لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لەبارەی ئێرانەوە چی وترا..؟
2 ساڵ لەمەوپێش
تایبەت بە هاوڵاتی
کۆبونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٤ی تشرینی دووەم، لەسەر پێشنیاری ئەڵمانیا و ئایسلەندا لە جنێڤ بەڕێوەچوو.
مەبەست لەم کۆبونەوەیە پەسەندکردنی بڕیارنامەیەکە کە لەلایەن ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەوروپاوە ئامادەکراوە، کە تیایدا داوا لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ دەکرێت، کۆمیسیۆنێکی سەربەخۆ بۆ بەدواداچوون بۆ دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران پێکبهێنرێت.
بەگوێرەی رەشنووسی بڕیارنامەکە کە دوێنێ لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ پەسەندکرا، پێویستە لێکۆڵینەوەکە "ڕەهەندە جێندەرییەکانی پێشێلکارییەکان" لەخۆبگرێت. دەقەکە داوا لە لێکۆڵەران دەکات بەڵگەی ئەو جۆرە پێشێلکارییانە کۆبکەنەوە، ، شیکاری بکەن و بیپارێزن بۆ لێپێچینەوە لە داهاتوودا.
لە سەرەتای ئەم دیدارەدا، ڤۆڵکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران لە ئێران بە "ئەنقەست" وەسف کرد.
هەروەها بە ئیدانەکردنی بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران، داوای کرد دەستبەجێ کۆتایی بەم توندوتیژیانە بهێنرێت و ئاماژەی بە دەستگیرکردنی ١٤ هەزار خۆپیشاندەر کرد کە منداڵیشیان تێدایە و وتی، دۆخێکی شۆکهێنەرە.
تورک ئاماژەی به وەکرد که لە ناڕەزایەتیەکاندا زیاتر له ٤٠٠ که س کوژراون کە زیاتر له ٥٠ کەسیان منداڵن و وتی: هێزە ئەمنیەکان گولەی راستەقینە، تاپڕ، دەمانچەیان بەکارهێناوە و دەبێت توندوتیژی کۆتایی بهێندرێت.
دوای تورک، جاوید ڕەحمان ریپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: "کەمینەکانی وەک بەلوچ و کورد لە توندوتیژیەکاندا زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە. ئێستا زیندانەکان پڕن لە هەموو ئەو کەسانەی کە خەون بە ئایندەیەکی باشترەوە بۆ ئێران دەبینن، لانیکەم سزای لەسێدارەدان بەسەر شەش کەسدا سەپێنراوە".
ریپۆرتەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئێران لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند: کوشتن، بێسەروشوێنکردن، ئەشکەنجەدان و پێشێلکارییەکانی دیکەی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا لە ئاستێکی بەرزدا ئەنجام دەدرێن و بۆیە پێویستە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ، میکانیزمێکی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ سەبارەت بە ئێران پێکبهێنێت.
جاوید ڕەحمان سەبارەت بە ئەدای سیستەمی دادوەری ئێران ئاماژەی بەوەکرد: دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە بری ئەوەی دامەزراوەیەکی سەربەخۆ بێت و هاوڵاتیانیش مافەکانی خۆیان تێیدا ببیننەوە، وەک دەزگایەکی سەرکوتکەر مامەڵە دەکات.
ئانالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش، دانیشتنی تایبەتی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی بە دەرفەتێک بۆ "بەرزکردنەوەی دەنگی خەڵکی ئێران بۆ مافەکانیان" زانی و وتی، ئەندامانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانن ئاڵای خۆیان لە دژی ئەو نادادپەروەری و لێدان و تەقەکردنە بەرز بکەنەوە کە رژێمی ئێران دەیەوێت بەهۆیەوە ناڕەزایەتیەکان کۆتایی پێبهێنێت.
بێربۆک وتی: ئەوانەی بەرپرسیارن لە توندوتیژی لە ئێران بەرامبەر بە ژنان، پیاوان و منداڵان کە بە شێوەیەکی ئاشتیانە خۆپیشاندانیان کردووە، دەبێ لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت."
نوێنەری ئەمریکاش کۆبونەوەکەدا وتی: هەموومان بە ترسەوە سەیری رووداوەکانی ئێران دەکەین، بەڵام ئەوەی دەیبینین سنووردارە بەهۆی پچڕانی پەیوەندییەکان کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە سەپێنراوە. داواکارییەکانی گەلی ئێران زۆر سادەن: دەرفەتێکە بۆ قسەکردن و گوێگرتن”.
ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە هەموو هەوڵێک بدەین بۆ ئاشکراکردنی ئەو راستیانەی لە ناوخۆی ئێراندا ڕوودەدەن و پشتیوانی لە داواکارییەکانی گەلی ئێران بۆ دادپەروەری و لێپرسینەوە بکەین.
لە بەشی پەیوەندیدار بە رێکخراوە ناحکومییەکان، مەحمود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران، ڕایگەیاند کە ئێران یەکێکە لە گەورەترین ئەو وڵاتانەی کە لەسێدارەدانی تێدا ئەنجام دەدرێت و هۆشداریی لە "لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی خۆپیشاندەران" دا و وتیشی: دەسەڵاتدارانی ئێران بە سەرۆک کۆماری وڵاتیشەوە، مێژوویەکی دوور و درێژیان لەم بابەتەدا هەیە. بۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسیارێتی ڕێگریکردن لەم کارەی لە ئەستۆیە”.
رەها بەحرەینی، نوێنەری ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامی باس لە راستیەکان دەکات. کوشتنی منداڵ راستی نییە. قسەکانی کۆمیسیاری تایبەت، پشتڕاست دەکەینەوە. ئێمە داوای میکانیزمی لێپرسینەوە دەکەین کە دەبوو لە مێژە پێکبهێنرایە."
نوێنەرانی هەندێک وڵاتی ئامادەبووی کۆبوونەوەکەش، رەخنەیان لە ڕێبازی توندی لایەنگرانی دەرکردنی بڕیارنامەی دژ بە ئێران گرت و هۆشدارییان دا لە کەڵک وەرگرتن لە پرسی مافەکانی مرۆڤ، بۆ گوشارخستنە سەر وڵاتانی دیکە.
خەدیجە کەریمی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری نێودەوڵەتیی نوسینگەی جێگری سەرۆک کۆماری بۆ پرسی ژنان و بنەماڵە، لە کۆبونەوەی تایبەتی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤدا ڕایگەیاند: بانگەشە و هاوسۆزی ئەڵمانیا، کە چەکی کیمیایی بۆ ڕژێمی سەدام دابین کردووە بۆ ئەوەی لە دژی گەلی ئێران بەکاری بهێنێت ، بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی زیاتر لە ١٠٠هەزار کەس، دوورە راستی و دووڕووییە.
نوێنەری زیمبابۆی بڕیارنامەکەی دژی ئێران، وەک کردەوەیەکی توند و بێبنەما لەقەڵەمدا و وڵاتانی رۆژئاوای تۆمەتبار کرد.
هەروەها باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی ڤەنزوێلا، لە میانەی کۆبونەوەی تایبەتی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە ئێران، وتی: هیچ پاساوێک بۆ ئەنجامدانی کۆبونەیەوەکی لەو شێوەیە نییە. لە رووداوەکانی ئەم دواییەدا شایەدی هەڵمەتێکی میدیایی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دژی ئێران بووین.
ئەو بەرپرسەی ڤەنزوێلا، سازدانی کۆبونەوەی تایبەتی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەبارەت بە ئێران بە درێژەی چالاکییە سیاسییەکانی ئەو وڵاتانە لە پێشێلکردنی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان لەقەڵەمدا.
باڵیۆز و نوێنەری چین لە کۆبونەوەکەدا وتی: ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ شاهیدی زیادبوونی چالاکییە سیاسییەکان و گرژییەکانە، ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لێدەکەوێتەوە.
راشیگەیاند، چین پشتیوانی لە بەڕێوەچوونی ئەم کۆبونەوە تایبەتە ناکات. ئەم گەمارۆیانە کە زیانی گەورە بە خەڵکی ئێران دەگەیەنن، دەبێت ڕابگیرێن.
نوێنەری کۆریای باکور یەکێک بوو لەو کەسانەی کە لە کۆبونەوەی ئەمڕۆدا نیگەرانی خۆی سەبارەت بە بەکارهێنانی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ بۆ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی دیکە دەربڕێ.
جەختیشی لەوە کردەوە: ئێمە بە تەواوی دژی هەر بڕیارێکین کە لە ئەنجامدا سەروەری وڵاتان پێشێل بکات و بەکارهێنانی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤیش لەم پرسەدا شەرمەزار دەکەین.
نوێنەری روسیاش وتی: ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە هیچ پەیوەندییەکیان بە مافی مرۆڤەوە نییە و کاریگەری پێچەوانەی لەسەر بەرەوپێشەوەچوونی مافەکانی مرۆڤ هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد: ئامانجی ڕێکخەرانی ئەم کۆبوونەوەیە بە بیانووی مافی مرۆڤ، فشارخستنە سەر حکومەتە سەربەخۆکانە. بیرۆکەی دامەزراندنی کۆمیسیۆنی دۆزینەوەی ڕاستییەکان بەبێ ڕەزامەندی دەسەڵاتدارانی ئێران لە بنەڕەتدا ناشەرعییە و ڕۆڵی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ ئەنجامدانی لێکۆلینەوە نییە.
بەرپرسە روسیەکە ئاماژەی بەوەدا، مۆسکۆ دەیەوێت دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئێران ڕابگرێت و دۆخی ئەو وڵاتە ناسەقامگیر بکات.