ستەمی راستەوخۆی شاراوەی ئاشکرابوو

2 ساڵ لەمەوپێش



دلشاد تالەبانی

لە حوکمی دیکتاتۆری حیزب بۆ دیکاتۆریەتی ئاشکرای راستەوخۆی کەسایەتی سەرۆک.
لە چین گوایە پارتی کۆمۆنیست حوکمڕانە کە زیاتر لە ٨٧٨ ملیاردێری دۆلار، لە سەروی هەمویانەوە جاک مای کە سامانی لە ٥٩ ملیار دۆلار زیاترە ، هەر وەها هەزاران ملیۆنێری تێدایە، کە چی بە دەیان ملیۆن کەس  برسی و لە خرابترین باردا دەژین، بە تایبەت ئەوانەی لە گوندەکانەوە بۆ شار دەڕۆن بۆ کار ، بە هۆی بەشنەکردنی داهاتیان بۆ کەمترین پێداویستیەکانی ژیان و لە شارەکان بە کارکەری مێوان دادەنرێن، هەرچەندە زۆریان دەیان ساڵە لە شار دەژین ، بەڵام بێ بە شن لە خزمەتگوزاریەکان کە بۆ ئەوانە  دابین دەکرێت کە وەک شارنشین تۆمار کراون،تەنانەت خزمەتگوزاری تەندروستیش، رۆژانەی زۆریشیان لە ٢ دۆلار تێپەڕ ناکات. گوایە وڵاتێکی سۆسیالستی و کۆمۆنیستی و بێ چەوساندنەوە و جیاوازی چینایەتیە.
لە کۆنگرەی ئەمجارە  پەیڕەوی ناوخۆ هەموار کرایەوە تەنها بۆ ئەوەی بۆ جاری سێێەم (شی چینغبینگ) بسەپێندرێت وبەرهەڵستکارانی دور خرانەوە . جارێکی تر سیستەمی ستەمکاری رۆژهەڵاتی ( ئاسیایی) بە زەقی وەدەرکەوت. پەیڕەی حیزب و دەستوری وڵاتیش دەگۆڕیت، تەنها بۆ سەپاندنەوەی دەسەڵاتداری سەرکردە ، بە ناوی دیموکراتی و هەڵبژادنیشەوە کە گاڵتەجاریەکی زۆر ئاشکرایە و کێ دەوێرێت دژ یان نەیار بێت. هەروەک هەموو دیکتاتۆرەکانی پێشتر ، ئیتر بە هەرچی ناوێکەوە بێت ( ئیمبراتۆر، شا، خان وەک جەنگیزخان و هۆلاکۆ خان. سولتان، مەرجەع، سەرۆکی حیزب یان سەرکردەی کۆمۆنیستی وەک ستالین ، ماوتسی تۆنگ ) کە تا مردن دەبێت حوکم بکەن و ئەوەی گوێرایەڵ و قایل نەبێت شار بە دەر دەکرێت، تا رادەی کوشتن. ئەوەش لە زۆربەی ولاتانی ئاسیا و ئەفریقیاش هەر لە گەورە تا بچوک باوە و لە ناو حیزبەکانیش وایە، پەیونەدی نە بە مەبەستی نەتەوایەتی و نە بە نیشتمان و ئاینیشەوە هەیە ، بەردەوامی ستەم و چەوسانەوەیە ، هەر جارەی لە ژێر پەردە و ناوێکدا.

راستیەک کە دەکەوێتەروو ئەوەیە سەرکردەکانی بە ناوی ئایین، نەتەوە ، چینەکان ، نیشتمانپەروەری باس دەکەن و بە تایبەتی لە ئاسیاو ئەفریقیا و بەشێکی ئەمریکای لاتینیش ، دەگمەنیان لێ دەربچێت، درۆیەکی شاخدار دەکەن و ستەمکارو خۆسەپێنەرن و دەیانەوێت لە هەموو ژیانیان تاکە دەسەڵات بن و ئامادە نین لاچن و گەر خەڵک و تەنانەت لەناو لوتکەش هێندێک فشاریان خرایە سەر ، راستەقینەی خۆیان دەخەنە روو، کە چی لە زۆر وڵاتی ئەوروپی ، گەر سەرکردە ، لە کارێک هەڵەی کرد  یان نوچی هێنا هەم خۆی دەکشێتەوە و هەم خەڵکیش ئیتر قەبوڵی ناکەن ، تەنانەت حیزبەکەشی پشتگیری ناکات وناچار بە وازهێنانی دەکەن. 

لە ئەوروپاش تا پاش جەنگی دووەم دیکتاتۆریەت خۆی سەپاندوە ، لە ئەوروپای رۆژهەڵاتی سەر بە سیستەمی سۆڤێتی ئەو سەردەمە تا ١٩٩٠ ئەوە بەردەوام بوە( هیتلەر، مۆسۆلینی ، فرانکۆ، چاوچیسکۆ، هۆنیکر). لە ئاسیا تا ئێستاش بەردەوامە  بە عیراق و لای خۆشمانەوە ، لە ژێر دروشمی گەورەی بێ ناوەرۆک ، هەرکەسیش هەر دەستی داری گرت ، ئیتر بەری نادات ، مەگەر مەرگ پێ بەربدات، هەیە شا نشینیش نیە بە ناو ، بەڵام دەیەوێت نەوە بە نەوە و (کوڕالکور ) حومکرانی بکات ، ئەو ناوچە یان وڵاتەش بە موڵکی خۆی و سامانەکەی بە مافی خۆی و بنەماڵەکەی دەزانێت. ( ستالین، ماوتسی تۆنگ، تەنانەت خڕەی کوریای باکور کە دەسەڵاتی لە باوکێوە بۆ ماوەتەوە ، شای ئێران ، سەرانی تالیبان، حافز ئەسەدو بەشاری کوڕی، سەدام ، حوکمی ئاخوندی ، ئیستای عیراق و کوردستان و تورکیاو روسیاش ) هەمووی هەمان شتن و بە هەمان پەیوەر و مەنتیق و ستەم کار دەکەن ، بەڵام لە ژێر ناو و بە شێوازی جیاواز، دەرئەنجامەکەشی هەمانە. ستەم، سەپاندن، تاڵانکردنی وڵات، زەوتکردنی ئازادیەکان، ویرانکردن، شەڕ فرۆشتن و هەوڵی پاڵپێوەنانی کێشە ناوخۆیەکان بە دروستکردنی شەڕ و شۆری دەرەکی ، دروشمی زلی بێ ناوەرۆک ، قۆرخکردنی هەموو مەبەستێک و تەنانەت کەرەسەو ئامرازەکانی راگەیاندن و کڕینی قەڵەمەکان ، یان لەناوبردنیان ، ململانی لە سەر کورسی و پۆست و ئیمتیازی کەسایەتی ، نەوەک بۆ بەرژەوەندی و خزمەتکردنی خەڵک. نەهێلانی کەس و لایەنی نەیار تا پاکتاوکردن، پەنا بردن بۆ هەموو ئامرازو لا و مەبەستێک بۆ مانەوە . ئەمە سەیر نیە ، بەڵام سەیر ئەوەیە هێشتا بەشێک بەوانە هەڵدەخەڵەتێن ، جگە لە مشەخۆر و کۆیلە و کاسەلێسەکانیش. ئەو وڵاتانەش کە تاکە حیزب حومکڕانی ناکات و بە ناوە چەند حیزب هەن، هەموویان لە سەر حیسەکان شەڕیانە و هەر هەمانن، بە ناوی جیا جیاو ئەوانەش لەوان جیا دەبنەوە ، بە هەمان رێڕەودا دەڕۆن ، بەشێوەیەک کە خەڵک سەری لێ شێواوە وسەرگەردان بوەو و نازانێت کی راست دەکات ، یان تەسلیم بە ئەمری واقیع بوە ، لە بەر ئەوەی هەموو درۆیان لە گەڵ کردوون، بۆیە بڕوای بە کەس و هیچ نەماوە ، تەنها بتوبۆڵە و جنێوی بۆ ماوەتەوە کە بە هەموو لایەکی دەداتی ، بێ ئەوەی ئامانجێکی دیاریکراوی هەبێت، یان داهاتووی لە بەرچاو روون بێت. گروپی بچوکی رادیکالیش هەن کە ناتوانن خەڵک بە دوای خۆایندا راکێشن، بە هۆی نا لوژیکی و زەبەلاحی دروشمەکانیان .
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار