ئێران موشەک بە روسیا دەفرۆشێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرچاوەکانی ئەمریکا ئاشکرای دەکەن ئێران موشەکی بە روسیا فرۆشتوە بڕیارە کاروانێکی دیکەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش بۆ ئەو وڵاتە رەوانە بکات.

رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) و ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) لە ئەمریکا بڵاویان کردوەتەوە؛ ئێران موشەکی بالیستی کورت مەودای بە روسیا فرۆشتوە بە مەبەستی بەکارهێنانی لە جەنگی ئۆکرانیا و بڕیارە کاروانێکی دیکەی فڕۆکەی بێفرۆکەوانی جۆری (شاهید 136) و (موهاجر 6) رادەستی روسیا بکات.

ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرای کردوە؛ محەمەد موخبیر، جێگری سەرۆک کۆماری ئێران لە کاتی سەردانی بۆ مۆسکۆ گرێبەستی فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی لەگەڵ بەرپرسانی روسیا واژۆ کردوە و روسەکان خوازیاری وەرگرتنی دەیان موشەکی جۆری (فاتیح 110) و (زولفەقار) بون.

موشەکی بالیستیکی فاتیح مەودا کورتە توانای بڕینی 300 کیلۆمەتری هەیە و موشەکی زولفەقاریش توانای بڕینی 800 کیلۆمەتری هەیە.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئاماژەی بەوە کردوە روسیا داوای کردوە لە زوترین کاتدا ئێران ئەو موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە رادەستی روسیا بکات. پێشتر ئەمریکا ئاشکرای کردبو کە ئێران زیاتر لە 100 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بە روسیا فرۆشتوە کە ئامانجی مۆسکۆ لە کڕینی ئەو فڕۆکانە بەکارهێنانی بوە لە دژی ئۆکرانیا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار