پوتین: "بازرگانی نێودەوڵەتیی لە قەیراندایە"

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین بە ئاماژەدان بەوەی کە وڵاتەکەی لە بواری بازرگانیدا رووی لە بازاڕی نوێ کردووە، گوتی: "بازرگانی نێودەوڵەتیی لە قەیراندایە. رووسیا بۆ هاوردەکردن و هەناردەکردنی بەرهەمەکانی بۆ بازاڕە نوێیەکان، رێوشوێنی فراوان دەگرێتە بەر".

سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و سەرکۆماری کازاخستان، قاسم جۆمەرت تۆکایەڤ بەیەکەوە لە کۆشکی کرملین بەشێوەی ئۆنلاین بەشدارییان لە کۆڕبەندی ناوچەیی رووسیا و کازاخستاندا کرد کە لە شاری ئۆرنبۆرگ-ی رووسیا بەڕێوەچوو.

ڤلادیمیر پوتین بە ئاماژەدان بەوەی کە رووسیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین وەبەرهێنان لە ئابووریی کازاخستاندا دەکات، گوتی: "قەبارەی وەبەرهێنانەکانمان لە کازاخستان گەیشتووەتە نزیکەی ١٧ ملیار دۆلار. زیاتر لە ٣٠ پڕۆژەی وەبەرهێنانی هاوبەش لە بوارە سەرەکییەکانی ئابووریدا ئەنجام دەدرێت".

سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین جەختی لەوە کردەوە لەگەڵ کازاخستان گفتوگۆیان لەبارەی ئەو هەنگاوانە کردووە کە بە ئاراستەی پەرەپێدانی ژێرخانی گواستنەوە و لۆجستی هاوبەش گرتوویانەتە بەر و گوتی: "هەروەها هەوڵی ‌هەڵگرتنی ئەو سنووردارکردنانە دەدەین کە کاریگەرییان لەسەر بازرگانی و وەبەرهێنان هەیە. ئەمە بە تایبەتی لەئێستادا گرنگە. بازرگانی نێودەوڵەتیی لە قەیراندایە. رووسیا بۆ هاوردەکردن و هەناردەکردنی بەرهەمەکانی بۆ بازاڕە نوێیەکان رێوشوێنی فراوان دەگرێتە بەر".

دوای گوتارەکانیان لە کۆڕبەندەکەدا، پوتین و تۆکایەڤ لە کۆشکی کرملین دەستیان بە کوبوونەوەی دووقۆڵی کرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار