ئێران: بەردەوام دەبین لە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
فەرماندەیەکی باڵای ئێران رایگەیاند؛ هێرشەکان بۆسەر پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێم دوبارە دەکەنەوە و وتیشی: چاودێریی بنکەکانی ئەمریکاش دەکەن.
محەمەد باقری، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند؛ زیاتر لە هەزار و 200 بنکە لە هەرێمی کوردستان دژایەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن و ئیسرائیل لەو رێگەیەوە دەیەوێت زیان بە وڵاتەکە بگەیەنێت.
ئەو ئاماژەی بەوە کردوە کە یەکێک لەو بنکانە کە لەهەولێر بوە لە رابردودا کراوەتە ئامانج.
باقری پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی تۆمەتبار کردوە کە لە هەرێمی کوردستانەوە هێرش دەکەنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و وتویەتی: لە چوارچێوەی یاسا و رێساکانی نەتەوەیەکگرتوەکاندا هێرشەکان بۆ سەر ئەو پارتانە دوبارە دەکەنەوە.
سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران وتوشیەتی: خەڵکی هەرێمی کوردستان چەند جارێک دژی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەردەم بنکە و بارەگاکانیان خۆپیشاندانیان کردوە و داوایان کردوە بنکە و بارەگاکانیان چۆڵ بکەن.
محەمەد باقری لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا؛ جەختی لەوە کردوەتەوە کە چاودێریی هەمو بنکەکانی ئەمریکا دەکەن لە وڵاتانی دراوسێی بە تایبەت عێراق بە وتەی ئەو هۆشداریی دراوە ئەگەر لەو بنکانەوە مەترسیی بۆ ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران دروست بکرێت ئێران وەڵامی دەبێت.