ماڵت ئاوا داعش، رەحمەت لەگۆڕت ئەبوبەکر بەغدادی
2 ساڵ لەمەوپێش
ئارام رەفعەت
داعش لە ١٥ی ئابی ٢٠١٤دا هەردوو وانەی کیمیا و فەلسەفەی لە سەرتاپای خوێندنگەکانی خەلافەتەکەی قەدەغە کرد. دوای هەشت ساڵ و لە ٢٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ پاشماوەکانی داعشیش لە هەڵەبجە رێ لە سیمینارێک دەگرن و پێشتریش رێیان لە شانۆیەک گرت.
داعش بەپاساوی دژبوونی بەرنامەی خودا کیمیا و فەلسەفەی قەدەغە کرد و پاشماوەکانی داعشیش بەپاساوی دژایەتی شەریعەتی خودا رێگرییان لە سیمینار و شانۆکە کرد.
ئێستا داعش وەجاخ کوێر نییە و میراتگرێکی هەیە، بەڵام میراتگرێکی هێندە کۆڵەوار کە ناچارین رەحمەت بۆ داعش و گۆڕی خەلیفەکەی بنێرین.
تۆزقاڵێک بە رێگرتن لە سازدانی شانۆگەری و سیمینارەکە نیگەران نیم و شۆک نابم، هەر وەک چۆن بە قەدەغەکردنی کیمیا و فەلسەفەی داعش نیگەران و شۆک نەبووم.
ئەگەر ئەمییان پەرەی بەخوێندنی کیمیا و فەلسەفە دابوایە و ئەویشیان هانی خەڵکیان دابوایە بۆ بەشداری لە سیمینار و شانۆ ئەوسا جێگای شۆک و سەرسوڕمان بوو.
چونکە ئەگەر دەماغی ئەمیان هێندە پەرەسەندوو بوایە کیمیا و فەلسەفەی هەزم بکردایە نەدەبووە داعش و ئەگەر هی ئەویشیان هێندە کراوە بوایە تێیدا جێگای شانۆ و سیمینار و رای دژ و پێچەوانەی هەبوایە نەدەبووە میراتگری داعش.
بوونی هەزاران میراتگری ئەبووبەکر بەغدادی و ئوسامە بنلادن لە باشور جێگای سەرسوڕمان و شۆک نییە... چونکە ئەگەر دەسەڵاتێک نەتوانێت رۆح بداتە ژیانی هاوڵاتییان هەر دەبێت وانەکانی مەرگ ئەزبەری تاکەکانی بکات وە ئەگەر خاڵی خاڵیش بێت لە مەعریفە دەبێت مێشکی رۆڵەکانی بە جەهل و خورافە تەغزییە بکات. بۆیە ئەم بەداعشبوونەی باشور چاوەڕوان کراوە و تۆزقاڵێک جێگای شۆک و سەرسوڕمان نییە. بەپێچەوانەوە، سوڕێکە و هەر دەبێت پێیدا تێپەڕێت و دۆزەخێکە و هەر دەبێت ئەزموونی بکات.
بەڵام، ئەوەی جێگای شۆک و نیگەرانیە ئەوەیە ئەشکەوتەکەی هەڵەبجە ناوبنێیت زانکۆی هەڵەبجە.
ناونانی ئەشکەوت بە زانکۆ گەورەترین سوکایەتیی و ئیهانە بە زانست و مەعریفە و ئەکادیمیا و زانکۆ و تاک بە تاکی ئەو سەدان ملیۆن ژن و پیاوەی کە شانازی خوێندنییان لە زانکۆکانی جیهان پێبڕاوە، هەر لە ئۆکسفۆرد و کامپریج و ستاندفۆرد تا دەگاتە شڕە زانکۆکانی پاکستان و ئەفغانستان و ئێران.
دووبارە هەزار جار نەفرەت لەگۆڕت ئەبوبەکر بەغدادی و دەیان هەزار نەفرەتیش لە خۆت و لە میراتی بەجێماوت داعش.