لەڕۆژنامەی (هاوڵاتی)ییەوە.. بۆ یەكەمجار رۆژنامەنووسێكی كورد خەڵاتی ئازادیی رۆژنامەوانیی نێودەوڵەتی پێدەبەخشرێت

نیاز عەبدوڵا: لەخەڵاتكردنی ئێمەدا چەندین پەیامی گرنگ هەیە بۆ حكومەتی هەرێم

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان لەنیویۆرك (CPJ) خەڵاتی ئازادیی رۆژنامەوانیی نێودەوڵەتی بەخشییە رۆژنامەنووس نیاز عەبدوڵا

كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان CPJ لەساڵی 1991ەوە كەبنكەی سەرەكی لەنیویۆرك-ە،‌ بەشێوەی ساڵانە خەڵاتی ئازادی رۆژنامەوانی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی جیهان دەبەخشێتە ئەو رۆژنامەنووسە ئازایانەی سەرەڕای سەختی و رێگرییە زۆرەكان،‌ بەردەوامن لەبەرگریكردن لەبەهاكانی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ و ئاشكراكردنی راستییەكان لەڕێگای كارەكانیانەوە. ئەمساڵیش لە خولی 32مینی دابەشكردنی خەڵاتەكەدا، بۆ یەكەمجارە رۆژنامەنووسێكی كورد خەڵات دەكات.
بەو بۆنەیەوە هاوڵاتی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ رۆژنامەنووس نیاز عەبدوڵا ئەنجامداوەو تیایدا دەڵێت: لەخەڵاتكردنی ئێمەدا چەندین پەیامی گرنگ هەیە بۆ حكومەتی هەرێم و كابینەی نۆ، تا رێز لەئازادییەكان بگرن و دەست لەسەركوتكارییەكان هەڵبگرن.

🔻دەقی چاوپێكەوتنەكە لەگەڵ نیاز عەبدوڵا:
هاوڵاتی: لەلایەن كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان لەنیویۆرك (CPJ) خەڵاتی ئازادی رۆژنامەوانی نێودەوڵەتی-ت پێبەخشرا، چۆن بوو ئەم رێكخراوە لەپاڵ چەند رۆژنامەنووسێكی تری جیهانیدا رۆژنامەنووسێكی هەرێمی كوردستانی هەڵبژارد بۆ ئەو خەڵاتە؟
نیاز عەبدوڵڵا: كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی چاودێری دۆخی رۆژنامەنووسان و رەوشی ئازادی رادەربڕین دەكەن، دەبینن رۆژنامەنووسان لەچ دۆخێكی سەختدا سەرەڕای ئاڵنگاری زۆر، بەردەوامن لەكارەكانیان. پەیام و ناوەڕۆك و شێوازی كاری رۆژنامەنووسان پێوەرن بۆ كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان، بۆیە بەبایەخ و گرنگییەوە دەڕواننە ئەو رۆژنامەنووسە سەربەخۆیانەی كارەكانیان ئازایانە تەرخانكردووە بۆ ئاشكراكردنی گەندەڵییەكان و پێشێلكارییە سیاسی و مەدەنییەكان، بەتایبەت لەو پانتاییەی رۆژنامەنووس تیایدا رووماڵی رووداوە گرنگەكانی كردووە.
هاوكات CPJ، بەردەوام بایەخی گەورەی بۆ دۆخی رۆژنامەوانی لەهەرێمی كوردستان هەبووە، وەك یەكێك لەو ناوچانەی بۆتە شوێنێكی مەترسیدارو بێ ئاسایش بۆ رۆژنامەنووسانی سەربەخۆ. CPJ جگە لەپێزانینی بۆ كاری ئەو رۆژنامەنووسانەی خەڵاتەكەیان پێدەبەخشێت، دەیەوێت ئەو رۆژنامەنووسانە بكات بەنموونە و ئیلهام بۆ رۆژنامەنووسانی دیكە كە لەبارودۆخی سەخت و هاوشێوەدا كاردەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا پەیام و دۆزی ئەم رۆژنامەنووسانە لەسەر ئاستێكی فراوان كاری لەسەر دەكرێت، بۆیە لەخەڵاتكردنی ئێمەدا چەندین پەیامی گرنگ هەیە بۆ حكومەتی هەرێم و كابینەی نۆ، تا رێز لەئازادییەكان بگرن و دەست لەسەركوتكارییەكان هەڵبگرن؛ ئەو رۆژنامەنووسانەی لەلایەن حكومەتی هەرێم دژایەتی دەكرێن، لەناوەندە نێودەوڵەتییەكان كارەكانیان رێزلێگیراوو پڕ بایەخە.
هاوڵاتی: لەكاتێكدا لەلایەن رێكخراوەكان و وڵاتانی جیهانەوە چاودێری رەوشی ئازادی و مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان دەكرێت، بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە دەبینن دەسەڵات رەوشی ئازادی و مافی مرۆڤی زیاتر بەرتەسك كردووەتەوە، هۆكاری ئەمە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟
نیاز عەبدولڵا: رۆژنامەوانی سەربەخۆو ئازاد لەهەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەی لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لەعێراق لەساڵی 2003 گەشانەوەی بەخۆیەوە بینی، یاسای كاری رۆژنامەگەری دەركرا و چەندین هەوڵدرا بۆ مسۆگەركردنی ئازادییەكان و مافەكانی رۆژنامەنووسان، بەڵام كاتێك دەسەڵات زانی ئەم بوژانەوەیە لەخزمەتی ئەو نییەو رۆژانە گەندەڵییەكان و تاوان و خراپەكارییەكانی حوكمڕانییەكەی‌ ئاشكرا دەكرێت، دەستی بە تیرۆركردن و ترساندنی رۆژنامەنووسان كردو كاری بۆ پەرەپێدانی رۆژنامەوانی حزبی و سێبەركرد، بەشێكی دەزگا رۆژنامەوانییە ئەهلییە سەربەخۆكانی پوكاندەوە، ئەو رۆژنامانەی ماشنەوە رووبەڕووی جۆرەها ئابڵوقە كرانەوە. بەڵام كابینەی نۆ-ی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە رابەرایەتی مەسرور بارزانی بوێرانەترو ئاشكراتر تاوانی لەبەرامبەر رۆژنامەنووسان ئەنجامدا، هەرچەندە ناوبراو پێشتریش بەوە ناسرابوو كە تێوەگلاوە لەچەندین تاوان بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان و رۆڵی گەورەی هەبوو لەسەركوتكاری ئازادییە رۆژنامەوانییەكان.
رۆژنامەنووسان ویژدانی زیندووی كۆمەڵگان لەكوردستان، رۆڵی گەورەیان هەبووە لەئاشكراكردنی گەندەڵییەكان و بەرزكردنەوەی ئاستی هوشیاری سیاسی و ئابووری و خستنەڕووی ئەو تاوانانەی پارتەكانی دەسەڵات ئەنجامیان داوە، بۆیە دوای دەركەوتنی ئەم گرنگییەی میدیا بۆ دەسەڵات، هەموو رێگایەكی ستەمكارانەیان خستەكار‌ بۆ كوشتنی ئەو ویژدانە زیندووەو شوێنگرتنەوەی بەمیدیایەكی پڕوپاگەندەكاری دەسەڵاتخواز.
هاوڵاتی: رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان بەردەوام بەخراپی باس لە رەوشی رۆژنامەنووسی لەهەرێمی كوردستان دەكەن، بە بڕوای تۆ ئەمە چی كاریگەریەكی لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت؟
نیاز عەبدوڵڵا: یەكێك لەپێوەرەكانی دیموكراسیبوونی هەر وڵاتێك، دەستەبەری ئازادی كاری رۆژنامەوانی و دەستخستنی زانیاری و ئازادی رادەربڕینە، توانای چاودێریكردنی دەسەڵاتەكانی دادوەری و جێبەجێكردن و یاسادانانە لەلایەن دەزگا رۆژنامەوانییەكانەوە.
حكومەتی هەرێم و پارتەكانی دەسەڵات راستەوخۆ تێوەگلاون لەشاردنەوەی زانیارییەكان و ئەشكەنجەدان و زیندانیكردنی رۆژنامەنووسان، لەنموونەی زیندانیانی بادینان. ئازادی رۆژنامەوانی رەنگدانەوەی هەموو جۆرەكانی دیكەی ئازادییە لەوڵات و كۆمەڵگادا، بۆیە بەرپرسەكانی هەرێم رێزلێگیراونین و لە راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان و پێوەرەكانی دیموكراسیدا لەئاستی خوارەوەن.
هاوڵاتی: پێتوایە میكانیزم و رێگاكانی فراوانكردنی ئازادی رۆژنامەنووسی لەهەرێمی كوردستاندا چیە؟
نیاز عەبدوڵڵا: دەبێت خواست هەبێت بۆ رێزگرتن و پابەندبوون بەبنەماكانی دیموكراسی و بڕوابوون بەگرنگی ئازادی رۆژنامەوانی. هەرێمی كوردستان بەهۆی بوونی یاسا گرنگەكانی وەك یاسای رۆژنامەگەری و یاسای دەستخستنی زانیاری، خاوەن ژێرخانی یاسایی رۆژنامەوانییە. بۆیە جێبەجێكردنی یاساكانی رۆژنامەوانی لەگەڵ بنەماكانی نێو یاسا نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە رۆژنامەوانی، هەنگاوێكی جددی و گرنگە بۆ فراوانكردنی ئازادی رۆژنامەوانی؛ هاوشانی دەستەبەركردنی شەفافییەت و بەخشینی زانیاری لەدامودەزگا فەرمی و گشتییەكان. هاوكات مافەكانی رۆژنامەنووس رێزلێگیراوبێت لەلایەن دەزگا رۆژنامەوانییەكان و دەسەڵاتەكانەوە.
لەبەرامبەریشدا رۆژنامەنووسان و دەزگا رۆژنامەوانییەكان ئەرك و بەرپرسیارێتییان لەئەستۆدایە، وەك ئەوەی ئەوانیش پابەندبن بەبنەما یاسیاییەكان و ئەخلاقی كاری رۆژنامەوانی و كاركردن لەچوارچێوەی بنەماكانی دیموكراسی. هەڵبەت ئەمە بابەتێكە قسەی زۆرو وردەكاری پێویستە.
هاوڵاتی: بەخوێندنەوەی تۆ لەململانێی نێوان ئازادیخوازان لەگەڵ دەسەڵات و ئەو كەسانەی دەیانەوێت ئازادی سنوردار بكەن، كام بەرەیان سەركەوتوو دەبێت؟
نیاز عەبدولڵا: لە رواڵەتدا هەموو حكومەتێكی ستەمكار هەست بەسەركەوتن دەكات، بەڵام لەناوەڕۆكدا ئەو حكومەتە هەمیشە لەبەردەم كەوتن و ناڕەزایەتی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدایە. بۆ نموونە ئێستا كابینەی نۆ-ی حكومەتی هەرێم هەست بەسەركەوتن دەكات، چونكە زۆرترین رۆژنامەنووسی زیندانیكردووەو سەركوتكاری زۆری ئەنجامداوە وەك ئەوەی نەخشەی بۆ داڕشتبوو، لەواقعیشدا حكومەتەكە هەرەسی هێناوە و ناڕەزایەتییەكی گەورە هەیە؛ ئازادیخوازان لەسەر ئاستی دونیا پشتیوانی دەكرێن و حكومەتیش لەسەر ئاستی دونیا دژایەتی ستەمكارییەكانی دەكرێت.
حكومەتێك سەركوتكردنی ئازادییەكان و درێژەدان بەگەندەڵی ستراتیژی بێت، بەدڵنیایی لەشوێنێكدا هەرەس دەهێنێت و دەكەوێت. رۆژنامەنووسانی سەربەخۆو ئازادیخوازان پێویستیان بەیەكانگیری و نزیكی و هەماهەنگییە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار