كۆنگرەی ١٤ی پارتی.. كۆنگرەی ئاراییشدانەوەی كێشە دەروونئامێزەكانی

2 ساڵ لەمەوپێش



ئارام ڕەفعەت

دواجار و دوای نزیكەی ١٢ ساڵ پارتی لەسەرەتای مانگی نۆڤەمبەری ئەمساڵدا كۆنگرەی چواردەهەمی خۆی بەست. بەحەفتاو شەش ساڵ تەمەنەوە، ئەنجامدانی تەنها چواردە كۆنگرە جێگای تێڕامانە، هەرچەندە بە بەراورد بەژمارەی كۆنگرەی زۆرینەی حزبەكانی تری كوردستانیش ئەمە حاڵەتێكی نامۆو تایبەت بەپارتی نییە

وەك هەر حزبێكی تر، بۆ تێگەییشتن لەپارتی و كێشە دەروونئامێزەكانی، كۆنگرە بڕگەیەكی گرنگە. گرنگترین دیوی سەرنجراكێشی مێژووی ئەو حزبە ئەوەیە كەهەشت كۆنگرەی لە ٢٤ ساڵی یەكەمی تەمەنیدا و تەنها شەش كۆنگرەشی لەباقی ٥٢ ساڵی رابردوویدا ئەنجامداوە. واتە لەنێوان ١٩٤٦ و ١٩٧٠ هەشت گۆنگرە و لە ١٩٧٠ش بەدواوە شەش كۆنگرە. لەوەش سەرنجڕاكێشتر ئەوەیە ٢٤ ساڵی یەكەمی تەمەنی پارتی، كەزۆرترین كۆنگرەی تێدا بەستراون، سەختترین ساڵانی تەمەنی ئەو حزبە بووە. پێنج كۆنگرەی یەكەم  لەچواردە ساڵی یەكەمدا  و لەدۆخێكدا بەستراون كە ئەو پارتە جگە لەوەی یاساخ بووە و بستێك خاكی رزگاركراوی لەبەردەدستدا نەبووە، هیچ ئیمكاناتێكی لۆجیستی و دارایی و سەربازیی نەبووە بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەو پاراستنی ئەندامانی.  لەو ماوەیەدا ئەو حزبە ناچار بووە  هەر پێنج كۆنگرەكەی (جگە لە كۆنگرەی پێنجەمی ١٩٦٠ی) لەوپەڕی نهێنی و لەماڵێكدا و لەناوجەرگەی یەكێك لەشارەكانی كوردستاندا، هەندێك جاریش لەبەغدا ئەنجام بدات. لەم دۆخەدا، سەرەڕای هەموو رێگری و سەختییەكان، چاوبەستەگی و خۆشاردنەوە لەپۆلیس و سیخوڕەكانی رژێمی پادشایەتی نیگەرانی و ئەرك و تەحەدای سەرەكی بوون. سەرەڕای ئەوەش هەموو كۆنگرەكان، لەكاتی خۆیداو بەهەموو ئەو خەسڵەتانەی كە لەكۆنگرەی هەر حزبێكی نۆرماڵ چاوەڕوان دەكرێن،  ئەنجامدراون.

دوا سێ كۆنگرەی تری ئەو ماوەیەش لەنێوان سانی ١٩٦٤ وە ١٩٧٠دا بەستراون كەپارتی رابەرایەتی شەڕێكی بەرەیی فراوانی دەكردو كوردستانیش دەرگیری جەنگ و هێرشی هەموو رۆژەو هەمەلایەنەی سوپای عێراق ببوو، واتە سێ كۆنگرەكە لەجەرگەی شۆڕشی ئەیلولدا ئەنجامدراون. لەنێوان ١٩٧٥ و ١٩٧٩شدا دوو كۆنگرە رێكخراون كەكۆنگرەی هەشتەم و نۆیەمی ئەو حزبەن. كەمترین رێژەی كۆنگرەی حزب لە ٣٢ ساڵی رابردوودا بووە، كە پارتی خۆی دەسەڵاتداری یەكەمی (لانی كەم) لایەكی هەرێمی كوردستان بووە تەنها چوار كۆنگرەی بەستووە. بەكورتی،  ئەگەر بەراورد بكرێت بەماوەی پێش ١٩٧٠، پارتی لە ٥٢ ساڵی رابردوودا دەبوایە نزیك بە ١٦ كۆنگرەی تری ئەنجام دابوایە، بەڵام وەك ئاماژەمان پێدا تەنها شەش كۆنگرەی لەو ماوەیەدا ئەنجامداوە. بۆ تێگەییشتن لەم حاڵەتەیش، كۆنگرەی هەشتەمی پارتی جێگای هەڵوەستە لەسەركردنە.

