حکوومەتی نوێی سوید بەنیازە کوردەکان ڕادەستی تورکیا بکاتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەگوێرەی راپۆرتێکی بلومبێرگ، سەرۆکی نوێی حکوومەتی سوید کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەستبەکاربێت، خواستی خۆی بۆ جێبەجێ کردنی رێککەوتنێک لەگەڵ تورکیا بۆ رادەستکردنەوەی ناڕازییەکورد کان راگەیاند، ئەوەش لە بەرامبەر ڕازی بوونی ئەنقەرە بە ئەندامێتی ستۆکهۆڵم لە ناتۆ.
ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ بڵاوی کردووەتەوە کە ئولف کریستێرسۆن کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو وەکوو سەرۆک وەزیرانی نوێی سوید سوێندی یاسایی بخوات، ڕایگەیاندووە کە ڕێز لە ڕێککەوتنی نێوان سوید و تورکیا دەگرن سەبارەت بە ئەندامێتی ئەو وڵاتە لە ناتۆ.
سوید و فینلاند لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا بە سەرپەرشتیی ناتۆ، رێککەوتنێکیان لەگەڵ تورکیا واژۆ کرد، بەپێی ئەو رێککەوتنە تورکیا رازی دەبێت بە ئەندامبوونیان لە ناتۆ لە بەرامبەر بەڵێنی ئەم دوو وڵاتە سەبارەت بە هەڵگرتنی گەمارۆی چەک لەسەر تورکیا و رادەست کردنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا بە تایبەت کوردەکان.
لە کۆی 30 وڵاتی ئەندامی ناتۆ، 28 وڵات لەسەر ئەندامێتی سوید و فینلاند رێککەوتوون، بەڵام تورکیا و هەنگاریا تا ئێستا رێککەوتنی کۆتایی خۆیان رانەگەیاندووە.
کریسترسۆن ڕایگەیاندووە کە ئێمە ئەم بەڵێنانە جێبەجێ دەکەین، کە پەیوەندییان بە سوید و فینلاندەوە هەیە. جەختیشی لەوە کردەوە کە پەیوەندیی لە نێوان ئەم سێ وڵاتەدا (تورکیا،فینلاند و سوید) لە ئاستێکی بەرزدایە و پرۆسەکە بە باشی دەڕواتە پێش.