سەرۆکی بێلاڕووس: ئۆکراینا پلانی هێرشکردنە سەر وڵاتەکەمان دادەنێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ڕووسیا و بیلاڕووس رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی یەکێتییەکی سەربازیی هەرێمیی هاوبەش و سەرۆکی بێلاڕووسیش ڕایدەگەیەنێت ئۆکراینا پلان دادەنێت بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەی

سەرکۆماری بێلاڕووس، ئەلێکساندر لوکاشینکۆ لە میانی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەت لە مینسک پایتەختی بێلاڕووس رایگەیاند کە دۆخی دەوروبەری بێلاڕووس "گرژ"ە و ئۆکراینا پلان دادەنێت بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەی و گوتی: "بەپێی پێویست وەڵامی ئەوە دەدەینەوە. خاوەنەکانی ئۆکراینا بۆ ئەوەی ئێمە رابکێشنە ناو جەنگەکە هەوڵ دەدەن جەنگ لە دژی بێلاڕووس دەست پێ بکەن. ئەمەیش (لە بەرامبەر) بێلاڕووس و رووسیا ئەنجام دەدەن".

سەرکۆماری بێلاڕووس بە جەخت کردنەوە لەوەی کە پێویستە رێگە بەو کارە نەدەن، گوتی: "رێوشوێنی پێویستمان گرتووەتە بەر لە باشووری سنوورەکانمان. بەرپەرچی هەر دوژمنێک دەدەینەوە، ئەوان چەندین ساڵە خۆیان بۆ ئەمە ئامادە دەکەن".

لوکاشینکۆ بە تیشک خستنە سەر ئەوەی کە هەفتەی رابردوو لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین کۆبووەتەوە، گوتی: "بەهۆی زیادبوونی گرژییەکان لە سنوورەکانی رۆژئاوای دەوڵەتی یەکگرتوو، رووسیای فیدراڵ و کۆماری بێلاڕووس گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ دروستکردنی یەکەی سەربازیی هەرێمیی. ئەمە لە بەڵگەکاندا نووسراوە".

سەرکۆماری بێلاڕووس، ئەلێکساندر لوکاشینکۆ ئاماژەی بەوە دا کە بنەمای ئەو گرووپە لە سوپای بێلاڕووس پێک دێت و هەزاران سەربازی رووسیایش بەشداری تیادا دەکەن، گوتی: "پێویستە لە ئامادەکاریدابین بۆ پێشوازیکردن لە سەربازانی رووسیا بەم نزیکانە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار