بەهۆی کورتی دەستی کارەوە کەنەدا نیو ملیۆن کۆچبەر وەردەگرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەهۆی ئەوەی چینێکی گەورەی کۆمەڵگەی کەنەدا لە تەمەنی خانەنشین بووندایە ئەو وڵاتە بڕیاریداوە تا ٢٠٢٥ نزیکەی نیو ملیۆن کۆچبەر وەربگرێت.

شۆن فریزەر وەزیری کۆچبەرانی کەنەدا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند  کەنەدا ئامانجەکانی خۆی پەیوەست بە کۆچبەری پتەو دەکات.

وتیشی "کەنەدییەکان لەوە تێدەگەن کە پێویستە بەردەوام ژمارەی دانیشتووان زیادبکرێت، بە تایبەت ئەگەر بیانەوێت پێویستییەکانی ناوخۆ لە هێزی کار پڕبکەنەوە"

هەروەها بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس، وەزیری کۆچبەرانی کەنەدا هیوای خواست خەڵکێکی زۆر روو لە وڵاتەکەیان بکەن، تاوەکو کێشەی دەستی کار لە وڵاتەکە چارەسەر بکەن. ئاماژەی بەوەشدا، وڵاتەکەیان پێویستی بە خەڵکی زیاترە.

هەموو ئەمانەش بەهۆی ئەوەوەیە ، چینێکی گەورەی کۆمەڵگەی کەنەدا لە تەمەنی خانەنشین بووندایە، بە گوێرەی نوێترین ئاماری دانیشتووانی وڵاتەکە، لە کۆی 7 کەس یەکێکیان تەمەنی لە نێوان 55 بۆ 64 ساڵانە.

بەو هۆیەوە ئێستا کۆمپانیاکانی کەنەدا دووچاری قەیرانی کەمی دەستی کار بوونەتەوە، بە جۆرێک تەنیا لە مانگی ئاداردا نیو ملیۆن هەلی کاری بەتاڵ تۆمارکراوە.

جێگەی باسە، حکومەتی کەنەدا گۆڕانکاری لە ئامانجەکانی بۆ ساڵانی داهاتوو کردووە، بە جۆرێک ژمارەی کۆچبەران لە 465 هەزارەوە بۆ 485 هەزار بۆ ساڵی 2024 بەرزکردەوە، هەروەها ئامانجیشی بۆ ساڵی 2025 بۆ 500 هەزار کۆچبەر بەرزکردەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار