ئانتۆنی بڵینکن: "پەرۆشین بۆ کارکردن لەگەڵ حکوومەتی سوودانی لە عێراق"
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بڵینکن پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی کرد بەبۆنەی پێکهێنانی حکوومەتەکەی، هاوکات جەختی لە پەرۆشی وڵاتەکەی بۆ کارکردن لەگەڵیدا کردەوە.
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ئەلینا رۆمانەوسکی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر راگەیەندراوێکی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس-ی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا ئاماژە بەوە دراوە ئانتۆنی بڵینکن و محەمەد شیاع سوودانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ئانتۆنی بڵینکن پیرۆزبایی پێکهێنانی حکوومەتی عێراقی لە محەمەد شیاع سوودانی کردووە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە هەر لە میانی پەیوەندییەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لە پەرۆشی وڵاتەکەی بۆ کارکردن لەگەڵ حکوومەت و گەلی عێراق لەپێناو رێزگرتنی زیاتر لە مافەکانی مرۆڤ، زیادکردنی دەرفەتی ئابووری و پێشخستنی سەربەخۆیی عێراق لە بواری وزە و چارەسەرکردنی قەیرانی کەشوهەوادا کردووەتەوە.
ئەوەش هاتووە کە ئانتۆنی بڵینکن جارێکی دیکە پابەندبوونی واشنتۆنی بۆ پشتگیریکردنی عێراق لە شکستپێهێنانی داعش کردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێشوازیی لە بانگەواز و بەڵێنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کردووە.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئانتۆنی بڵینکن و محەمەد شیاع سوودانی پابەندبوونی خۆیان بە رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان لە پاراستنی ئاسایشی عێراق و سەقامگیریی و سەروەرییەکەی دووپات کردووەتەوە.
رۆژی ٢٧ی تشرینی یەکەم، کاندیدی هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، محەمەد شیاع سوودانی متمانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی بەدەستهێنا و بوو بە سەرۆکوەزیرانی عێراق.