رووسیا: ناتۆ هێزەکانی لە ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەورووپا دووهێندە و نیو زیاد کردووە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سێرگی شۆیگو وه‌زیری به‌رگری رووسیا لە میانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ بەرپرسانی سەربازیی بێلاڕووس لەبارەی دۆخی سنوورەکانی رۆژئاوای رووسیا ڕایگه‌یاند ناتۆ هێزەکانی لە ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەورووپا دووهێندە و نیو زیاد کردووە و گەیاندوویەتییە سەرووی ٣٠ هەزار سەرباز.

وەزیری بەرگریی رووسیا بە بانگەشەکردن بۆ ئەوەی 'هەوڵە رووخێنەرەکانی بەرەی خۆرئاوا، بۆ ئەوەن رێگە لە ئامانجە سەرەکییەکانی رووسیا، ئابووری رووسیا، توانای سەربازیی و سیاسەتی دەرەکیی سەربەخۆی رووسیا بگرن'، گوتی: "لە ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەورووپا لە وڵاتانی بەڵتیک لەلایەن ئەو وڵاتانەی ئەندامی ناتۆ کە ناوچەیی نین، هێزە چەکدارەکان جێگیر دەکرێن. گرووپی تاکتیکی لیوای فرەنەتەوەی نوێ لە بولگاریا، هەنگاریا، رۆمانیا و سلۆڤاکیا پێک دەهێندرێن. لە شوباتی ٢٠٢٢ەوە تاکوو ئێستا هێزەکان دووهێندە و نیو زیادی کردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٠ هەزار سەرباز و لەوانەیە لە ماوەیەکی کەمدا ژمارەکە زیاتریش ببێت".

سێرگی شۆیگو سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە زیادبوونی سەربازانی ناتۆ لە ناوچەکە بووەتە هەڕەشە لەسەر هاوپەیمانەکانی رووسیا لە سەروویانەوە بێلاڕووس، جەختی لەوە کردەوە ئەرکی لە پێشینەی رووسیا پاراستنی ئاسایشی دەوڵەتی یەکگرتوویە کە لەگەڵ بێلاڕووس پێکیان هێناوە.

وەزیری بەرگریی رووسیا باسی لەوەیش کرد، وڵاتانی خۆرئاوا لە رێگای دابینکردنی چەک و تەقەمەنی مۆدێرن و پێدانی زانیاریی هەواڵگری بە کیێڤ و رەوانەکردنی راوێژکاری سەربازیی و سەربازی بەکرێگیراو بۆ ئۆکراینا، هانی تەشەنەسەندنی پێکدادانەکان دەدەن لە ئۆکراینا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار