ئامینە کاکەباوە: ترسی ئەوە هەیە حکومەتی نوێی سوێد یاساکان لە بەرژەوەندی تورکیا بگۆڕێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

حکومەتی نوێی سوێد هەوڵی نزیکبوونەوە لە تورکیا و بوون بە ئەندامی ناتۆ دەدات، پەرلەمانتارێکی پێشووی سوێدیش دەڵێت، "ئەم حکومەتە هەموو کارێک دەکات بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی ناتۆ، تەنانەت مەترسی ئەوەش هەیە یاساکان بگۆڕن بۆ ئەوەی لە بەرامبەر بوون بە ئەندامی ناتۆ ئەو کەسانە رادەست بکەنەوە کە تورکیا داوایان دەکات."

رۆژی دووشەممە 17ی ئەم مانگە 2022، پەرلەمانی سوێد ئولف کریستەرشۆن، سەرۆکی پارتی مۆدێرەیت کۆنسێرڤەتیڤی سوێدی وەکو سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە هەڵبژارد، ئەمەش بۆ یەکەمجارە پەرلەمانی سوێد سەرکردەیەکی راستڕۆ کە لەلایەن پارتی دیموکراتی سوێدی راستڕۆی تووندئاژۆ پشتگیریی بکرێت و وەکو سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە دیاریی بکات. 

گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن پارتێکی راستڕۆوە لە سوێد، نیگەرانی لای پەنابەران و کۆچبەرانی ئەو وڵاتە زیادکردووە. 

ئامینە کاکە باوە، پەرلەمانتاری پێشووی سوێد بە رووداوی گوت، حکومەتی نوێی سوێد زیاتر نەرمی بەرامبەر تورکیا دەنوێنێت بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ و گرتنەبەری رێوشوێن بەرامبەر ئەو کەسانەی تورکیا داوایان دەکاتەوە، هەر دوێنێ وەزیری نوێی ناوخۆی سوێد گوتوویەتی، 'دەبێت پەکەکە لە سوێد نەمێنێ.' 

بە گوتەی ئامینە کاکە باوە، "کێشەی سەرەکی حکومەتی نوێی سوێد لە بەرامبەر رادەستکردنەوەی ئەو کەسانەی تورکیا داوایان دەکات یاسایە، لەبەر ئەوەی راستڕۆکانی سوێد زۆرینەی پەرلەمانییان هەیە ترسی ئەوە هەیە یاساکانیش لە پەرلەمان هەموار بکەنەوە لە بەرژەوەندی خۆیان و تورکیا."

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار