یاسای ژمارە (35)ی رۆژنامەگەریو هەوڵەكان بۆ هەمواركردنی بەئاراستەی خراپ «كێ دەیەوێ یاساكە هەمواربكرێو بۆچی؟!»
2 ساڵ لەمەوپێش
ناوە ناوە لێرەو لەوێ لەكەناڵەكان و لەهەندێ لەناوەندە حكومیەكان و هەروەها لەسۆشیال میدیاش، قسە لەسەر یاسای رۆژنامەگەریی كوردستان ژمارە ( 35) دەكرێ و خەڵكانێك بەهاندانی حزبەكانی دەسەڵات ، یان بەقەناعەتی خۆیان و بەپاساوو بیانوی لاواز - ئەگەر نەڵێم بێ بنەما - داوای هەمواركردنی یاساكە دەكەن و پێیان وایە ئەو یاسایە زەمینەی بۆ رۆژنامەنووسان فەراهەم كردووە كەهەموو شت بڵێن و بڵاوبكەنەوە و تەشهیر بەهەموو كەس و لایەك بكەن. لەهەمانكاتدا رەنگە ئاراستەیەكی دیكەش هەبێ ، كەپێی وایە ئەو یاسایە هەندێ كەموكورتی یان كەلێن و كەلەبەر (پغرات)ی تێدایەو كاری راگەیاندنیش لەهەرێمی كوردستان فراوان بووەو یاسای ژمارە (٣٥) ناتوانێت هەموو بوارەكان لەخۆبگرێت و چارەسەرو ئیستیعاب بكات، بۆیە پێویستە یاساكەش دەوڵەمەندو فراوان بكرێ، چ بەزیادكردنی ماددەو بڕگەكانی بێ، چ بەدەسكاری كردنیان.
دیارە ئاراستەی دووەم مایەی هەڵوەستە لەسەركردن و بە هەندوەرگرتنە، چونكە واقعیەت و راستی تێدایە. بەڵام لەڕاستیدا هیچ گەرەنتییەك نیە ئەگەر یاساكە ببرێتە پەرلەمان، بەئاراستەی خراپ دەسكاری و هەموارنەكرێ، بەتایبەت لەهەندێ كاتدا كەدوو حزبی سەرەكی دەسەڵات كۆك و تەبان.
یاسای رۆژنامەگەریی ژمارە (٣٥) بەگشتی و ماددەكانی ( ٢ و٧ و ٨) بەتایبەتی، ماف و ئازادی باشی بۆ رۆژنامەنووسان دەستەبەركردووە .
باس و خواسی حزبەكانی دەسەڵات لەگەڵ یاسای ژمارە (٣٥) واتە یاسای رۆژنامەگەریی لەكوردستان ساڵی ٢٠٠٧، بەشێكی باشی لای منە، بەحوكمی ئەوەی لەو سەردەمەی كە پڕۆژەیاساكە لەلایەن سەندیكای رۆژنامەنووسانەوە ئامادەكراو لەڕێگەی وەزارەتی رۆشنبیری و حكومەتەوە پێشكەشی پەرلەمانی كوردستان كرا، بەندە ئەندامی ئەنجومەن و سكرتێری سەندیكای رۆژنامەنووسان بووم .
رەشنووسی پڕۆژەیاساكە لەلایەن سەندیكای رۆژنامەنووسانەوە بەهاوكاری ژمارەیەك یاساناس ئامادەكراو، لەماوەی زیاتر لەساڵێك بەسەرپەرشتی سەندیكا لەزۆربەی شارەكانی هەرێم كۆڕو سیمیناری تایبەتی بۆ سازكراو گفتوگۆی دوورودرێژو ئازادانەی لەسەركراو بوو بەپڕۆژەی زۆرینەی رۆژنامەنووسان و میدیاكاران و بگرە نووسەران و رۆشنبیرانیش ..
دواجار رەشنووسی كۆتایی پڕۆژەكە لەڕێگەی حكومەتەوە پێشكەشی پەرلەمان كرا..
ئەوەبوو سەرەتاو لەهەنگاوی یەكەمدا پڕۆژەكەی سەندیكا لەژێر كاریگەریی بەشێك لەكوتلەی پەرلەمانیی حزبە سەرەكیەكانی دەسەڵات و هەندێ پەرلەمانتار كەڕەنگە شارەزاییان لەپڕۆژەیاساكە نەبووبێ، یان هەڵوێستێكی نەرێنییان لەسەر كۆی كاری رۆژنامەنووسیی هەبووبێ، پڕۆژەكە لەلایەن پەرلەمانەوە لە ١١/ ١٢ / ٢٠٠٧ بەدەسكارییەكی زۆرو خراپەوە پەسند كرا..
بەم كارەی پەرلەمان، سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و زۆربەی رۆژنامەنووسان و رۆشنبیران توشی شۆك بوون و نیگەران بوون، بۆیە هەرزوو ئەنجومەنی سەندیكا هاتە سەر خەت و لەڕێگەی كاك (فەرهاد عەونی) نەقیبی ئەوكاتەی رۆژنامەنووسانەوە، پەیوەندیی كرد بەدیوانی سەرۆكایەتی هەرێمەوەو توانی لەماوەی چەندڕۆژێكدا دیدارێك لەگەڵ بەڕێز (مەسعود بارزانی) سەرۆكی ئەوكاتەی هەرێم رێكبخات و لەدیداری سەرۆكی هەرێمدا ئەنجومەنی سەندیكا،
بەتێروتەسەلی باسی پڕۆژەیاساكەو گرنگی و بایەخی بۆ هەرێمی كوردستان كرد. هەروەها بۆ سەرۆكی هەرێمی روونكردەوە كە چۆن پەرلەمان دەسكاری زۆری پڕۆژەكەی كردوەو تاڕادەیەك شێواندویەتی، بەجۆرێك كەیاساكە پاش دەرچوونی لەپەرلەمان بووەتە كۆت و بەندو بەو جۆرەی پەسندكراوە، ئازادی رۆژنامەنووسی بەرتەسك دەكاتەوە و زیان بەناوبانگی هەرێم دەگەیەنێت.
هەربۆیە وەفدی ئەنجومەنی سەندیكا داوایان لەسەرۆكی هەرێم كرد، كە واژو لەسەر یاساكە نەكات و بیگەڕێنێتەوە بۆ پەرلەمان، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە هەمواری بكەنەوەو بیبەنەوە سەر رێچكەكەی خۆی، واتە رەشنووسی پڕۆژەكەی سەندیكای رۆژنامەنووسان پەسند بكەن.
ئەوە بوو هەر لەو دیدارەدا، بەخۆشحاڵییەوە (كاك مەسعود - سەرۆكی هەرێم) وتی من ئامادەنیم ئیمزا لەسەر یاسایەك بكەم كەڕێگر بێت لەبەردەم ئازادی رۆژنامەنووسییدا.
بەو جۆرە سەرۆكی هەرێم ئیمزای لەسەر یاساكە نەكردو گەڕاندیەوە بۆ پەرلەمان بۆ ئەوەی جارێكی تر پێداچوونەوەی بۆبكەن..
پەرلەمانیش داوای لەسەندیكای رۆژنامەنووسان كرد كەڕەخنەو سەرنج و پێشنیازەكانی خۆیان لەسەر یاساكە پێشكەش بكەن .
ئەنجومەنی سەندیكا لەكۆبوونەوەیەكی تایبەتدا وەرەقەیەكی ئامادەكرد، كە تێكرای رەخنەو نیگەرانیەكانی خۆی و رۆژنامەنووسانی لەسەر یاساكە لەخۆگرتبوو، لەگەڵ سەرنج و پێشنیازەكانی بۆ سەرلەنوێ هەمواركردنەوەی یاساكە .
بەو شێوەیە پەرلەمان جارێكی تر یاساكەی هێنایەوە ناو هۆڵی گفتوگۆكردن و لەدانیشتنی رۆژی ٢٢/٩/٢٠٠٨دا یاساكەی بەڕەچاوكردنی بەشێك لەوەرەقەكەی سەندیكای رۆژنامەنووسان نەك هەمووی، بەهەمواركراوی پەسند كرد.
ئەمەش هەرچەندە هێشتا تێكرای سەرنج و رەخنەكانی سەندیكای رەچاونەكردبوو، بەڵام تاڕادەیەكی باش بوو بەجێی رەزامەندیی رۆژنامەنووسان و بوو بەسەركەوتنێك بۆ سەندیكاو هەروەها دەسەڵاتی حوكمڕانی هەرێمیش.
بەڵام بەداخەوە پاش تێپەڕبوونی كەمتر لەدوو ساڵ، بەهۆی لێكەوتەكانی بەركاربوونی یاساكەو تاڕادەیەك زیادەڕەوی هەندێ لەڕۆژنامەنووسان لەسوودوەرگرتن لەیاساكە، كە بەشی زۆری بەهۆی لاوازی ئاستی پیشەیی بەشێك لەو رۆژنانەنووسانەوە بوو، بەشێك لەحكومەت و بەرپرسانی حزبەكانی دەسەڵات، كەوتنە تەقە لەیاساكەو هێرشیان دەكردەسەر رۆژنامەنووسان و یاساكەش كەزەمینەی بۆ رۆژنامەنووسان سازكردووە بەو شێوەیە ..
لەهەمانكاتدا بەداخەوە، زۆرجار دادگاكانی هەرێمیش بۆ یەكلاییكردنەوەی كەیسی رۆژنامەنووسان، یاسای ژمارە (٣٥) یان پشتگوێدەخست و كاریان پێنەدەكردو بەیاسای سزاكانی عێراقی ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩ یان بە یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرە ئەلكترۆنییەكان مامەڵەیان لەگەڵ ئەو كەیسانەدا دەكرد، كە ئەمەش نیگەرانی و ناڕەزایی سەندیكای رۆژنامەنووسان و رۆژنامەنووسان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی لێكەوتەوە.
بۆیە من دەتوانم بڵێم ، دەسەڵات لەهەرێمی كوردستان پەشیمانە لەدەركردنی ئەم یاسایەو چەندین جاریش لێرەو لەوێ هەوڵیانداوە بیبەنەوە پەرلەمان و دەسكاری بكەن، بەڵام سوپاس بۆ خوا هەرجارەی لەبەر هۆكارێك نەیانتوانیوە.
ئێمە لەسەندیكای رۆژنامەنووسان و شەخسی خۆم بەشاهیدی نەقیبی پێشوو و ئێستای رۆژنامەنووسان، زۆر دژایەتی ئەو هەوڵانەم كردووەو بەردەوام برادەرانی سەندیكاشم هانداوە كەدژی بن، چونكە یاساكە پێش هەر لایەن و دەزگایەك، دەسكەوتێكی گرنگ و بەرچاوی سەندیكای رۆژنامەنووسانەو هەر هەوڵێك بۆ هەمواركردنی بەئاراستەی خراپ و بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەنووسیی، پاشەكشەیەكی گەورەیەو ناوبانگی هەرێم و ئەزموونە دیموكراسییەكەی دەخاتە ژێر پرسیارو رەخنەوە.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بەو راستییەش بكەم، كەگەورەترین بەربەست لەبەردەم ئەو هەوڵانەدا بۆ هەمواركردنی یاسای ژمارە (٣٥)، ناكۆكییەكان و ناتەبایی نێوان حزبەكانی دەسەڵاتە.
پاش ساڵی ٢٠٠٩ تاكو ٢٠١٤ كە پارتی و یەكێتی زۆر لەیەك نزیكبوونەوە بەرامبەر بەئۆپۆزسێونی ئەوكاتە، خەریكبوو كارێكی وابكەن، بەڵام باش بوو سەرینەگرت.
من ئاگادارم كەپاش ئەوەی حزبەكانی دەسەڵات هەستیان كرد، یاساكە فەزای ئازادی كاری رۆژنامەنووسیی فراوانكردووەو دەستی رۆژنامەنووسانی واڵاكردوە كە ئازادانەترو ئازایانەتر كارەكانیان ئەنجام بدەن، كەوتنە تەقەو تۆمەتباركردنی یاسای ژمارە ٣٥ و ئیتر لەوكاتەوە بەچەندین رێگە باسی هەمواركردنی یاساكە كراوە .
بەكورتی دەتوانم بڵێم ، هەركات پارتی و یەكێتی ناكۆكییەكانیان كۆتاییهات و تەبا بوون، رەنگە یەكێك لەكارە هاوبەشەكانیان لەپەرلەمانی كوردستان، هەوڵی هەمواركردنی (یاسای ژمارە ٣٥)ی رۆژنامەگەریی بێت.