سهرۆکی ئۆکراینا: وەزیری بەرگریی رووسیا بابەتی هەڕەشی چەکی ئەتۆمی لهگهڵ چهند وڵاتێک باسکردووه
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە ٢٤٢هەمین رۆژی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا پەیامێکی ڤیدیۆیی لە هەژماری خۆی لە تەلەگرام بڵاوکردەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین پێشهاتەکانی جەنگەکە کردو رایگەیاند رووسیا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆسەر وڵاتەکەی و مەدەنییەکان دەکاتە ئامانج و گوتی، "پێویستە جیهان کاردانەوەیەکی توندی لەبەرامبەر ئەمەدا هەبێت".
سەرۆکی ئۆکراینا، داکۆکی لەوە کرد کە رووسیا هەوڵ دەدات هاووڵاتییانی ئۆکرانیا لەناوببات و گوتی:"ژیان بۆ هەموو ئەو شوێنانە دەگەڕێنینەوە کە رووسیا مردن و رووخاندنی بۆ هێناوە. ئەمە بە تەواوەتی پەیوەندی بە ئۆکراینییەکانەوە هەیە. ئەو شوێنەی ئۆکراینای لێیە بە هیچ شێوەیەک ژیان ناوەستێت. بەڵام، رووسیا دەچێت بۆکوێ با بچێت، تەنها گۆڕی بەکۆمەڵ، کەمپی ئەشکەنجەدان، شار و گوندی خاپوورکراو، زەوی مینڕێژکراو، ژێرخانی رووخێنراو و کارەساتی سرووشتی لە دوای خۆیەوە بەجێدەهێڵێت".
زێلێنسکی، باسی لەوەش کرد کە وەزیری بەرگریی رووسیا، ئەمڕۆ پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری بەرگریی چەند ولاتێک ئەنجامداوە و تاوتوێی بابەتی هەڕەشی چەکی ئەتۆمی کردووە.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، ئەوەشی خستەڕوو کە ئەمڕۆ کەس باوەڕ بە رووسیا ناکات و گوتی: "رووسیا بوو کە لە بارەی کارەساتی تیشکدانەوەی وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا ئیبتیزازی دەکرد. ئەمە رێڕەوی مووشەکەکانی رووسیایە بەتایبەتی بەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئۆکراینا".
سەرۆکی ئۆکراینا، هێزەکانی رووسیای بە مینڕێژکردنی بەنداوی کاخۆفی ناوچەی خێرسۆن کە تازە ئازادیان کردووە و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو لە ئۆکراینا تاوانبار کرد و گوتی: "لەو بڕوایەدام، ئیتر دەبێت جیهان تا دەتوانێت کاردانەوەی توند (لە دژی رووسیا) نیشان بدات".