یونسێف: لەمساڵدا ٦٥ منداڵ لە عێراق بەهۆی شەڕوململانێوە گیانیان لەدەست داوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
رێکخراوی یونسێفی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماری منداڵە کوژراو و بریندارەکانی ئەمساڵی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بڵاوکردەوە.
یونسێف لەبارەی رۆژی چەسپاندنی مافەکانی منداڵان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەمساڵ نزیکەی ٥٨٠ منداڵ لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بەھۆی ململانێ و شەڕ و توندوتیژییەوە کوژراون.کە ئەمەش دەکاتە تێکڕای ١٠ منداڵ لە ھەر ھەفتەیەکدا .
دەشڵێت، "لەو ژمارەیە ٦٥ منداڵایان عێراقین".
ئاماژەی بەوەشداوە، منداڵانی ناوچەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا رووبەڕووی زیادبوونی توندوتیژی دەبنەوە و بەردەوامن لە رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی توندوتیژی نێو کۆمەڵگەکان و نائارامی سیاسی، تەقینەوەی بۆمب و پاشماوەکانی جەنگ کە ژمارەیەک وڵاتی گرتووەتەوە، لەوانەش ئێران، عێراق، لیبیا، سوودان، سوریا و یەمەن، ھەروەھا ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکانیش.
راگەیەنراوەکەی یوسنێف باسی لەوەشکردووە، لە عێراق تەقینەوەی بۆمب و پاشماوەکانی جەنگ و ململانێکانی رابردوو ھەڕەشە و مەترسین بۆسەر منداڵان، بە جۆرێک تەنیا ئەمساڵ ٦٥ منداڵ بەو ھۆیەوە کوژراون یان برینداربوون.
جێگەی باسە ،رۆژانە لە بازاڕ، ناوچەکانی پیشەسازی، کارگە و دوکانەکاندا، چەندین منداڵ دەبینرێت کە لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵییەوەن و خەریکی کارکردنن بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان، زۆرێک لەوانەش بەھۆی کارکردنەوە لە خوێندن دابڕاون.