سکرتێری گشتی ناتۆ: رووسیا دەیەوێت لەزستاندا ئۆکراینا رەق بکاتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
یەنس ستۆلتنبێرگ سکرتێری گشتیی ناتۆ، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، وۆپکی هۆیکسترا و وەزیری بەرگریی هۆڵەندا، کاژسا ئۆلۆنگرێن لێدوانی بۆ رۆژنامەوانان داو سەبارەت بە هەڵوێستی ناتۆ لە بەرامبەر ئەگەری دەستپێکردنی دانوستان لە نێوان ئۆکراینا و رووسیا گوتی: "دەمانەوێت لە گۆڕەپاندا پاڵپشتیی ئۆکراینا بکەین بۆ ئەوەی لەسەر مێزی دانوستان بەهێز بێت. ئەگەر ئەو مەرجانە درووستبێت کە ئۆکراینا قبوڵییەتی ئەوا پاڵپشتی دەکەین".
سکرتێری گشتیی ناتۆ، ئاماژەی بەوە کرد کە کشانەوەی هێڵی بەرگریی رووسیا لە خێرسۆن بۆ لای چەپی رووباری دنیپرۆ سەرکەوتنێکی مەیدانییە بۆ ئۆکراینا و ستراتیژیی بەردەوامیدان بەو پاڵپشتییەی کە بە ئۆکراینایان داوە بەهێز کردووە.
یەنس ستۆلتنبێرگ، باسی لەوە کرد کە سەرۆکی رووسیا، ڤلادمیر پوتین کاتێک کە ئۆکراینای داگیر کردووە دوو هەڵەی گەورەی ئەنجامداوە و راشیگەیاند یەکێک لەو هەڵە ستراتیژییانە ئازایی ئۆکراینییەکان و پەیوەستبوونیانە بە وڵاتەکەیان و ئەوەی دیکەش بەهەند وەرنەگتنی پاڵپشتیی ناتۆ و یەکێتی ئەورووپایە بۆ ئۆکراینا.
سکرتێری گشتیی ناتۆ، گوتی: "ئەگەر سوپای رووسیا لە هەندێک ناوچە کشابێتەوە ئەوا هێشتا بە سوپایەکی قەرەباڵەغەوە رووبەرێکی زۆر گەورەی ئۆکراینای کۆنتڕۆڵ کردووە".
ستۆلتنبێرگ، ئاشکرای کرد کە پوتین دەیەوێت لە وەرزی زستاندا ئۆکراینا بخاتە دۆخێکی سەختەوە و گوتی: "زستان لە پێشماندایە، رووسیا دەیەوێت ئۆکراینا رەق بکاتەوە".
ستۆلتنبێرگ، گوتیشی: "زۆربەی جەنگەکان لە سەر مێزی دانوستان کۆتایی پێدێت بەڵام ئەوانەی سەر مێزەکە بە تەواوەتی بە سەرکەوتنەکانی گۆرەپانی جەنگەوە بەستراوەتەوە" و جەختی لەوە کردەوە کە سوپای ئۆکراینا هەرچەند جەنگەکە ببەنەوە ئەوەندە لە دانوستانەکان دەستیان بەهێزتر دەبێت.
یەنس ستۆلتنبێرگ، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانان سەبارەت بە ئایا ئۆکراینا دەرفەتێکی باشی دەستکەوتووە بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ رووسیا، گوتی: "ئۆکراینییەکان باجی جەنگەکە دەدەنەوە. لەبەر ئەم هۆکارە ئۆکراینییەکان بڕیار دەدەن کەی و لە چی مەرجێکدا دانوستانەکان دەست پێدەکات".
ستۆلتنبێرگ، گوتیشی: " ئەگەر ئەو مەرجانە درووستبێت کە ئۆکراینا قبوڵییەتی ئەوە پاڵپشتی دەکەین. ئەوەی لەسەر ئێمەیە دەستکەوتەکانی ئۆکراینا زیادبکەین".