تورکیا دووەم زۆرترین بڕی بەرهەمە نەوتییەکانی لە عێراقەوە هاوردە کردووە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هاوردەکردنی نەوت و بەرهەمە پێترۆکیمیاییەکان بۆ تورکیا لە مانگی ئابی ئەمساڵدا بەراورد بە مانگی ئابی ساڵی رابردوو، بە رێژەی لە سەدا ٥،٦ زیادی کردووە و گەیشتووەتە چوار ملیۆن و ٣٣٨ هەزار و ٢٤٢ تۆن.
بەگوێرەی راپۆرتی "کەرتی بازاڕی نەوت" بۆ مانگی ئاب کە لەلایەن دەزگای رێکخستنی بازاڕی وزەی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، هەناردەکردنی نەوتی خاو کە گرنگترین بەشی بەرهەمە نەوتییەکانە، بە رێژەی لە سەدا ٣،٠٤ زیادی کردووە و گەیشتووەتە دوو ملیۆن و ٩٤٢ هەزار و ٤٩٥ تۆن.
لەم قۆناغەشدا هاوردەکردنی جۆرەکانی گازوایل بە رێژەی لە سەدا ٣،٥٣ کەمی کردووە و گەیشتووەتە یەک ملیۆن و ٢٨ هەزار و ٨٦٦ تۆن. بەشەکانی دیکەی بەرهەمە هاوردەکراوەکانیش تایبەتن بە سووتەمەنی جۆرەکانی فڕۆکە و کەشتی، بەنزین و جۆرەکانی رۆنی ئۆتۆمبێل.
بەم شێوەیەش هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە مانگی ئابدا بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو بە رێژەی لە سەدا ٥،٦ زیادی کردووە و گەیشتووەتە چوار ملیۆن و ٣٣٨ هەزار و ٢٤٢ تۆن.
زۆرترین بڕی بەرهەمە نەوتییەکانیش کە یەک ملیۆن و ٨٠٢ هەزار تۆنە لە رووسیاوە هاوردە کراوە، دوای ئەویش عێراق بە یەک ملیۆن و ٩٩ هەزار تۆن لە ریزبەندی دووەمدا دێت و بە کازاخستان بە ٤٧٦ هەزار و ١٦١ تۆن لە پلەی سێیەمی ئەو وڵاتانەدایە کە تورکیا زۆرترین بەرهەمی نەوتی لێوە هاوردە کردوون.
لە بەرامبەریشدا هەناردە کردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە تورکیاوە بە رێژەی سەدا ٥٧،٦ زیادی کردووە و گەیشتووەتە یەک ملیۆن و ٢٢٩ هەزار و ٥٨٥ تۆن.
زۆرترین بەشی ئەو زیادبوونەش تایبەتە بە هەناردە کرندی سوتەمەنییەکانی فڕۆکە کە لە مانگی ئابدا بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو بە رێژەی سەدا ٦٠،٨ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٤٦٤ هەزار و ٨١٥ تۆن.
هەر لەو قۆناغەشدا هەناردە کردنی سوتەمنییەکانی کەشتی بە رێژەی سەدا ٢٨،٠٦ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ١٠٦ هەزار و ٦٢٨ تۆن.
بەهەمان شێوەش هەناردە کردنی جۆرەکانی بەنزین بە رێژەی سەدا ٤٠٢،٢ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٢٤٥ هەزار و ٢٠٥ تۆن.
لە بەرامبەریشدا هەناردە کردنی جۆرەکانی ماتۆڕ بە رێژەی سەدا ٤١،٣ کەمی کردووە و گەیشتووەتە ٨٢ هەزار و ٦٩٦ تۆن.