بەریتانیا سزا بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەریتانیا رایگەیاند؛ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی و پۆلیسی ئەخلاق لە ئێران بە هۆکاری سەرکوتی خۆپیشاندەرانی وڵاتەکە دەزانین بۆ سزایان بەسەردا دەسەپێنین.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رۆژی دوشەممە لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد سەرجەم دامەزراوە و بەرپرسانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەهۆی سەرکوت و هەڕەشە لە خەڵکی وڵاتەکە سزا دەدات و دەست بەسەر داراییەکانی ئەو بەرپرسانەدا دەگرێت.
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەدا هاتوە جگە لە پۆلیسی ئەخلاق سزاکانی لەندەن بەرپرسانی دامەزراوەی بەسیج سەر بە سوپای پاسداران و بەپرسانی یەکە تایبەتەکانی هێزە ئەمنییە و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پۆلیس لە ئێران دەگرێتەوە و دەستیش دەگیرێت بەسەر هەر جۆرە دارایی و سامانێک کە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە رێگەی کەسانی دیکەوە لە بەریتانیا هەیانبێت.
وەزارەتەکە رونی کردوەتەوە ئەو بەرپرسانە گەشتیان لێ قەدەغە دەکرێت و رێگەیان پێنادرێت بێنە خاکی بەریتانیاوە.
جەیمز کلێڤێرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بە ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز)ی راگەیاندوە؛ ئەو سزایانە پەیامێکی رونە بۆ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆیە لەندەن ئەو بەرپرسانە بەهۆی سەرکوتی خۆپیشاندەران و ئەو توندوتیژیە سەرسوڕهێنەرەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت بە بەرپرسیار دەزانێت.