بۆ نازدارێكی (نازدارانی جاف)، بۆ بەهێ خانی حامید بەگی جاف
2 ساڵ لەمەوپێش
دكتۆر سەباح غالب
من كارم بەوە نییە، گۆرانی (هەوری لار یا شەدە لار) بۆ كێ وترابێ، بەڵام ئەوە دەزانم هەموو هەوری لارو شەدە لارەكان، بەهێ خانیان تێدا نابێ. ئەم قسەیەم بەزیاد لێوەرمەگرن، چونكە لەلایەكەوە من زێرینگەرم، بۆیە بەو جۆرە قەدری ئەو خان و خاتوونە دەگرم، هاوكات، هێندەی لەسەر جافم خوێندووەتەوە یا لەسەریانم بیستووە، خێڵی جاف یەكێكە لەهەرە گەورەترین خێڵی كورد، بەلای كەمەوە لەچەرخی هەژدەوە بڕبڕاگەی سوپاو هێزی شەڕكەری میرنشینی بابان بوون، بە خۆڕایی نەبووە شێخ رەزای تاڵەبانی دەسەڵاتی خێڵەكەی خۆی لەبەرامبەر جافدا دادەلەنگێنێ و دەڵێ: خزمینە مەدەن پەنجە لەگەڵ عەشرەتی جافا مێروولـە نـەچێ چاكە بەگژ قوللەیی قــافــا دارایی جاف هەر خەڵك زۆری و جەنگاوەری نەبووە، رەنگە بتوانم بڵێم هیچ خێڵێكی كورد بەقەدەر جاف پیاوی گەورەی نیشتمانپەروەرو ژنی دوندو دونیادیدەو دەركەوتوو بەهێزو دەسەڵات هەڵنەكەوتووە، بەهەمان شێوە لەپەیدابوونی ئەدیب و ئەدەبدۆستان هیچ عەشیرەتێكیان پێناگا. زۆر ناڕۆمە دواوە، لەكۆتایی چەرخی نۆزدەوە، ئەوە رەشماڵ و دیوەخان و قەریحەی شاعیری مەحمود پاشای جاف بووە كەدەنگی زوڵاڵی شیعرە هەر بەرزە دڵداری و دەرخەری سروشتی كوردستان لای مەولەوی، كۆڕی عاشقانی جۆش دەدا، گۆران كە بەشاعیری جوانی و سروشت ناوی رۆشتووە، قەرزداری مەولەوییە. میوانداری و بەخشندەیی مەحمود پاشا وایكرد بوو كە شێخ رەزای تاڵەبانی ئەوێی كردبووە ماڵی خۆی. تو خوا ئاوەكەی بۆن گوڵاوەكە بۆ سەرچاوەكەت كەمێك لاوەكە بڕوانە ئاخۆ جامی فۆتۆگراف نیشانم نادا شێوەی عێلی جاف ئەوەی سەرەوە، بەشێكە لەشیعرە ناودارەكەی پیرەمێرد، (دوو ئاوانەكە)، من پێم وایە ئەگەر پیرەمێرد بەهێ خانی بدیبایە، ئەوا ئەو شیعرەی بە جۆرێكی دیكە دەنووسی. ئەوكات بۆی دەردەكەوت كە بەهێ خان بەشێكی گەورەی لەشكۆی جاف بۆ خۆی بردووە، بەدڵنیاییەوە سێبەری جووتە برا، تاهیر بەگ و ئەحمەد موختار بەگی جافی لەڕووی زمانپاراوی و چێژی ئەدەبی و ئازادی ژن و ژیانی لەسەرە. باوەڕم وایە خودا هەمیشە ئەو لوتفەی لەگەڵ كورددا هەیە كەژنی گەردن كێل و پیاوی گەورەی لێنابڕێ، بۆ زیاتر دەركەوتنی ئەوانەش، عەقڵی حەكیمانەو بەرنامەی تێگەیشتنی سیاسەتمەداری گەورەی كوردی دەوێ. لەگەڵ ئەوەشدا بەهێ خان پاشخانێكی دەوڵەتمەندو فراوانی هەیەو بووەتە پێگەی بەتین و هاندەر بۆ پێگەیشتن و تێگەیشتنی، بەدیوەكەی دیكەدا، ئەوە كەسایەتی و توانای تایبەتی خۆیەتی كردوویەتییە هەڵكەوتوو، زیرەكی و كارامەیی فێربوون و بیر تیژییەكی تێدایە كە بەقسە و باس، شیرین كەلامی و دەنگ خۆشی و شارەزایی لەشیعر خوێندنەوەیدا دەردەكەوێ، بەهەمان دەستوور فرە پەیوەندی كۆمەڵایەتی و بەپەرۆشی بۆ هاوبەشی خۆشی و ناخۆشی خەڵك، جێگایەكی قەدری پێ بەخشیوە. ئەو هەموو بە قوربانت بم و بەساقەت بم صەباح گیان كە هەمیشە لەقوڵایی دڵ و ناخییەوە بۆ منی دەربڕیوە، سامانێكی خۆشەویستین بۆ من. بەهێ خان تۆ تامێكی یەكجار جیاوازت داوە بەپۆشاكی ژنانەی كوردی، تاس كڵاو، سەروپێچ، پڵ پڵە، گەردانە، ژێرچەنە، گوارە، كۆڵوانە، سەرپۆشی سپی، كراسی ئاڵ و واڵا، سوخمە، ، دەسماڵ، پانی بەرز، بۆنی مێخەك و سمڵ، هەر لەخۆت دێن، كێ دەزانێ پیرەمێرد دایكی تۆی نەبینی بێ كەئاوا شەیدایانە بەباڵای نازدارانی جافی هەڵگوتووە، وشەكان و شیعرەكەی پیرەمێرد بێ رتووش بوون، لەهەستێكی نزیكایەتی و دۆستایەتی خۆی و پاكێتی داوێن و چاوە نەرمەكانی و دڵە پڕ میهرەبانییەكەیەوە لەگەڵ جافدا، سۆزو دەروونی جوڵاندووە. هەروەك چۆن دەوڵەمەندی زمان بەوشە و داڕشتنی جوانەوە، شیرینترە، ئاوهاش باڵای عەرعەری و زمان شەككریی و حەیاو حورمەت، ئەوانەی بەنرخ كردووە، بۆیە دەڵێم تۆش سەراپا كەرەسەی جلوبەرگی ژنانەی كوردیت زیاتر رازاندۆتەوە. بەهێ حان، دڵ لەدڵ مەدە كەبینایی چاوەكانت لەدەستداون، بەڵام، ئێستا لەجاران، چاوی دڵت رووناكتر و عەقڵ و هۆشت تیژترو گرشەترن. بەهێ خان دەمەویست لەنزیكەوە باوەشت بۆ بكەمەوە و نزای تەمەن درێژی و ئاخر خێریت بۆ بكەم، بەڵام قەدەر وای هێنایەوە كە نەتوانم لەكۆڕەكەتدا ئامادەبم. تكایە لوتف بكە ئەو چەند وشەیە لەبری بێخاڵی هاوسەرم و خۆم وەرگرە. هەموو لایەك سەرفراز بن. تێبینی: لەئێوارەی رۆژی شەممە، 12ی تشرینی دووەمی 2022دا، بە هاوبەشی بۆ بەهێ خان و رەحمەتی حەمە مستەفای محامی، كۆڕێك بۆ ریزلێنیان لە لایەن، كۆمەڵێك رۆشنبیر و بەپەرۆشی كولتوور و یەكڕیزی كۆمەڵایەتی رەوەندی كورد لەلەندەن، لەوانە: خاتوو ناسك شاڵی، دكتۆر شیروان موفتی، كاك عەتا موفتی و كاكە پێشڕەو مەجید، هاوكات كەسوكاری ئەم دوو بنەماڵەی ناوبراوان بەڕێوەچوو، لەبەرئەوەی لەهەمان رۆژدا من عەمەلیات دەكرام، نەمتوانی ئامادەبم، بەڵام لوتفی لایەنەكان و برایانەی عەتاو پێشڕەو دوو ئێوارە پێش كۆڕەكە هانیان دام، چەند وشەیەكیان بۆ تۆمار بكەم. ئاوا دەرچوون، چاكە یا خراپ، ماڵی خۆمن.