وەزارەتی بەرگریی رووسیا هێڵی بەرگریی خێرسۆن دەکێشێتەوە بۆ لای چەپی رووباری دنیپرۆ

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

فەرماندەی یەکەکانی رووسیا لە ناو خاکی ئۆکراینا، سێرگی سورۆڤیکین، نوێترین بەرەوپێشچوونەکانی جەنگی ئۆکراینای بە بەرپرسە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی راگەیاند کە لەلایەن وەزیری بەرگری رووسیا، سێرگی شۆیگو-ەوە سەرۆکایەتی دەکرێن و ڕایگه‌یاند هێڵی بەرگریی شاری خێرسۆن دەکێشننەوە بۆ بەشی چەپی رووباری دنیپرۆ.

سێرگی سورۆڤیکین ئەوەی خستەڕوو کە توانای جەنگی هیزەکانی رووسیا لە ماوەی رابردوودا زیادی کردووە و رایگەیاند: "لە سایەی کەسانی خۆبەخش و هاووڵاتییانی فیداییەوە، یەکە سەربازییەکان هەم هێزی جەنگی و هەم ژمارەیان زیادی کردووە و چەندین هێزی نوێش دامەزراون".

سورۆڤیکین بانگەشەی ئەوەشی کرد، تەنها لە مانگی تشرینی یەکەمدا ئۆکراینا زیاتر لە ١٢ هەزار سەربازی لەدەستداوە و گوتیشی: "لەم قۆناغەدا ١٨ فڕۆکەی جەنگی، ١٢ هێلیکۆپتەر، شەش سیستمی بەرگریی ئاسمانی، زیاتر لە ٢٠٠ تانک و ٨٠٠ زرێپۆشی ئۆکراینا، تێکشکێندراون".

ئاماژەی بەوەشدا کە لە ناوچەیی خێرسۆن، ١١٥ هەزار کەس لە رۆژهەڵاتی رووباری دنیپرۆوە گوازراونەتەوە و ئۆکرایناشی بەوە تۆمەتبار کرد کە هێرشی کردووەتە سەر ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانە لە کاتی گواستنەوەیاندا.

فەرماندەی یەکەکانی رووسیا لە ناو خاکی ئۆکراینا بانگەشەی ئەوەشی کرد، سوپای ئۆکراینا لە ناوچەی خێرسۆن، زیاتر لە نۆ هەزار و ٥٠٠ سەربازی لەدەستداوە، ئەمەش حەوت بۆ هەشت هێندەی زیانەکانی هێزەکانی رووسیایە لەو ناوچەیە.

سێرگی سورۆڤیکین ئاماژەی بەوەشدا کە هاوکاری پێویستی هاووڵاتییە مەدەنییەکانی ناوچەی خێرسۆن نەکراوە و رایگەیاند: "هێزەکانی ئۆکراینا بەردەوامن لە تۆپبارانکردن بە ئاراستەی بەنداوی کاخۆڤکا، ئەم کارەش ئەگەری هەیە ببێتە هۆی دروستبوونی لافاو و ژێرئاوکەوتنی ناوچەکە. پێشنیاز دەکەم هێڵی بەرگریی بکشێنرێتەوە بۆ لای چەپی رووباری دنیپرۆ".

وەزیری بەرگریی رووسیا پێشنیازەکەی سورۆڤیکینی پەسەند کرد و فەرمانی دا هێزەکانی رووسیا لە لای راستەوە بگوازرێنەوە بۆ لای چەپی رووبای دنیپرۆ.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار