ناتۆ: فرۆشتنی چەکی ئێرانی بە رووسیا قبووڵکراو نییە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سکرتێری گشتیی ناتۆ دەڵێت، فرۆشتنی چەک لەلایەن ئێرانەوە بە رووسیا لەوانەش درۆن و مووشەکی بالیستی "مایەی قبووڵکردن نییە".
یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ مەولوود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئیستەنبووڵ گوتی: "ئێمە دەبینین کە ئێران درۆن دەداتە رووسیا و بیر لە ناردنی مووشەکی بالیستیش دەکاتەوە".
ستۆڵتنبێرگ گوتی، ئەمە "مایەی قبووڵکردن نییە. نابێت هیچ وڵاتێک هاوکاریی رووسیا بکات لەم جەنگە نایاساییەیدا".
بەگوێرەی ئۆکراینا، لە مانگی شوباتی ئەمساڵ، 400 درۆنی دروستکراوی ئێران "لە دژی ژێرخانی سڤیل لە ئۆکراینادا بەکارهێندراون" و دەڵێت، مۆسکۆ داوای 2 هەزار مووشەکی کردووە. هەرچی رووسیا و ئێرانن، ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە.
ستۆڵتنبێرگ لە ئیستەنبوڵ گوتی، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا "لە جەنگەکەی لە رووسیا تووشی شکست بووە، بەڵام بەشێوەیەکی تووندڕۆیانەتر وەڵامدەداتەوە".
بە گوتەی ستۆڵتنبێرگ: لە چەند هەفتەی رابردوودا، دەیان درۆن و مووشەکیان بینیوە لە سەرتاسەری ئۆکراینا بەکارهێندراون، لەنێویدا وەکو خۆی دەڵێت، لە دژی ژێرخانی ئاو و کارەبا بەکارهێندراون.
رۆژی 10ـی تشرینی یەکەمی 2022 رووسیا بە درۆن و مووشەک کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا و ناوچە جیاجیاکانی دیکەی وڵاتەکەی کردە ئامانج. ئەوەش دوای 105 رۆژ لە وەستاندنی هێرشەکانی بۆ سەر پایتەختی ئۆکراینا هات.
دوای هێرشەکە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە کیێڤی پایتەختەوە رایگەیاند، رووسیا درۆنی شاهیدی بەکارهێناوە کە دروستکراوی ئێرانە.