ئەمریکا ڤیزەی بە شاندێکی رووسیا نەدا
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا رایگەیاند ئەمریکا ڤیزەی بەو شاندەی رووسیا نەداوە کە دەیانەوێت بەشداربن لە کۆنفرانسی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA) کە لە واشنتۆن بەڕێوەدەچێت.
زاخارۆڤا، لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA) لە ٢٦-٢٨ی تشرینی یەکەم لە واشنتۆن کۆنفرانسی "وزەی ئەتۆمی لە سەدەی ٢١مدا" ئەنجامدەدات.
ماریا زاخارۆڤا، ئاماژەی بەوە کرد شاندێکی رووسیا کە پێکهاتوون لە دامەزراوەی وزەی ئەتۆمییی دەوڵەت (Rosatom) و دامەزراوەی تەکنەلۆژیای ژینگەیی و پشکنینی ئەتۆمیی فیدڕاڵیی رووسیا (Rostehnadzor) پلانی بەشداری کردنیان لە کۆنفرانسەکە هەبووە و گوتی: "سەرەڕای ئەوەی داواکارییە پێویستەکانیان بەوشێوەیەی کە پێشبینی کراوە پێشکەش کردووە، ئەمریکا ڤیزەی بە شاندەکەی رووسیا نەداوە. بەمشێوەیە، بە جۆرێک کە بەهێچ شێوەیەک قبوڵ کراو نییە و بەبێ نیشاندانی هیچ پاساوێک رێگری لە رووسیا کراوە بەشداری لە چالاکییەکی گرنگی نێودەوڵەتی لە ژێر چاودێری IAEA بکات".
گوتبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، جەختی لەوەش کردەوە کە ئەمریکا بەم کارەی یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە.
ماریا زاخارۆڤا، جەختی لەوە کردەوە کە ئەو زانیارییانەی لەسەر "ئامادەکاری ئیستفزازیی" ئۆکراینا بۆ بەکارهێنانی "بۆمبی تیشکدەر" مایەی نیگەرانییە و گوتی: "ئامانجی کارێکی ئیستفزازیی ئاوا ترسناک روونە. تاوانبارکردنی رووسیایە بە بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵ کوژی. بەرپرسە ئۆکراینییەکان و کارەکتەرە خۆرئاواییەکان هیوایان ئەوەیە کە ئەمە بە هەڵمەتێکی گەورە لە دژی رووسیا بشکێتەوە، متمانەی هاوبەشەکانی بە رووسیا نەمێنێت و رێگا بۆ دابڕانی وڵاتەکەمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکاتەوە".
زاخارۆڤا، بانگەشەی ئەوەشی کرد کە بەپێی ئەو زانیارییانەی بەدەستیان کەوتووە جێبەجێ کردنی ئەو پلانە دەستی پێکردووە و رایگەیاند کارگەیەکی چارەسەرکردنی کانزاکان لە شاری ژۆلتیە ڤۆدی و پەیمانگای لێکۆڵینەوەی ئەتۆمی لە کیێڤ ئەرکی درووستکردنی "بۆمبی تیشکدەر"یان پێسپێردراوە.
گوتبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا گوتیشی: "داوا لە کاربەدەستانی کیێڤ و سپۆنسەرە خۆرئاواییەکانیان دەکەین واز لەو چالاکییانەیان بهێنن کە جیهان بەرەو کارەساتی ئەتۆمی پەلکێش دەکات و ژیانی مەدەنییە بێتاوانەکان دەخاتە مەترسییەوە. لەبەرچاو نەگرتنی هۆشدارییەکانی رووسیا لەسەر ئەم بابەتە سەرکێشییە. پەرەسەندنی رووداوەکان مەترسیدارە".