 كۆنگرەی هەشتی پارتی، كە لە ١٩٧٠ بەسترا، دەكرێت وەك خاڵی وەرچەرخانی ئەو حزبە تەماشا بكرێت.  لەم كۆنگرەیەدا، نوخبەی شاری، كە لەمەكتەبی سیاسی پارتیدا رێكخرابوون و هەم ئەقڵی حزب و هەم واجیهە و بڕبڕەی رێكخستنەكانی بوو، لەبەردەم مستەفا بارزانیدا تەواو پاشەكشە دەكات و پارتی رادەستی مستەفا بارزانی دەكەن. بەتایبەت دوای بەیاننامەی ١١ی ئازار، كە بارزانی وەك پاڵەوانی ئەو «دەسكەوتە» بووە كەسی یەكەم و بێ ركابەری حزبەكە. بێ ركابەری مستەفا بارزانی بەڕادەیەك دەبێت كەبتوانێت بێ هیچ بەرهەڵستكاری و رێگرییەك پایەكانی بەبنەماڵەكردنی حزب دابڕێژێت و هەریەك لە مەسعود بارزانی و ئیدریس بارزانی، كە هێشتا لەبیستەكانی تەمەنیاندا بوون بكاتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی دەزگای پاراستنی حزبیش. بەكورتی، لەكۆنگرەی هەشتدا پارتییە نوخبەوییە چوست و چالاك و مولزەم بە پرەنسیپە حزبییەكان گۆڕەپان جێدێڵێن یان پاسیڤ دەكرێن و دەبنە پاشكۆو گروپێك لەكادیرەكانی ریزی دووەمی حزب سەركردایەتییەكی پاسیڤ و بێ كاریگەر و بێ ركابەر، جێگایان دەگرنەوە. دەكرێت زۆری كۆنگرەی پێش ١٩٧٠و دوای ئەو ساڵە لەسیاقی ئەو ئاڵوگۆڕە ریشەییەدا تێبگەین كە لەو دەورانەدا هاتە ئاراوە.

لەدوای پاشەكشەی نوخبەی كوردی لەسەركردایەتی پارتیدا، واتە لە كۆنگرەی نۆیەمەوە تا دەگاتە دوا كۆنگرە، كە كۆنگرەی چواردەیە، كەم تا زۆر بەپەیوەند بەهاوسەنگی نێوان ئەندامانی بنەماڵە ببینرێن. بۆ نموونە، لەكۆنگرەی نۆی پارتیدا، كە لەئایاری ١٩٧٩دا و دوای كۆچی دوایی مستەفا بارزانی بەسترا،  هاوسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی و ئیدریس بارزانی چەسپێنرا. كۆنگرەی دەیەم، كە نزیك بەدوو ساڵ دوای كۆچی دوایی ئیدریس بارزانی بوو، مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی حزب سەرجەم دەسەڵاتەكانی ئیدریس بارزانیشی پێدرا. ئەم ئاراستەیە، واتە بوونی مەسعود بارزانی وەك تاكە سەرۆكی بێ هاوسەرۆك و بێ جێگر و ركابەر، تا كۆنگرەی ١٣ی پارتی بەردەوام بوو. لەم كۆنگرەیەدا، كە لە ٢٠١٠دا بەسترا دوو گۆڕانی باڵكێش لەهاوسەنگی نێوان ئەندامانی بنەماڵەی بارزانی لە ناو پارتیدا هاتنە ئاراوەو هەردوو گۆڕانكارییەكەش پەیوەست بوون بە هەڵكشانی تەمەنی مەسعود بارزانی لەلایەك و فراوابوونی پێگەی نێچیرڤان بارزانی، بەهۆی بوونی لەپۆستی سەرۆكی حكومەت لەلایەكی ترەوە. یەكەم ئاڵوگۆری باڵكێش ئەوەبوو كە بۆ ئاراییشدانەوەی هاوسەنگی و بەرجەستەكردنی ئەو پێگە تازەیەی كە نێچیرڤان بارزانی لە ٢٠٠٧ بەدواوە بەدەستی هێنابوو، لەم كۆنگرەیەدا بۆ یەكەمجار جێگرێك بۆ مەسعود بارزانی، وەك سەرۆكی پارتی دادەنێرت و نێچیرڤان بارزانی دەبێتە جێگری سەرۆكی حزب. دووەم ئاڵوگۆڕیش هەڵبژاردنی مەسرور بارزانی بوو وەك ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە. ١٠ ساڵی رابردوو هەڵكشان و داكشانی پێگەو رۆڵی هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی و دەنگۆی بوونی ململانێی پشت پەردەی نێوانیان بووەتە جێگای سەرنجی زۆرێك لەچاودێران. دەسبەرداربوونی مەسعود بارزانی لەپۆستی سەرۆكایەتی هەرێم، پێویستی بەسەرلەنوێ ئاراییشدانەوەی هاوسەنگی نێوان ئەندامانی بنەماڵە هەبوو. سەرەتای ئەم ئاراییشدانەوەیەش لەئاڵوگۆڕی پۆستەكانی سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی حكومەت بوو. یەكەمیان دەكرێتە پۆستێكی تەشریفاتی و دەدرێتە نێچیرڤان بارزانی و دووەمیشییان زۆرێك لە دەسەڵاتەكانی پێشووی سەرۆكی هەرێمی پێدەدرێت و دەدرێتە نێچیرڤان بارزانی. ئەم وەرچەرخان و ئاراییشدانەوەیە دەبوایە لەكایەی سەرۆكایەتی پارتیشدا رەنگبداتەوە. كۆنگرەی ١٤ی پارتی، كۆنگرەیەك بوو بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەركە.

پرسی هاوجێگری یان بوونی دوو جێگر (لەبری یەك جێگر وەك لەكۆنگرەی ١٣دا بڕیاری لەسەر درابوو) رەنگە گرنگترین رووداوی كۆنگرەی ١٤ی پارتی بێت. بڕیاردان لەدوو جێگری بۆ سەرۆكی پارتی، جگە لەبڕیاردان بۆ دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی نێچیرڤان بارزانی، وەك جێگری سەرۆكی پارتی لەگەڵ مەسرور بارزانیدا هیچ مانایەك نابەخشێت. ئەوەی لەم كۆنگرەیەدا دابەشكرا یان كەمكرایەوە، دەسەڵاتەكانی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی نەبوو، بەڵكو كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی نێچیرڤان بارزانی بوو. ئەمەش ئاراییشدانەوەیەكی گرنگی هاوسەنگی نێوان ئەندامانی بنەماڵەی بارزانییە، كە لەم كۆنگرەیەدا بڕیاری لەسەر درا.

چاودێرانی كۆنگرەی ١٤ی پارتی ئاماژە بە دابەشبوون و ئاراییشدانەوەیەكی تری گەورەی هاوسەنگی نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی دەكەن. بەگوێرەی چاودێران، لەسەرجەم ٥١ ئەندامی سەركردایەتی كە لەو كۆنگرەیەدا هەڵبژێردران، ٤٥ ئەندام نزیكن لە مەسرور بارزانی و شەش ئەندامیش لەنێچیرڤان بارزانی. بەپێی ئەم بەدواداچوونە بێت، رێژەی لایەنگرانی مەسرور بارزانی لەسەركردایەتی پارتیدا دەكاتە ٨٨٪ و هی نێچیرڤان بارزانیش تەنها ١٢٪ پێكدێنێت. ئەگەر ئەم سەرنجەی چاودێران راست بێت، ئەوا نێچیرڤان بارزانی شەریكە گچكەكەی ناو بنەماڵەی بارزانییە و مەسرور بارزانیش پشكی سەرەكی پێدراوە و بە ئاقاری جێگرتنەوەی مەسعود بارزانی باوكی، وەك سەرۆكی پارتی، هەنگاو دەنێت.

ئاڵوگۆڕ و هاوسەنگییەكانی نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی هەرچییەك بێت، یەك شت بە نەگۆڕی ماوەتەوە، ئەویش پرسی خاوەندارێتی رەهای بنەماڵەی بارزانییە بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئەو حزبە. پارتی بە ٧٦ ساڵی تەمەنییەوە تەنها دوو سەرۆكی هەبووە، مستەفا بارزانی، لە دامەزراندنی پارتییەوە تا كۆچی دوایی كردنی، سەرۆكی ئەو حزبە بووە و مەسعود بارزانیش لانی كەم لەكۆنگرەی نۆیەمی پارتییەوە، لە ١٩٧٩ تائێستا. وەك لەسەرەوەش ئاماژەمان پێدا، لەئێستاوەش  خەریكە داهاتووی پۆستی سەرۆكی حزب بۆ مەسرور بارزانی ساغدەكرێتەوە. دەبێت ئەوەش بگوترێ، هاوشیوەی پارتی، زۆرینەی حزبەكانی باشوری كوردستان هەمان كەلتووری یەك سەرۆكی تا مردن و دوای مردنیشی جێگرتنەوەی پۆستی سەرۆك بەواریسەكانیان تەبەننی كردووە. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار