روسیا داوای سنوردارکردنی بەکارهێنانی هێزی سەربازی تورکیا لەعێراق و سوریادا دەکات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
روسیا لەبەرانبەر ئۆپەراسیۆنی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی رۆژئاوای کوردستان هاتە دەنگ و داوای لە ئەنقەرە کرد کە خۆی لە بەکارهێنانی هێزی زۆری سەربازی بەدوور بگریت.
ئاژانسی هەواڵی ڕیای روسی رایگەیاند، ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ، نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا لە سوریا ئاماژەی بە هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان کردووە و داوای لە دەوڵەتی تورکیا کردووە، خۆی لە فراوانکردنی گرژیەکان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و ناوچەکە بەدوور بگرێت و وتی، " بەرلە هێرشەکە روسیا بەهیچ شێوەیەک ئاگادار نەکراوەتەوە."
ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ دەشڵێت، روسیا هەوڵ دەدات، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە، کێشەی کورد بەشێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەر بکرێت. داواشی کرد، هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان بکشێنەوە و هەوڵی سەقامگیرکردنی ئارامی لە ناوچەکەدا بدەن.
کاتژمێر ١٢:٠٠ی شەوی 19ی تشرینی دووەم، فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا، لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی 'چنگ – شمشێر' هێرشێکی ئاسمانی فراوانیان لەدژی چەند شار و ناوچەیەکی رۆژئاوا و هەرێمی کوردستان ئەنجامدا و بەگوێرەی ئاماری هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لە هێرشە ئاسمانیەکاندا، ١٣ هاوڵاتی مەدەنی و ٦ شەڕڤان شەهید بوون و ٢٠ سەربازی حکومەتی سوریاش کوژراون. هەروەها، بە دەیان کەسیش بریندار بوون.