دهیویست بهپێ بگاته قهتهر...هاووڵاتییەکی ئیسپانی لەسەر سنووری هەرێمی کوردستان و ئێران بێسەروشوێن دەبێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
میدیاکانی ئیسپانیا بڵاویانکردهوه هاووڵاتییەکی ئیسپانی کە ویستوویەتی بەپێ نزیکەی حەوت هەزار کیلۆمەتر ببڕێت و بۆ جامی جیهانیی تۆپی پێ بچێتە قەتەر، بەپێی میدیای ئیسپانیا لە سەرەتای ئەم مانگەوە لەسەر سنووری هەرێمی کوردستان و ئێران بێسەروشوێن بووە.
بەگوێرەی میدیای ئیسپانیا، سانتیاگۆ سانچێز کۆگیدۆر، هەوادارێکی سەرسەختی تۆپی پێیە و ویستوویەتی بۆ مۆندیالی 2022 بەپێ لە ئیسپانیاوە بچێتە قەتەر، بەڵام لە دوای ئەوەی لە گوندێکی سەر سنووری هەرێمی کوردستان و ئێران دوا پەیامی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە 2ی تشرینی یەکەم بڵاوکردووەتەوە، دواتر دیارنەماوە.
کۆگیدۆر لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە دەستی بە رۆیشتن کردووە و بەو هیوایە بووە تاوەکو کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی دەستپێکی پاڵەوانێتییەکە کە بڕیارە لە رۆژی 20ی مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت، بگاتە قەتەر.
بەڵام کەسوکار و هاوڕێکانی کۆگیدۆر و بە هەزاران فۆڵۆوەرەکانی لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئاشکرایانکرد کە لە 2ی ئەم مانگەوە هیچ هەواڵێکی ئەو شاخەوانە ئیسپانییە نازانن، ئەمەش لەکاتێکدایە کۆگیدۆر بەردەوام وێنەی گەشتەکەی بڵاودەکردەوە.
لە دوا پۆستیدا لە رۆژی 2ی تشرینی یەکەم، لە ئینستگرامەکەی، کۆگیدۆر وێنەی خۆی بڵاوکردووەتەوە لە گوندێکی هەرێمی کوردستان لە نزیک سنووری ئێران بووە و لەگەڵ منداڵانی گوندەکە یاریی تۆپی پێی کردووە و نانی لەگەڵ گوندنشینان خواردووە.
هەروەها لەسەر یەکێک لە دوا وێنەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، نووسیوویەتی "لە دوا گوندی باکووری عێراق، چیایەک لەگەڵ ئێران جیامان دەکاتەوە کە دوا وڵاتە پێش ئەوەی بگەمە قەتەر".
هاوڕێیەکی ئەو شاخەوانە ئیسپانییە بە میدیای ئیسپانی راگەیاندووە، کۆگیدۆر بەردەوام شوێنی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە و دوا پەیامیشی بۆ هاوڕێکانی کاژێر 12؛30ی پاشنیوەڕۆی رۆژی 2ی تشرینی یەکەم بووە.
لەوبارەیەوە، میگوێل بێرگادۆ، کە هاوڕێی کۆگیدۆر-ە، دەڵێت، "دواجار 1ی مانگ قسەم لەگەڵ کرد، ئەو لۆکەیشینی شوێنی مانەوەی خۆی بۆ ناردم کە هەرێمی کوردستان بوو، پێنج کیلۆمەتر لە سنووری ئێرانەوە دوور بوو".
هاوڕێکانی نیگەرانی بێسەروشوێنبوونی کۆگیدۆری تەمەن 40 ساڵن، کە هیچ هەواڵێکی نییە و ترسیان هەیە هاوڕێکەیان لە ئێران دەستگیر کرابێت، کە ئێستا ئەو وڵاتە رووبەڕووی شەپۆلێکی فراوانی خۆپێشاندان بووەتەوە و بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوەکە مرۆییەکانیش، بە هەزاران کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
بێرگادۆی هاوڕێی ئەو شاخەوانە ئیسپانییە دەڵێت، "هەست دەکەم بەهۆی ئەو دۆخە سیاسییەوە، ئەویان دەستگیر کردبێت، چونکە کەسێکی بیانییە. باڵیۆزخانەی ئیسپانیا لە ئێران دەڵێت هەندێک کەس بەهۆی وێنەگرتنی خۆپێشاندانەکانەوە دەستبەسەر کراون و رەنگە ئەویش بەو جۆرە بێت".
هەروەها میدیای ئیسپانیا ئاشکرای کردووە باڵیۆزخانەی ئیسپانیا لە تاران لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی لە گفتوگۆدان بۆ دۆزینەوەی کۆگیدۆر.
ئەو شاخەوانە ئیسپانییە، لە رۆژی 8ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە شاری ئالکالا دێ هێنێرێس لە نێوەڕاستی ئیسپانیا دەستی بە گەشتەکەی کردووە.