وەزیرێک: لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیراندا باسی مووچە نەکرا

8 كاتژمێر لەمەوپێش



 

كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆتاییهات، لە كۆبوونەوەكەدا باسی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نەكرا، بە پێی زانیاریەکان نە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق باسی رێككەوتنی هەرێم و بەغداد و موچەموچەخۆرانی هەرێم كردووەو نە وەزیرە كوردەكانیش ئەو بابەتەیان لە كۆبوونەوەكە باسكردووە.

وەزیرێکى کوردى بەشداربووى کۆبونەوەکە، ڕایدەگەیەنێت لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیراندا باسی مووچە نەکرا، چاوەڕوان بووین لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیراندا باسی مووچە بکرێت، وتیشى: نازانین سودانى خۆى بڕیارى ناردنى مووچە دەدات یان نا.

هەرچەندە نازانرێت سودانی تاك لایەنە موچە دەنێرێت یان نا، بەڵام لە كۆبوونەوەكە ئەو پرسە نەوروژێندراوەو دوای كۆبوونەوەكەش وەزیرە كوردەكان لەگەڵ سودانی كۆنەبوونەتەوە.

چاوەڕوان دەكرا لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا پرسی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد لەسەر نەوت و شایستە داراییەكانی هەرێم بڕیاری لەسەر بدرێت.

لە رۆژى شەممەى رابردووەوە شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدادە و رۆژى یەکشەممە ژمارەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ کۆمپانیاى سۆمۆ، نوێنەرى وەزارەتى نەوت، نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق ئەنجامداوە.

دوێنێش شاندەکە لەگەڵ ئەنجوومەنى ئابووریى عێراق و وەزارەتى نەوتى عێراق کۆبووەوە، بەگوێرەى بەدواداچوونەکان، کە لە چەند سەرچاوەیەکى عێراقەوە دەستکەوتووە، شاندەکە نزیکن لە رێککەوتن، بەجۆرێک 280 هەزار بەرمیل نەوت لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە رادەستى سۆمۆ دەکرێت و 16 دۆلاریش بۆ تێچووى بەرهەمهێنانى هەر بەرمیلێک دیاریکراوە.

رۆژى 26ـى حوزەیرانى 2025، شاندى تەکنیکیى حکومەتى عێراق گەیشتە هەولێر و لەگەڵ شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لەبارەى نەوت، داهاتى نانەوتی و شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان ئەنجامدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار