جارێکی دیکە ئەڵمانیا داوا لە هاوڵاتییانی دەکات ئێران جێبهێڵن

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بۆ جاری دوەم لە ماوەی حەوت رۆژدا جارێکی دیکە ئەڵمانیا داوای لە هاوڵاتییانی وڵاتەکەی کرد گەشت بۆ ئێران نەکەن و ئەوانەشی لەو وڵاتەن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان چونکە مەترسیی لەسەر ژیانیان دروست دەبێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکدا رۆژی پێنجشەمممە رایگەیاند؛ بەهۆی دۆخی ئێستای ئێران، ئەگەری هەیە هاوڵاتییانی ئەڵمانی لەو وڵاتە بڕفێنرێن یان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر بکرێن و سزای زیندانیان بەسەردا بسەپێنرێت.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە؛ ئەو هاوڵاتییانەی ئەڵمانیا کە سەردانی ئێرانیان کردوە یان نیشتەجێی ئەو وڵاتەن نابێت لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و گردبونەوەکان نزیک بکەونەوە چونکە مەترسیی لەسەر ژیانیان دروست دەبێت.

هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە هەر هاوڵاتییەکی ئەڵمانیا ئەگەر مەبەستی گەشتکردن بێت بۆ ئێران دەبێت یەکەم شت کە بیری لێبکاتەوە ئەوە بێت کە لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە دەستگیر دەکرێت.

بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە کاتێکدایە پێشتر راوێژکاری باڵا و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە رایانگەیاندبو هەوڵی ئەوە دەدەن کە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا سزای نوێ بەسەر تاراندا بسەپێنن و لەو چوارچێوەیەشدا سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆری ئەوروپا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار