەوروپا داوای رونکردنەوە و ئاشکراکردنی هۆکارەکانی مەرگی ژینا و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران کراوەو کۆماری ئیسلامی ئێران وەک بەرپرسیاری یەکەمی سەرهەڵدانی توندوتیژییەکان لەقەڵەم دراوە.
داواش لە سەرجەم وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا کراوە بە هەماهەنگیی لەگەڵ رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەن کاربکەن بۆ لابردنی ئەو لێخۆشبونانەی کە پێشتر لە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤدا بۆ دەسەڵاتی ئێران دەرکراوە.
جۆزێپ بۆڕێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە کۆبونەوەی رۆژی پێنجشەممەی پەرلەمانی ئەوروپا رایگەیاند؛ ئامادەکاریی دەکرێت بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی سزاکان و کاردانەوەی ئێران.
