ڕاپه‌ڕينى ڕه‌نگ و هێڵه‌كان...

2 ساڵ لەمەوپێش



موحسين ئه‌حمه‌د عومه‌ر

له‌گه‌ڵ شێواز و فۆرمى كاركردنى هونه‌رمه‌ند حه‌مه‌ هاشم ده‌چينه‌ ناو فه‌زا و جۆرێكى ترى كاركردن كه‌ تا راده‌يه‌كى زۆر له‌ ناو فه‌زاى هونه‌رى شێوه‌كارى كوردى نوێيه‌ و چه‌ندين نيشانه‌ و شێوازى نوێخوازييان هه‌ڵگرتووه‌، ئه‌م نوێخوازييه‌ كۆمه‌ڵێك هه‌ڵكه‌وت و ئاستى هه‌يه‌، له‌ لايه‌ك وه‌ك شێوازێكى هونه‌رى و ئه‌بستراكتى كاركردنى جيا و تايبه‌ته‌، له‌ لايه‌كى تره‌وه‌ وه‌ك بوونى روانين و بيركردنه‌وه‌يه‌كه‌‌ له‌ واقيع و سه‌رده‌مى ئه‌مڕۆ، هه‌ر دوو ئاست‌ به‌ پله‌ى يه‌كه‌م وه‌ك ئاڵنگارييه‌ك خۆيان ده‌نوێنن.

له‌ تابلۆكانى كاك حه‌مه‌ هاشم، به‌ تايبه‌تى له‌وانه‌ى دوا پێشانگاكه‌ى‌ مانگى ئۆكتۆبه‌رى 2022، هه‌موو شتێك هه‌يه‌، له‌ هه‌ست و روانينێكى ساده‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ توندوتيژى كۆمه‌ڵايه‌تى، پانتاييه‌ك بۆ خواستى ئازادى و ئاسۆى ديكه‌ى نوێ و بوونى ره‌نگى زۆر‌ ده‌شێ وه‌ك هاوتايه‌ك بۆ ده‌نگى ژن و سروشت و ئازادى وه‌رگرين، هه‌ر ئه‌مه‌ش ئه‌مڕۆ يه‌كێ له‌ داواكارييه‌ رۆژه‌ڤييه‌كانه‌.

وه‌ك سيما و پێكهاته‌ى تابلۆكان له‌ ناوه‌وه‌، وه‌ك شێواز و هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ ره‌نگ و هێڵ و پانتايى و چڕبوونه‌وه‌ و سێبه‌ر و رووناكى و فه‌زاى بۆش و فۆرمه‌ جياجياكان، كه‌ هه‌ر يه‌كه‌يان مانا و واتايه‌ك ده‌گه‌يه‌نن، وه‌ك گۆشه‌ و بازنه‌ و بوونى ورده‌ تێكستى تايبه‌ت به‌ ژيانى ئه‌مرِۆ و داواكارييه‌كان، كه‌ زياتر وه‌ك ره‌خنه‌ و پڕۆتێستۆ دێنه‌ به‌رچاو، ده‌چينه‌‌ ناو فه‌زايه‌كى به‌ شێواز ئه‌بستراكتى سێمانتيكى يان واتايى، ره‌نگ و هێڵ و خه‌ت و هه‌موو شتێك ده‌بێته‌ ئه‌و خواست و داواكارييه‌ تازانه‌ى ئه‌مڕۆ، هێڵه‌ تيژ و هه‌راسانكاره‌كان نيشانه‌ن بۆ ناڕه‌زايى، پانتاييه‌ پيرۆزه‌ييه‌كان بۆ ئارامى و هيواى زۆر، پانتاييه‌ بۆر و ره‌ش و ره‌نگه‌كانى دى مه‌زن كردنى كێشه‌كانى مرۆى ئه‌مڕۆيه‌. هه‌موو ئه‌مانه‌ ره‌نگ و فۆرم و شێوازه‌كان ئاراسته‌يه‌كى بيركردنه‌وه‌ى ديار و هونه‌رين به‌ڵام پڕ له‌ ته‌وق و ئاڵۆزى و بێ سنوورى به‌ بينه‌ر ده‌به‌خشن، ئه‌مه‌ش وه‌ك به‌خشينى جۆرێك له‌ زيندوويه‌ به‌ روانين و ره‌هه‌نده‌كان.

له‌م ئه‌زموونه‌ هه‌موو شتێك ناجێگيره‌، هه‌موو شتێك سرك و ناكامه‌، هه‌موو شتێك جوان و ناسك و قورساييه‌كى توند و به‌ ئازاريان هه‌يه‌، به‌ڵام هه‌موو ئه‌م سيمايانه‌ له‌ناو سيمايه‌كى ترن بريتييه‌ له‌ ره‌هه‌ندى جوانيناسانه‌، ئێمه‌ چۆن بتوانين به‌ ره‌هه‌ند يان به‌ مه‌وداى جوانيناسانه‌ باس له‌ دڵه‌ڕاوكه‌ و كێشه‌ كۆمه‌ڵايه‌تى و كێشه‌كانى ئه‌مرِۆى مرۆڤ بكه‌ين، باس له‌ روانينى ده‌روونى و ميتافيزيكى مرۆڤ بكه‌ين، ئايه‌ ئه‌مه‌ ده‌شێ، بێگومان ده‌كرێ، وه‌ك چۆن له‌م تابلۆيانه‌ كراوه‌. له‌م ئه‌زموونه‌ نوێيه‌ى كاك حه‌مه‌ هاشم هه‌ستى پێده‌كه‌ين، مرۆڤ به ‌هه‌موو ئاسته‌كان ده‌خرێته‌ڕوو، پانتاييه‌ك له‌ ڕه‌نگى پيرۆزه‌يى‌ پان و به‌رين وه‌ك هه‌ناسه‌يه‌كى درێژ و فه‌زايه‌كى ئارام و پڕ له‌ ئاسووده‌يى هه‌ڵده‌كشێ و درێژ ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ كۆتايى ره‌نگ وه‌ك جيهانێكى هه‌ستيار ناوه‌وه‌ى مرۆڤ ده‌ربڕێ، ده‌گۆڕێ و ده‌بێته‌ ره‌ش و بۆر و سپيواژى و له‌ شێوه‌ى به‌ردى تيژ و درێشه‌ وه‌ك هێڵه‌ له‌ ناكاو تيژه‌كان كۆتايى به‌و فه‌زايه‌ ده‌هێنن، ئه‌مه‌ش واته‌ كۆتايى هاتنى ئارامى و ئاسووده‌ييه‌ و له‌ولاشه‌وه ‌نيشانه‌ى ئايينده‌يه‌كى نادياره‌.

هونه‌رمه‌ند ده‌يه‌وێ له‌ هه‌موو لايه‌كه‌وه‌ ده‌وره‌ى مرۆڤى كورد بدا وێنا و ئيماژى ناوه‌وه‌ى خۆى، واته‌ هى ئه‌و مرۆڤه‌ بخاته‌ڕوو، ده‌بينين ره‌نگه‌كان، هێڵه‌كان، هه‌ڵكه‌وتێكى پڕله‌ توند و تيژى و پڕ له‌ روانگه‌ و بيركردنه‌وه‌ن، ره‌نگ و هێڵه‌كان هه‌موويان له‌ هه‌ڵاتن و بيركردنه‌وه‌ و جووله‌ن، شێوازى كاركردن و فۆرمه‌كان، له‌ شێوه‌ى دڕان و و هێڵى تيژ و شێواو و زه‌ق و نه‌رم وێڕاى كۆنتراستى ره‌نگه‌كان و تارى و ڕوونى ده‌مانبه‌نه‌وه‌ ناو ئه‌م فه‌زايه‌ بێ سنوور و پڕ له‌ دڵه‌ڕاوكه‌ى مۆرڤى ئه‌مڕۆى كورد، به‌ڵام به‌ فۆرمێكى جوانيناناسه‌ى تازه‌ كه‌ ده‌رگا بۆ روانينى تازه‌ و ره‌هه‌ندى هونه‌رى تازه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار