پێنتاگۆن: "رووسیا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران وەک چەکی دەروونی بەکاردەهێنێت"

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، عەمید پاتریک رایدەر ئەوەی ئاشکرا کرد کە رووسیا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران وەک چەکێکی دەروونی لە ئۆکراینا بەکاردەهێنێت، بەڵام ئەمە هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت کە رووسیا لە ئۆکراینا ناچار بە پاشەکشێ و لەدەستدانی خاک بووە.

مشتومڕەکان لەسەر بانگەشەکانی ئەوەی کە "هێزەکانی ئێران لە دورگەی قرم مەشقی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بە سوپای رووسیا کردووە" لە واشنتۆن بەردەوامە.

لە دوای کۆشکی سپی، گوتەبێژی پنتاگۆنیش لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەیدا دەربارەی بابەتەکە روونکردنەوەی دا و ئەوەی پشتڕاست کردەووە کە رووسیا لە رێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانییەوە ئۆکراینای کردووەتە ئامانج و سەربازانی ئێرانیش دەربارەی شێوازی بەکارهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، مەشقیان داوەتە هێزەکانی رووسیا.

پاتریک رایدەر گوتیشی: "لەمڕۆدا ئەوە دەبینین کە ئێران نەک بەتەنها لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵکو لە ناوچەکانی دیکەش هاوبەشی لە هەناردەکردنی تیرۆردا دەکات"

رایدەر ئەوەشی دووپات کردەوە کە بەردەوام دەبن لە پشتیوانییەکانیان بۆ ئۆکراینا و رایگەیاند: "دەربارەی کاریگەری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان رەنگە پێشتریش ئەوەتان لە من بیستبێت کە ئەمانە تەنها بۆ دروستکردنی ترس و وەک چەکێکی دەروونی بەکاردەهێنرێن، بەڵام لە رووی کردارییەوە هیچ لەو راستییە کەم ناکەنەوە کە رووسیا لە ئۆکراینا ناچار بە پاشەکشێ بووە".

گوتەبێژەکەی پنتاگۆن ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئۆکراینا ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی خستووەتە خوارەوە بەڵام دەربارەی ئەوەی رووسیا چەند فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەیە، وردەکاری نەخستەڕوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار