مستەفا هیجری بۆ هاوڵاتی: لەبەر داخوازیی حکومەتی هەرێم ئاڵوگۆڕمان بەشوێنی هێزەکانمان لەسنوور کردووە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

مستەفا هیجری رایدەگەیەنێت: سەركوتی رژێمی كۆماری ئیسلامی لەخۆپیشاندانەكانی كوردستان زۆر توندوتیژترە لەسەركوتكردن لەناوچە فارسنشینەكان.
مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ هاوڵاتی باس لەپەیوەندی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران دەكات و دەڵێت: ئێمە وەك ناوەندی هاوكاری حزبەكانی كوردستانی ئێران هاوكاری و هاوفكریمان هەیە لەپەیوەندی لەگەڵ ئەو ئاڵوگۆڕانەی كەچاوەڕوان دەكرێ لەئێران رووبدا، لەگەڵ بەشێكی زۆر لەحزبەكانی دیكەی نەتەوە بندەستەكان هاوپەیمانی و هاوفكریمان هەیە، سەبارەت بەچۆنیەتی حكومەتێك كەدوای كۆماری ئیسلامی لەئێران دەبێ پێكبێ، لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی دوورو نزیك لەپێوەندیداین، بەڵام بۆ دوای كۆماری ئیسلامی جیاوازی بۆچوون لەنێو ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیدا هەیە.
سەبارەت بەچۆڵكردنی سنورەكانی خۆرهەڵاتی كوردستان، وتی: لەبەر رێزدانان بۆ داخوازی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاڵوگۆڕمان بەشوێنی هێزەكانمان لەسنوور كردووە.
دەقی چاوپێكەوتنی مستەفا هیجری:

هاوڵاتی: ئایا ئێوە خۆپیشاندانەكانی ئەمجارەی خۆرهەڵاتی كوردستان و ئێران، بەجیاوازتر لەخۆپیشاندانەكانی پێشتری ئێران دەبینن؟
مستەفا هیجری: بەڵێ، خۆپیشاندانەكانی ئەمجارە لەباری چەندی و چۆنییەوە جیاوازی بەرچاویان لەگەڵ خۆپیشاندانەكانی پێشوو هەیە، لەباری چەندییەوە ئەگەر پێشتر هەرجارەو لەشارێك یان چەند شارێك ژمارەیەك لەخەڵكی ناڕازی دژی رژێم دەهاتنە سەر شەقام، ئەمجارەیان لەدەیان شارو شارۆچكە خەڵك هاتوونەتە سەرشەقام یان مانیانگرتووە، بەتایبەت لەپایتەخت و شارە گەورەكانی وڵاتانی رۆژئاوا هەرجارەو بەدەیان و سەدان هەزار كەس رژاونەتە سەر شەقامەكان و سەرنجی میدیاكان و دەوڵەتەكانیان راكێشاوە و شوێندانەریان لەسەر بەشێك لەئەندام پەرلەمانەكان تەنانەت هەندێك بەرپرسی حكومی وڵاتانی رۆژئاوا داناوە سەبارەت بەهەڵوێست و بڕیارەكانیان لەپەیوەندی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران.
خاڵێكی دیكە لەو پەیوەندییەدا یەكگرتوویی و یەكدەنگی خەڵكی سەر شەقامە، لەهەموو ئەو خۆپیشاندانانەدا، گشت نەتەوەكان، هەڵگری بیروباوەڕی ئایینی جۆراوجۆرو تووێژە جیاوازەكانی حەشیمەتی ئێران، هونەرمەندان، سینەماكاران، یاساناسان و ... بەیەكدەنگی دێنە سەر شەقام.
بێجگە لەوانە دەكرێ ئاماژە بە بەردەوامبوونی ماوەیەكی زۆری بەشداری خەڵكەكە بكەین لەمانەوەیان لەسەر شەقامەكان، ئێستا زیاتر لەمانگێكە بە بەردەوامی خەڵك لەسەر شەقامن و سەرەڕای شەهیدكردنی زیاتر لە ٢٠٠ كەس و برینداربوون و دەستبەسەركردنی هەزاران كەس، بەڵام رژێم نەیتوانیوە خەڵك بنێرێتەوە ماڵەكانیان.
بەڵام گرنگترین خاڵ لەباری چۆنی یان چۆنیەتی ئەو خۆپیشاندانەیە، بەبۆچوونی من لەو راستیەدا خۆی دەبینێتەوە كە ئەگەر لەخۆپیشاندانەكانی پێشوو، تووێژە جیاوازەكان دەهاتنە سەر شەقام و داوای مافە زەوتكراوەكانیان دەكرد وەك مووچەی دواكەوتوویان، بێكاری، گرانی و ... ئەمجارەیان دروشمی خەڵك بۆ رووخان و نەمانی كۆماری ئیسلامیە و داخوازیەكانیان تەنیا رووخانی رژێمەو هەر ئەوەشە كە دەبینین ئەمجارە وێنەو سیمبولەكانی رژێم وەك خومەینی، خامنەیی، قاسم سولەیمانی لەدیوارەكان دادەگرن و دەیانخەنە ژێرپێ و دەیانسووتێنن و هەیكەلەكانیان دەڕووخێنن. 
ئەمانە و زۆر دیاردەی دیكە پێمان دەڵێن كەخەڵك بەو راستییە گەیشتوون كە تاكاتێك ئەو رژێمە لەدەسەڵاتدایە ئەوان بەهیچكام لەداخوازیەكانیان ناگەن، كەوایە بۆ گەیشتن بەخواستەكانیان لەپێشدا دەبێ رژێمەكە لابەرن.
هاوڵاتی: حزبی دیموكرات لەناو خۆپیشاندانەكاندا ئامادەیی هەیە؟
مستەفا هیجری: بەڵێ، حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لەخۆپیشاندانەكاندا ئامادەیەو دەورێكی چالاك دەگێڕێ.
هاوڵاتی: لەدوای هێرشەكانی كۆتایی مانگی ئەیلول بۆ سەر حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئێوە ئێستا چۆنە؟
مستەفا هیجری: لەدوای ئەم هێرشانە، ژیانی سیاسیمان لەناوخۆی رۆژهەڵات و شوێنەكانی دیكەی دنیا ئێستا بەربڵاوتر لەپێش بۆمبارانەكە بەردەوامە. لەباری ژیانی كۆمەڵایەتیشەوە ئێمە بەو هێرشانە راهاتووین هەرچەند ئەمجارەیان هێرشەكە بەربڵاوتر بوو و ئەو چەكانەی كە لەو هێرشەدا لەدژی ئێمە بەكارهاتن زۆر پێشكەوتووترو نوێتر لەو چەكانە بوو كەپێشتر لەدژی ئێمە بەكاریانهێناون.
هاوڵاتی: دەوڵەتی ئێران بەردەوام هەڕەشە دەكات، ئێوە سنورەكانی خۆرهەڵاتی كوردستانتان چۆڵكردووە؟ ئایا حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای لەئێوە كردووە، لەسنوری خۆرهەڵاتی كوردستان دووربكەونەوەو چالاكییەكانتان سنوردار بكەن؟
مستەفا هیجری: ئێمە نەك لەترسی هەڕەشەكانی كۆماری ئیسلامی و بۆمباران و تۆپبارانكردنی سنوورەكان، بەڵكو لەبەر رێزدانان بۆ داخوازی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاڵوگۆڕمان بەشوێنی هێزەكانمان لەسنوور كردووە.
هاوڵاتی: لەدوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكانەوە، دەوڵەتی ئێران داوای دانوستان و گفتوگۆی لەحزبی دیموكرات كردووە؟
مستەفا هیجری: لەدوای خۆپیشاندانەكان كۆماری ئیسلامی هیچ داوایەكی لەو شێوەیەی لەحزبی دیموكرات نەكردووە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەزموونی دانوستاندنەكانی پێشووش، بۆمان دەردەكەوێ كەمەبەستی رژێم لەهێنانە ئارای دانوستان پیلانگێڕی بووە لەژێر ناوی دانوستان، ئەوەش لەبنەمای فكری و ئایدۆلۆژی رژێم سەرچاوە دەگرێ كە رێگاچارەی پرسەكان لەگەڵ خەڵكی ئازادیخوازی ئێران بەگشتی و كوردو باقی نەتەوە ستەملێكراوەكان بەتایبەتی، تەنیا لەپیلانگێڕی بەدژیان و سەركووت و تیرۆر دەزانێ نەك دانوستاندنێكی راستەقینە بۆ چارەسەری كێشەكانیان.
هاوڵاتی: وەكو هێزە سیاسییە كوردییەكانی خۆرهەڵاتی كوردستان، هەماهەنگی و گفتوگۆتان هەیە بۆ ئامادەكاری روودانی هەر گۆڕانكارییەك لەئێران؟
مستەفا هیجری: ئێمە وەك ناوەندی هاوكاری حزبەكانی كوردستانی ئێران هاوكاری و هاوفكریمان هەیە لەپەیوەندی لەگەڵ ئەو ئاڵوگۆڕانەی كەچاوەڕوان دەكرێ لەئێران رووبدا. لەگەڵ بەشێكی زۆر لە حزبەكانی دیكەی نەتەوە بندەستەكان هاوپەیمانی و هاوفكریمان هەیە، سەبارەت بەچۆنیەتی حكومەتێك كەدوای كۆماری ئیسلامی لەئێران دەبێ پێكبێ و لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی دوورو نزیك لەپەیوەندیداین.
هاوڵاتی: خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی خۆرهەڵاتی كوردستان بەجیاوازتر لەناوچەكانی تری ئێران دەبینن، یاخود پێتان وایە خۆپیشاندانەكانی هەموو شارەكانی ئێران یەك خواست و ئامانجیان هەیە؟
مستەفا هیجری: ئامانجی خۆپیشاندانەكان لەسەرتاسەری ئێران بە خۆرهەڵاتیشەوە لابردنی رژێمی كۆماری ئیسلامییە، بەڵام بۆ دوای كۆماری ئیسلامی جیاوازی بۆچوون لەنێو ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیدا هەیە، گرووپ و حزبی وا هەیە كە پێی وایە بۆ خۆی بەتەنیا حكومەت دەرووخێنێ و دەبێتە جێگرەوەی كۆماری ئیسلامی، بۆچوونێك هەیە كە لایەنگری لەزیندووكردنەوەی پاشایەتی دەكاو ... ئەو جیاوازیانە ئەڵقەی لاوازی ئۆپۆزسیۆنە كە بەقازانجی كۆماری ئیسلامی تەواو بووە، لەبەرامبەردا ناوەندی هاوكاری حزبەكانی كوردستانی ئێران و بگرە زۆرێك لەحەشیمەتی خۆرهەڵات خوازیاری پێكهاتنی حكومەتێكی دیموكراتیی فیدراڵ و سیكۆلارین كەیاسا سەروەر بێ و كوردو باقی پێكهاتە نەتەوەییەكانی كە لەسەر جوگرافیای دیاریكراوی خۆیان دەژین بەپێی یاسایەكی دیموكراتی ناوچەی خۆیان بەڕێوەبەرن.
بەڵام سەركوتی رژێمی كۆماری ئیسلامی لەخۆپیشاندانەكانی كوردستان زۆر توندوتیژترە لەسەركوتكردن لەناوچە فارسنشینەكان، بەجۆرێك تائێستا ژمارەی شەهیدو بریندار، هەروەها زیندانیە سیاسییەكانی ئەو یەك مانگەی دوایی خۆرهەڵات و باقی ناوچە غەیرە فارسنشینەكان وەك بلوچستان، ناوچەی عەرەب و توركماننشینەكان و ... زۆرترین ژمارە پێكدێنن.
هاوڵاتی: دروشمی هاوڵاتی ژن، ژیان ئازادی) باڵی بەسەر سەدای خۆپیشاندانەكانی هەموو ئێران و ئەو خۆپیشاندانەش كە بۆ پشتیوانی دەكرێن لەدەرەوەی وڵات، ئاشكرایە ئەمە دروشمی پەكەكەو عەبدوڵا ئۆجەلانە، بەبڕوای ئێوە ئەمە چۆن بووەتە دروشمی هەموو خۆپیشاندانەكان؟
مستەفا هیجری: ژن، ژیان، ئازادی چەمك گەلێكن كە لەمێژ ساڵە لەنێو بزووتنەوەی كوردی خۆرهەڵاتدا باو بووەو تەنانەت لەشیعری هەندێك لەشاعیرەكانیشدا رەنگیداوەتەوە. بۆ وێنە مەرحووم هێمن موكریانی لەشیعرێكیدا دەفەرموێ:
با هەزار زێ و گادەر و لاوێنی رونیشمان هەبێ
تاكوو ژن ئازاد نەبێ سەرچاوەكەی ژین لیخنە
بۆیە دەڵێم لە رابردوودا هەركەس ئەم وشانەی بەكارهێنا بێ، بەڵام كاتێك ژینا ئەمینی، كچە كوردی سەقزی بەدەستی گەشتی ئیرشادی كوماری ئیسلامی لەتاران لە رێكەوتی ٢٥ی خەرمانانی ئەمساڵدا شەهیدكراو تەرمەكەیان ناردەوە بۆ بنەماڵەكەی، ناوەندی هاوكاری حزبەكانی كوردستانی ئێران لە راگەیەندراوێكدا داوای لەخەڵكی خۆرهەڵاتی كوردستان كرد كە رۆژی ٢٨ی خەرمانان بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەشەهیدكردنی ژیناو هەموو لاوەكانی دیكە، لەمانگرتنێكی سەرتاسەری بەشدار بن و دوانیوەڕۆكەی هەموو بەیەكگرتوویی بێنە سەرشەقام و دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بەگوێی دنیا بگەیەنن، خەڵكی خۆرهەڵات پێشوازییان لەو داخوازیە كرد، دروشمی ژن ، ژیان ، ئازادی گوترایەوەو رۆژانی دواتر بەپشتیوانی لەخۆرهەڵات شارەكانی دیكەی ئێران رژانە سەر شەقامەكان و ئەو دروشمەیان گوتەوەو ئێستا لەخۆپیشاندنی ئێرانیەكان لەناوخۆ و دەرەوەیش، ئەم دروشمە یەكێك لەدیارترین دروشمەكانە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار