بۆ هاوڕێ نووسەر و بیرمەند و خەباتكارە ڕۆژهەڵاتییەكانم

2 ساڵ لەمەوپێش



ڕێبوار سیوه‌یلی

1. هیچ شتێك لەوە بەختەوەرانەتر نییە مرۆڤ لە خزمەت و كەناری ئێوەدا بێت. لەگەڵ كوڵان و دانبەخۆداگرتن و خەبات و شەهیدبوون و برینداری ئێوەدا بریندار و برژاو و شەهید بێت. دەزانم ئێوە لە هەر شوێنێكی ئەم جیهانەدا بن، دڵتان بە نەزمی شەقام و ترپەتان لەگەڵ فڕكانی شەقام و خوێنتان لەسەر شەقامی ڕاپەرین دەڕژێت. من كە هیچم پێناكرێت، دەمەوێ بەم وشانە، بێدەسەڵاتانە بچمە پاڵ هەستی ئێوە و گوێ لە دەنگی حەماسەتان بگرم.

2. ڕەنگە ئەوە چارەنووسی كوردبوون بێت، كە ئاوا پێكەوەمان كۆدەكاتەوەو هەر ئاواش لیكترمان دابڕ دەكات. میژووی هەست و شعووری كوردیش لە ئەدەبیات و شیعر و هزریندا هەر بەم جۆرە بووە: هەمیشە كوردەكان هاوهەست بوون و هەر یەكەشیان بە جیا و لە پێگەی جوگرافیی و مێژوویی خۆیاندا بەرخۆدانیان كردووە. ئێوە ئێستا ئاڵاكەتان لەدەست و پێشمەرگەی شەقام و هەستی ئێمەشتان بۆخۆتان بردووە. زمان لە ئاست خۆڕاگریی و بوێریی ئێوەدا دەستەوەستان و هزر دۆشداماو و هەست خرۆشاو.

3. جوانترین دیمەنەكان لە ناو ئەو داستانە مرۆییەدا ئەو خرۆشە جەماوەرییەی كوردستانەكەمانە، كە هەر ڕۆژەی لەگەڵ سیسبوونی گەڵایەكیدا، لەگەڵ شەهیدبوونی ڕۆحێكیدا، شارێك، شارەدێیەك و گوندێك لقیی خۆیان دەبەخشنەوە شەقام و ویستی بەردەوامی گوڕ دەداتەوە بەر تێكۆشان و تازییە و مەرگەسات بە كەرنەڤاڵی تێكۆشان وەڵام دەدرێتەوە. ئەو ماوەیە دەبینم ئێوە لەناو زمانێكی قەتیسماودا لە ناو شیعرر و پۆستی فەیسبووكی پڕ ڕەمز و ڕازی دەربڕیندا خۆتان دەخۆنەوە و دەتانەوێ "هەرچەند ئەكەن ئەو خەیاڵەی پێی مەستن، بخەنە ناو چوارچێوەی هەڵبەستەوە". بۆیە پێشبینی دەكەم ئێوە هەر تەنیا حەماسە ناخوڵقێنن، بەڵكو شۆڕشەكەش هەڵدەگێڕنەوە بۆ شۆڕشێكی هزری و ئەدەبی و ئێستاتیكی ئەوتۆ، كە ببێتە بەشێك لە ویردی زانەوەی داهێنان. لەوەدا حەسوودیتان پێدەبەم، كە هێشتاش گوڕی داهێنان لە خوێنتاندا هاژەی دێت و وەك من و بەرەی من لە نێو دنیای مادییگەرایی و خەسانی دنیاپەرستیدا گیرتان نەخواردووە.

4. گرنگترین شت لەم داستانەدا ئەوەیە، كە هەرگیز بەوجۆرە بۆ خەڵك نەدوێین كە دەستێكی فەریادڕەس لە دەرەوە فریامان دەكەوێت. قێزەونترین دەستی فەریادڕەس ئەوەیانە كە لە دەرەوە دێت. ئێمە لە باشوور، ئەوەی هەشمان بوو لە چاوەڕوانیی ئەو دەستە فەریادڕەسەدا، لە دەستماندا و ئەوەی هیی خۆمان بوو، ئەو دەستە هات و بردی و دزی و لێی سەندین. بۆیە نابێت ئەم دەستە ڕەشە، ئەم هاوپەیمانێتییە درۆزنانەیە، ئەم پشكدارییە ساختەیە لە خەباتی ئێوەدا دووبارە بێتەوە و هەر لە ئێستاوە دەبێت دژی ئەو دەنگ و ڕایەڵانە بوەستینەوە، ڕێخۆشدەكەن بۆ بەهاناوەهاتنی وەها دەستێك، كە جگە لە چەپەڵی و دزی و بەرژەوەندی خۆی، بیر لە هیچ شتێكی دیكە ناكاتەوە. ئەگەر دەستێكی وا هەیە، دەبوو لە چل ساڵی ڕابردوودا ئەوەندە ئاسانكاری نەكردایە بۆ مانەوەی ڕژێمێك، كە ئێوە لە ئێستادا خوێنتان لەسەری دەڕژرێت.

5. كورد لە مێژووی خۆیدا ئەوەی هەیبووە و بەدەستی هێناوە، بەرهەمی دەست و بیری خۆیەتی. مانەوەی لەسەر خاكەكەی، داهێنانە ڕۆحی و مادییەكانی، بەردەوامییەكەی و سووربوونی لەسەر بەردەوامی، هیچكامیان بەرەنجامی ئەو دەستە چاوەڕوانكراوە دەرەكییە بەناوی هاوپەیمانی و دۆستایەتی و شتی ساختەی لەو جۆرەوە نەبووە. بۆیە لەم خەباتەشدا هەر جۆرە چاوەڕوانییەك لە دەستی میهرەبانی دەرەكی، بەفیڕۆدانی ئەو وزە و ویستە ناوەكییەكەیە كە خۆت هەتە. دەبێت لەم خەباتە بگەڕێینەوە بۆ ئەو هزرینە نەریتی و دەستە بیناكەرەی كە چۆن ڕۆژانە خۆی لە مەیدانی خەبات و تێكۆشاندا نوێ دەكاتەوە، ئاواش بیكەینە پاڵپشتێك بۆ بیناكردنی داهاتوو، نەك تەسلیمی هاوپەیمانێتی و تەوقەیەكی دۆستانەی ساختەی بكەین، تا ئەوەی بیناشمان كردووە، بە هەر ناوێكەوە لێمان بدزێت. خەباتی نەتەوەیی و مرۆیی لە ڕۆحی نەتەوەو تاك تاكی ئەو مرۆڤانەدا سەرچاوەی گرتووە، كە بەشدارن لەو خەباتەدا، نەك ئەوانەی پاشان دێن و وەك ڕزگاركەر لە دوا ڕۆژەكانی حەماسەدا لێمان دەبنە قارەمان.

6. بۆیە دووبارەكردنەوەی خەبات و تێكۆشانی هەرێم و باشووری كوردستان و جڵەودانە دەست فەریادڕەسە دەرەكییەكان بە هەر ناوێكەوە، چارەنووستان لە باشوور جوانتر و دیپلۆماسیتر ناكات، كە كۆمپانیا زەبەلاحەكان بوونەتە حاكم بەسەر ڕۆحی ئەم مرۆڤەوە؛ كە لە ئێستادا هیچ بەهایەكی نەتەوەیی و هیچ شوناسێكی بۆ نەماوەتەوەو لەسەر خاكی خۆی دەبێت ئەو زمانانە بزانێت كە سەرمایەدارییەتی مۆدێرنی مشەخۆر، بەسەرییەوە كردوونییەتە ماڵ و زمانی زگماك و دایكیی خستۆتە كونجی عوزلەت و تەنیایی و گۆشەگیرییەوە.

7. ئەگەر بمانەوێت ئەم خەبات و داستانەی شەقام كە بە (ژینا) دەستی پێكرد و هەزارانی لە خۆیەوە ئاڵاند، هەر بەو ڕۆحە ژنانەیی و دایكانەیەوە بمێنێتەوە، ئەگەر بمانەوێت ئەو ڕۆحە دایكانەیە بەردەوامی وەربگرێت، نابێت زاری ئەم زارۆی تێكۆشانەی شەقام لە مەمكی دایكانەی خۆی لە پای هاتنی دەستی فەریادڕەسی بێگانەدا، بگرینەوە. پێویستە ئەو پەیوەندییە سرووشتییە لە نێوان كۆرپە و داییكدایە تا جیابوونەوەی سرووشتییانەی خۆی بەردەوام بێت و ڕێگە نەدەین هیچ وادەیەك، چاوەڕوانییەك، پەیمانێكی درۆزنانە ئەو پەیوەندییە بشێوێنێت و ئەو كۆرپەیە لە سەرچاوەی خۆراك و مانەوەی خۆی دابڕ بكات. چونكە ئەو دەم هەم كۆرپەكەی شۆڕش لە ڕووی ڕۆحییەوە بە دایكی ڕەسەنی خۆی نامۆ دەبێت و هەمیش لە ڕووی جەستەییەوە پەككەوتە و نوقستان و بێ بڕستی لێدەردەچێت. كەوایە هەر لە ئێستاوە پێویستە ئەو بەردەوامییە لە ناخ و ناوخۆی خودێكەوە بێت، كە هەم بە كردە و هەم بە ئیرادە ماوەی مانگێك زیاترە خۆی لە بەرامبەر دڕندەترین ڕژێمدا سەلماندووە. پێویستە وزەی بەردەوامی لەو تواناییە شاراوەیەی كوردبوون و مرۆڤبوونەوە بێت، كە بۆتە هۆكاری مانەوەی هەزاران ساڵەی، كە وێڕای لەتلەتبوونی جوگرافیا و زار و زمان، لە ئێستادا خەریكی خۆیەگرتنەوە و خۆ كۆكردنەوەیە. ئێمە پێویستیمان بە زیندووكردنەوەی بەرزەمرۆیی و سوپەرمانە ناخەكیی وئەو خودەیە كە (نالی) دەیفەرموو: كاری خۆكردی دەكا.

8. ئەم (خود)ـە هەر ڕۆژەی لە دەڤەر و شار و گوند و شەقامێكەوە خەریكە لەتبوون و پارەچەكانی خۆی كۆدەكاتەوەو لە هەر پەرتبوونێكی خۆی ڕزگار دەكات و دەبێتەوە ئەو یەكایەتییەی كە بەسەر دابەشبوونە دەستكرد و بەزۆرەكاندا زاڵ دەبێت و دەیەوێت لە داییك بێتەوە. دوێنی كرماشان، پێرێ سنە و سابڵاخ و جوانڕۆ و بانە و ئەمڕۆژ شوێنەكانی دی لقی خۆیان بپێشكەش دەكەن و زیندوویی بە بەردەوامی دەبەخشن. بۆیە نابێت چارەنووسی ئەم لەدایكبوونەوەیە بدەینەوە دەست ئەو مامانە ساخاتانەی كە لە دنیای دەرەوە، بە نییەتی جیاواز و بە ئامانجی جیاواز دەیانەوێت كۆرپەكە لەگەڵ لەداكیبوونیدا بخنكێنن. چونكە، كە ئەوەیان بۆ سەر چوو، كە وایانكردن بمانهێننە سەر ئەو بڕوایەی كە ئەوە ئەوانن بە هەناسەی دەستكرد و بە حیكمەتی خۆیان كۆرپەی ناخی ئێمەیان بە زیندوویی هێشتۆتەوە و ئەگەر ئەوان نەبن، ئێمە دەمرین و لەناو دەچین، ڕێك ئەو مێژووەی (نیتشە) دەیگوت: بەرەنجامی دووبارەكردنەوەی (درۆیە)كە، دێتە دی و ئیدی ئێوەش وەك ئێمە لە باشوور بۆ ئەبەد دەبێت بڕوا بەو مێژووە بكەین و تا هەین مننەتباری بین. هەر كات گەلان ویستی خۆیان دابێتە دەست قارەمانە دەرەكییەكان، هەركات نەتەوەیەك هەموو هێلكەكانی خۆی خستبێتە سەبەتەی یەك فەریادڕەسەوە، وەك ئێمەی لێدێت كە لە باشوور بۆ هەر شتێك، دەبێت چاومان لە لوتف و خێر و بێری دەستە بێگانەكان بێت و لە پێناوی ئەمەشدا هەموو شتێكی خۆمان لەدەستداوە.

9. بەردەوامی و وزەی ڕەسەن و سووربوون لەسەر ئەوەی خودی خۆمان بین، وزەیەكی ناخەكی و خودییە لە ناوەوەی خۆماندا و دەبێت لەم دۆخی تەنگانەیەدا پەنا بۆ ئەو وزەیە بەرینەوە، نەك لە چاوەڕوانیی هیچكەس و لایەنێكدا وزەی داهێنەرانەی ساردبكەینەوە. كەس لە دەرەوە نایەت تۆ لە ناختدا ڕزگار بكات. هیچ لایەنێك و دەستێك لە ئارادا نییە، تا ئێمە لە چاوەڕوانییدا ئەو ویستە دوابخەین كە لە مەیداندا بەردەوامیمان پیدەبەخشێت. ئێمە لە دنیای دەرەوە، ئێمە لە باشوور، ئێمە لە هەر شوێنكی جیهان تەنیا تەماشاكەرین و هیچیتر. هەموو ئەو هێز و لایەنانەش كە نایەنە مەیدانەوە، وەك ئەو سوختە و فەقێیانەیان لێهاتووە كە چاولەبەری نانی مامۆستاكەیان بوون و خەریكی پاساوهێنانەوە و ئامۆژگاریی بێمانان تا خۆیان لەگەڵ نەزمی جیهانیدا بگونجێنن بۆ ئەوەی لەو دەستكەوتانەیان بەركەوێ؛ كە لە دۆخی پاش دیكتاتۆردا لە نێوان قارەمانە ساختەكاندا دابەش دەكرێت.

4/11/2022

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار