لە ئەنجامی دوو تەقینەوە لە قودس ١٥ کەس بریندار بوون
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوو تەقینەوە لە نزیک وێستگەیەکی پاس لە سەنتەری شاری قودس (ئورشەلیم) روویاندا و نزیکەی 15 کەس برینداربوون.
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی تشرینی دووەمی 2022، دوو تەقینەوە لە وێستگەیەکی پاس لە سەنتەری شاری قودس (ئورشەلیم) روویاندا.
بەرپرسانی ئەمنی و پزیشکی لە ئۆرشەلیم ڕایانگەیاند، لە دوو تەقینەوەی جیادا کە دوو وێستگەی پاسیان کردە ئامانج، 15 کەس برینداربوون.
یەکەم تەقینەوە کاژێر 07:00 بە کاتی قودس (ئورشەلیم)، روویداوە؛
دووەمیش لە هەمان شوێن کاژێر 07:30 خولەک بە کاتی قودس (ئورشەلیم) روویداوە
ئەو نەخۆشخانەیانەی چارەسەری بریندارەکان دەکات ئاشکرایکرد، تەقینەوەی یەکەم 12 کەسی بریندارکردووە کە دووانیان باری تەندروستییان ناجێگیرە و، تەقینەوەی دووەم لە وێستگەیەکی دیکە روویداوە و سێ برینداری لێکەوتووەتەوە.
بەگوێرەی میدیای ئیسرائیل، تەقینەوەکان لە رێگەی بۆمبی چێندراوەوە بوون کە لە وێستگەکە لەنێو جانتایەکدا دانراون، بەڵام هێشتا پۆلیسی ئیسرائیلی ئەو راپۆرتانەی پشتڕاستنەکردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەکەن، هێشتا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن.