حكومەتی هەرێم وەك هاندەری سپیكردنەوەی پارە.. چەكی بەڵێندەران بە نمونە 

2 ساڵ لەمەوپێش



زەیدان مەلا تەها*

چەكی بانك كۆڵەكەیەكی گرنگی مامەڵەی ئابووری و بازرگانییە، ئاسانكارییەكیشە بۆ پاراستنی پارە لە دزی و ون بوون بەو پێیەی چەك كە كاغەزێكە جێگەی پارەیەكی زۆری كاش دەگرێتەوە، سروشتی ئەم كاغەزە یاساییەش وەهایە هەركاتێك بخرێتە ڕوو، دەبێت یەكسەر ببێتە پارەی وشكە، هەر لەبەر ئەو گرنگییەشی چەكی پارە هەیەتی یاسای بازرگانی عێراق (30 / 1948) ئەوەی یەكلایی كردووەتەوە كە چەك یەكسانە بەپارە ئەگەر مەرجە یاساییەكانی تێدا بێت. 


لە ساڵانی قەیرانی دارایی و پاش ساڵی 2021 حكومەتی هەرێم وەك زۆر هەنگاوێكی تری نابەجێی، چەكی پارەی بێ بەها كرد و لە ناوەڕۆكی خۆی بەتاڵی كردەوە، ئەویش بەدەركردنی چەك بۆ بەلێندەران بەبێ ئەوەی لانیكەم لە بەرامبەریدا پارەی وشكە لە بانكەكاندا هەبن، ئەمەش بەگوێرەی یاسا سەرپێچی و پێشێلكاری و بیدعەیەكی داهێنراوە كە مافی داهێنانەكەی تەنها بۆ هەرێم پارێزراوە، چونكە بەگوێرەی مادەی 459 لە یاسای سزادانی عێراقی (111/ 1969)  كە وڵاتی بنەڕەتیی ئێمەیە، دەركردنی چەك بەبێ هەبوونی ڕەسیدی فیعلی لە بەرامبەریدا تاوانە، بەوپێیەی چەكی بێ ناوەڕۆك دەبێتە هۆی لەرزاندنی بازاڕ، هەروەها  یاریكردن بە دارایی وڵات و لەسەر ئەم تاوانەش سزای پێ بژاردن و زیندانی كردن بۆ ئەوانە دانراوە كە كاری وەها دەكەن. 

 

چەكە بێ رەسیدەكانی حكومەتی هەرێم كە بەلێندەرانی بێ خڵافێنرا بەرامبەر پڕۆژەكانیان، كارەساتی گەورەی ئابووری بەدوای خۆیدا هێناوە، دەرگای كردوەتەوە بۆ گەندەڵی و ڕەشوە و یاری كردن بە سامانی گشتی، خەڵكێكی زۆر لە بازاڕ ئەو چەكانەیان دەكڕی بەنیوەی بەهای خۆی، پاشان بە بەرتیل و رێككەوتن لەگەڵ بەرپرسانی دەستڕۆیشتووی دارایی و بانكی دەیانكردە پارەی نەخت، لەمەشدا قازانجێكی زۆریان دەكرد. زەرەرمەندی یەكەمی ئەم پرۆسەیەش ئەوانەبوون كە پارەی كاشیان لە بانك داناوە یان مووچەخۆر بووون و قەرزیان لای حكومەتە چونكە پارە وشكەكە دەچوو بۆ بۆ بەرتیل و بۆ قازانجی ئەوانەی مامەڵەی پێوە دەكەن، بەشێك لەوەش بۆ بەلێندەران كە شمەك و خزمەتگوزارییان پێشكەش بە حكومەت كردووە، بەڵام ئەوانەی پارەی كاشیان لە بانكدا داناوە پارە نەبو وەری بگرنەوە!. 

یەكێك لە لێكەوتەكانی ئەم بیدعە یاسایی و داراییەش قەرزاربوونی حكومەتی هەرێمە بەرامبەر بە بانكی بازرگانی عێراق (TBI) بە پارەیەكی زۆر كە بڕیاربوو لە ساڵی 2021 بەدواوە بۆ ماوەی 10 ساڵ بە قیست بیبژێرێت، چونكە ئەو بانكە فیدراڵییەی عێراق بەنرخی كەمتر لە هی خۆی، هەزاران لەو چەكە بێ ناوەڕۆكەی كڕیوە لەسەر متمانەی ئەوەی لە حكومەتی هەرێمەوە دەرچوون و فەرمین و دەبێت خەرج بكرێن. بژاردنی ئەو قەرزانەش پێشمەرجی خەرجكردنی پشكی هەرێم بووە لە بودجەی عێراق و هەركاتیش باسی پشكی هەرێم بێتەوە كایە لە بودجەدا دەبێت ئەو قەرزانە ببژێرێتەوە و باس لەوە دەكرێت بڕەكەی 4 ملیار دۆلارە! كە ببێگومان بەشی زۆری بۆ قازانجی بانكەكەیە و سوورە لەسەر ئەوەی داوای سووی قەرزەكانیشی لە حكومەتی هەرێم بكاتەوە. 


بەگوێرەی هەندێ داتای لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان تا ئێستا تەنها لە سلێمانی بڕی 470 ملیار دینار چەكی بێ ناوەڕۆك لە بانكەكاندا ساغ كراونەتەوە و كراون بەپارەی كاش، لە یەكێك لەو سپیكردنەوانەشدا دۆسیەیەك لە دادگای سلێمانی هەیە لە سلێمانی خاوەن كۆمپانیایەك كە تەنها 50 هەزار دیناری لە بانكی ئاشتی داناوە، لە ساڵی 2016 كەچی بەهای 9 (نۆ) ملیار دینار چەكی بانكیی ڕاگیراوی بەلێندەرانی بە نیوەی بەهای خۆی كڕیوەتەوە و حەواڵەی هەژمارە بانكییەكەی خۆی كردووە كە تەنها 50 هەزار دیناری تێدا بووە، پاشان بە خاترانە و ڕێككەوتن لەگەڵ ژنێكی تری دەستڕۆیشتووی بەرپرس لە بانك هەر 9 ملیارەكەی كردووە بە پارەی كاش، بەمەش كێشەیەكی گەورەی پارەی وشكەی دروستكردووە، ئەوەی جێگای سەیرە لیژنەی لێكۆڵینەوە پاش سەلماندنی ئەم پارە سپیكردنەوە و فرت و فێڵە تەنها سزای سەرنجڕاكێشانی (لفت النظر) بۆ بەرپرسە ژنەكەی بانك دەركردووە، لە كاتێكدا ئەو بەرپرسە بانكییە پارەی "الحساب الجاري" بە فیرۆ داوە هەروەها كاتێك ئەمەی كردووە قەیرانی دارایی لە هەرێمدا لە لوتكەدا بووە، جگە لەوەش دوو ساڵ پێشتر مامەڵەكردن بە چەكی بەڵێندەران قەدەغە كراوە، ئەم لێپیچینەوە سەرپێی و چاوپۆشییەش هیچ جێگای سەیر نییە چونكە لە بنەڕەتدا حكومەت خۆی داهێنەر و هاندەری ئەم قۆڵ بڕینەی بەلێندەران و دەرگا كردنەوەیە بۆ ڕەشوە و پارە خۆری بەرپرسانی بانك و ئەوانەی لە پشت ئەوانەوەن. 

 

* دەرچووی كۆلێژی یاسا

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار